چاوپیکەوتن

10:24 - 22/03/2021

گفتوگۆیەکی ئەرشیفی لەگەڵ نەوال سەعداوی‌‌

پەیسەر

سازدانی: ئانا لوی سیوسمان

وەرگێڕانی: ساڤان عەبدولڕەحمان

نزیکەی سەدەیەک نەوال سەعداوی ژنە فێمینیست و چالاکوان بە سەری سپی و تا تەمەنی ٨٠ ساڵی، ناڕەزایەتی بەرامبەر سیستمی بەڕێوەبردنی جیهان و میصری بەتایبەتی دەردەبڕێت. وەک دکتۆرێک و نووسەرێک لەبارەی پرسە هەستیارەکانی وەک لەشفرۆشی، خەتەنەکردنی ژنان و یاسا جیاکارییە خێزانییەکان بەشێوازی ئەدەبی و فیکری دەنووسێت. گۆڤاری زە نەیشن لەگەڵ نەوال کە بە سیمۆن دیبۆڤواری میصری ناسراوە، لە زانکۆی نیویۆرک ساڵی ٢٠١١ چاوپێکەوتنێکی ئەنجامداوە و تێیدا لەبارەی بەشداری ژنان لە شۆڕشی میصریدا و میدیا جیهانییەکانەوە قسە دەکات.

ئایا بەشداری چالاکییەکانی سۆشیاڵ مێدیات کردووە لەپێناو ڕێکخستنی شۆڕشدا؟
گروپی گەنجانی زۆر هەبوون و لەگەڵ هەندێکیاندا پەیوەندیم دەبەست. پلاتفۆڕمێکیان هەبوو: بەردەوام دەهاتنە ماڵەکەم بۆ گفتوگۆکردنی فەلسەفە، ئەدەبیات و سیاسەت. بۆیە دەمزانی شۆڕشێک بەڕێوەیە، بەڵام زۆر بە وردی ئاگاداری نەبووم.
پێش ٢٥ی کانونی دووەم چەندین ناڕەزایەتی هەبوون، بەڵام بەرفراوان نەبوون. ئەوەی ملیۆنان کەسی هاندا بێنە سەرشەقامەکان کوشتنی خەڵکی ب‌ێتاوان بوو، بە کوشتنی هاولاتیان لە مەیدانی شەهیدانی میصر لەلایەن موبارەکەوە یارمەتیدەر بوو لە سەرکەوتنی شۆڕشەکە، چونکە بووە هۆی ئەوەی هێنانە سەرشەقامی ژنانی ماڵ، جوتیاران و کرێکاران.

شەو و ڕۆژت لە مەیدانی شەهیدان بەسەردەکردەوە، هیچت بیست یان بینی کە سەرسامت بکات؟
چاوەڕوانی هاتنە سەرشەقامی ٢٠ میلیۆن کەسم نەدەکرد. ئەوە خەونی منداڵیم بوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان میصرییەکان لەدژی کۆیلایەتی و داگیرکاری ڕاپەڕن. کاتێک منداڵبووم لە چەندین ناڕەزایەتیدا بەشداریمکردبوو. کاتێکیش لە زانکۆی پزیشکی بووم، لە دژی مەلیك فاروق و دواتریش دژی داگیرکاری بەریتانی و ناسر و دژی سادات کە خستمییە زیندان و دژی موبارەک کە شاربەدەری کردم ناڕەزایەتیم دەردەبڕی. هەرگیز کۆڵم نەدا. سەرەتا وەک خەون وابوون بەڵام هەنگاوێک بوون بۆ کەڵەکەکردنی شۆڕشە بچوکەکان.

بەشیکی زۆری کارەکانت تیشکخستنە سەر جۆرە جیاوازەکانی چەوساندنەوەن وەک چینایەتی، پیاوسالاری و داگیرکاری. چۆن ڕووبەڕووی ئەو هێزە داپڵۆسێنەرە دەبیتەوە؟ چۆن کەسێک ڕازی دەکەیت دەستبەرداری دەسەڵات و سامان بێت؟
نەوال: [زەردەخەنە دەکات] کەمێک ئاڵۆزە. ئەمە لەڕاستیدا خەباتی هەرکەسێکە چ لەدژی پیاوانی ناو خێزان بێت و چ لە دژی سیستمی سەرمایەداری بێت. پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە هەیە. پێم وانییە لەڕێگەی وتار و وشەوەوە ئەوانەی سەر دەسەڵات ڕازیدەکرێن. چونکە ئەوان بە هەڵبژاردەی خۆیان دەستبەرداری دەسەڵات نابن. تەنانەت بۆ خێزانیش هەمان شت دروستە. بۆیە نەخێر، دەسەڵات تەنها بە زەبری هێز لەدەبرێت. خەڵکی هێزو توانای خۆیان دەرخست بۆیە موبارەک چۆکی دادا. ئەگەر ناڕەزایەتییەکان لە چەند سەد کەسێک پێکبهاتایە، موبارەک هەرگیز لەسەر دەسەڵات لانەدەچوو. بەڵام چوونکە ٢٠ ملیۆن کەس یان باشترە بڵێین هەموو وڵات هاتبوونە سەر شەقامەکان، هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکەی لەبەردەستدا نەبوو. ناتوانیت بە لاوازی و ترسنۆکی دەسەڵات بڕوخێنیت، بەڵکو لەڕێی مەعریفە و یەکگرتنەوە دەکرێت، ئەوش چەکی بەرەی جەماوەرە.
لە خێزاندا، هەر ژنێک دەبێت دەسەڵاتی خۆی هەبێت. ئەمە ئاسان نییە و بەمانای مافی یاسایی و سەربەخۆیی ئابووری و مەعریفە دێت. زۆرینەی ژنان لە تەنیایی دەترسن، بۆیە کاتێک دەبینن ژنێک دەتوانێت بەتەنها بژی بەخۆیان دەڵێن "منیش دەتوانم ئەوەبکەم." بۆیە پێویستمان بە نمونە هەیە و من بە خۆشحاڵییەوە دەتوانم بڵێم تا ئێستا سێ پیاوم تەڵاق داوە.

چۆن ناڕەزایەتییەکان و سیستمی نوێی سیاسی کاریگەری لەسەر پەیوەندییە جێندەرییەکانی میصر دادەنێت؟
ئەمەش پرۆسەیەکی قۆناغ بە قۆناغە. سەرەتا پێویستت بە سەربەخۆیی ئابووری هەیە تاکو بتوانیت لە مێردەکەت جیابیتەوە ئەگەر بەشێوەیەکی خراپ مامەڵەت لەگەڵدا بکات. دواتر، باسەکە بە زوویی بڵاودەبێتەوە کاریگەری لەسەر ژنانیتر دادەنێت و دەستدەکەن بە خۆڕێکخستن و گفتوفۆکردن لەوبارەیەوە. پێویستی بە هێزێکی پێکەوەیی هەیە، هەر بەو هۆکارەشە هەمیشە خۆمان ڕێکدەخەین و لە پەیوەندیداین لەگەڵ خەڵک.  هەر بۆیە ژنانی یەکەمی میصر سوزان موبارەک و جیهانی سەعادەت ڕێگریان لە یەکگرتنەکانمان و یەکگرتنی ژنانی میصری دەکرد، چونکە خۆڕێکخستن هێزە.

میدیا جیهانیەکان چۆن ناڕەزایەتییەکانیان دەگواستەوە؟
دەزگا میدیاییەکان دەزگای سەرمایەدارین. خزمەت بە بەرژەوەندی کۆمپانیا گەورەکان دەکەن، بۆیە درۆ دەکەن. ناڕاستی و درۆی زۆر لەبارەی شۆڕشی میصر و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا بڵاوکرابوەوە. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆخەکە خراپتر بوو. ڕێگریم لێکرا لەوەی بە ئازادی ڕای خۆم دەربڕم، وشەکانم بە فیلتەرت کریستیان ئامانبوردا تێپەڕی و ئەو بەشانەی سڕیینەوە کە بەدڵی نەبوو. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە دیموکراسی هەقیقی لێرە بوونی نییە.

ئەوە چۆن لەلای خودی ناڕەزایان خۆی مانیفێستکردەوە؟
هەمووی درۆ و پرۆپاگەندە بوو کە پشێوی دەنایەوە. هەرچییەکیان بوێت دەیانەوێت بیکەن، لەڕێی مۆنتاژ و بڕینەوە دەتوانن پێچەوانەی ئەوە پیشان بدەن کە ڕوودەدات. بەڵام ئامرازی ڕاگەیاندنی جێگرەوە هەیە، دوێنێ بۆ ئیمی جودمان لە بەرنامەی "دیموکراسی ئێستا" و گۆڤاری "میس" و یەکێ لە گروپەکانی ژنان قسەمکرد، بێ ئەوەی هیچی لێ بسڕنەوە هەمویان بڵاوکردەوە. ناتوانین بە گشتگیری قسە بکەین، بەڵام دەبێت بزانین هەر دامەزراوەیەک لەلایەن کێوە پارەدار دەکرێت و لە بەرژەوەندی چ لایەنێکدا کاردەکات.

ئایا لیستێک ئاواتت هەیە بۆ شۆڕش؟ سیان لەو شتانە چین کە ئاواتەخوازی لەڕێی شۆڕشەوە بەدەسبێن؟
متمانەی تەواوم بە گەنجان هەیە. لە مەیدانی شەهیدان لەگەڵیاندا ژیاوم، هێشتاش لە ماڵەکەم گفتوگۆکانم لەگەڵیاندا بەردەوامە و هەمیشە لێیانەوە فێردەبم. گەورەکانی لە تەمەنی مندان دەبێت دان بەوەدابنێن کە پێویست ناکات هەمیشە ئامۆژگاری گەنجان بکەن، بەڵکو دەبێت ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەگەڵدا بکەن.

ژنان چۆن لەدوای لادانی موبارەک خۆیان ڕێکخستەوە؟
ئێمە تووڕەین. لە گشت لایەنەکانی شۆڕشدا بەشداریمان کردووە بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی شۆڕشدا تەنیا کەوتین. هەموو لیژنە دەستوورییەکان لە پیاوانی پیر پێکهاتووە، گەنجانیش تووڕەن. بەڵام دووبارە یەکگرتوویی ژنانی میصریمان بونیاد نایەوە و هەموو ڕۆژێک لە خۆڕێکخستنداین.
ئێمە بە لانیکەمەوە داوای بەشداری لە ٪٣٥ی ژنان دەکەین لە هەر لیژنەیەکدا کە پێکدەهێندرێت بۆ گۆڕینی دەستوور، لە هەموو ئاستەکانی وەک دەستوری سیکۆلار، یاسای خێزانی سێکۆلار و یەکسانی تەواو لە یاسادا.

هیچ ئامۆژگارییەکت هەیە بۆ ژنانی ڕۆژئاوا کە چۆن بەرگری لە مافەکانی ژنان بکەن لە شوێنەکانی دیکە بەبێ ئەوەی ڕێگە بدەن پرسەکە بە لاڕێدا بڕوات؟
هەمیشە وتومە کەوا پێویستمان بە پاڵپشتی جیهانی Global و مەحەللی Local پێکەوە هەیە کە دەتوانین پێی بڵێین "Glocal". ژنانی ڕۆژئاوا لەڕێی جەنگەکانیان لە دژی دەوڵەتەکانی خۆیان دەتوانن پاڵپشتی ئێمە بکەن، چونکە دەوڵەتەکانی ئەوانە دەستدەخاتە کاروبار و ژیانمانەوە لەڕێی داگیرکاری وڵاتانی دیکەوە.
کەس ناتوانێت یارمەتی کەس بدات. کەس ناتوانێت لە میصر یارمەتیمان بدات، ئێمە بە تەنها شۆڕشمانکرد و خۆمان ئازادکرد. من باوەڕم بە ڕێکخراوە مرۆییەکان یاخود یارمەتیدەرەکان نییە بەڵکو بڕوام بە پەیوەندیکردن و گۆڕینەوەی بیروڕا هەیە.

کاتێک پرۆسەی خەتەنەکردنی کچانت بە کردارێکی بەربەریانە لەقەڵەمدەدا، نەدەترسای ئەو دژ وەستاندنەوەیە لەلایەن ئەو کەسانەی دژە عەرەبن ئیستیغلال بکرێت؟
بەڵی، دەتوانرێت لە دژمان بەکاربهێنرێت و بوترێت کەوا ئێمە بەربەرین بۆیە پێویستە داگیربکرێین و بە شارستانی بکرێین. بەڵام لە ئەوروپا و ئەمریکا سەیرێکی خۆیان ناکەن، ژن لەوێ لە ڕووی دەروونییەوە خەتەنە دەکرێت. ژنانی بەئاگا دەزانن هەموومان لەسەر یەک کەشتین و لەلایەن هەمان سیستمی باوکایەتییەوە هەرەشەمان لێدەکرێت. پرسی چەوساندنەوەی ژنان پرسێکی جیهانییە.