چاوپیکەوتن

10:19 - 28/03/2021

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: لەگەڵ تورکیا جیاوازی گەورەمان هەیە‌

پەیسەر

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (Euronews)، باس لە چەند بابەتێکی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەوروپا، روسیا و تورکیا دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، ناکۆکیی گەورە و روونیان لەگەڵ تورکیا هەیە و چاوەڕوانن ئەنقەرە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاو بنێت.

(Euronews): بەڕێز وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سوپاس بۆ ئامادەبوونت لەگەڵمان. بەخێربێیت بۆ برۆکسل. دوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی (لەنێوان ئەوروپا و ئەمریکا) دەتوانن بیروڕای خۆتمان پێبڵێیت؟

ئەنتۆنی بلینکن: وەک خۆتان دەزانن، بە یەک ئامانجی گەورە ویستمان لێرە بین، ئەویش جەختکردنەوە بوو لەسەر رێککەوتنەکانمان لە چوارچێوەی ناتۆ و توندکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، گرنگترین پەیامیشمان ئەمە بوو کە ویستمان بیگەیەنین، ئەمە بەشێک بوو لە سەردانە دوو هەفتەییەکەمان، لە ژاپۆن و کۆریاوە دەستمان پێکرد و دووبارە هاتینەوە ئێرە. هەموو ئەمانەش لەپێناو پیشاندانی ئەوەدا بوو کە ئەمریکا گەڕاوەتەوە بۆ هاوپەیمانییەتی و هاوپەیمانەکانی و زۆر باشیش پێشوازیمان لێکرا.

ئەمریکا گەڕایەوە. ئەمە ئەو شتە بوو ئەم هەفتەیە ئێمەش تێیگەیشتین. لە سەردانەکانی ئەم رۆژانەی دوایتاندا زۆر باستان لە چین کرد و جەختتان لەسەر کردەوە. بۆیە پێم وایە خۆشحاڵ بوویت کە فڕۆکەکەت لە بڕۆکسل نیشتەوە، بینیتان کە کاردانەوەی چین چۆن بوو، هەروەها کاردانەوە گەورەکانی چینیشتان بۆ سزا زۆر نەرمەکانی ئەوروپا بینی، بێگومان رێککەوتنەکان لەگەڵ چین وەهای کرد پێگەی یەکێتی ئەوروپا لە پێگەی ئەمریکا نزیک بکاتەوە. بینیشمان کە ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا وتی پێکەوەبوونی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا لە دژی چین لە بەرژەوەندی ئەمریکا و ئەوروپا نییە، ئەم هەڵوێستەی ئێستاتان دەبێتە خاڵی تێپەڕاندنی ئەتڵەنتیک و نزیکبوونەوەتان لە ئەوروپا؟


لە راستیدا بابەتەکە لێرەدا دروستکردنی بەرەیەک نییە لە دژی چین. بۆ کۆنترۆڵکردن و خستە ژێر فشاری چینیش نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بەها و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمانەوە هەیە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا. یەکێک لەوانەش سیستمی جیهانی پەیوەستە بە یاسایە.

بینیمان کە باشترین رێگا بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندی و کارەکان تاکو باشترین بەرهەمی هەبێت، واژۆکردنی ئەو رێککەوتننامە و یاسا هاوبەشانەیە کە لەنێوانماندا هەن. ئامانجیشمان دڵنیابوون بوو لە بەردەوامی ئەم سیستمە هاوبەشە جیهانییە، بۆیە چین یان هەر وڵاتێکی دیکە زیان لە ئەم سیستمە بدات، بەپێی یاسا هەڵسوکەوت نەکات، ئەوا بەرپرسیارییەتی سەرشانمانە کە هەستین و بڵێین دەبێت ئەمە بکەن، ئەگەریش ئەم کارادنەوەمان پێکەوەیی بێت، بێگومان کاریگەری زیاتر دەبێت.

بەرێز بلینکن، هەفتەیەکی پڕ لە سەرقاڵیت لە بڕۆکسل تێپەڕاند، رێک لەم کاتەدا سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە پەکینە، وەک ئەوەی روسیا لەگەڵ چین لە بەرامبەر ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا هەڵوێستی هاوبەش وەربگرن. بۆچوونتان لەبارەی ئامادەیی سەربازی روسیا لە وڵاتانی بەڵتیک چییە و لەم بابەتەدا چی دەکەن؟

ئەمەی باسی دەکەن یەکێک بوو لە بابەتە گرنگەکانی ئەم هەفتەیە ناتۆ کە باسمان لێوەکرد. پێم وایە نیگەرانی قوڵ لەبارەی هەندێک دەستدرێژی و فروانخوزای روسیا هەیە.

ئەمە جگە لەوەی کە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانماندا کرا (لەلایەن روسیاوە) و بەرەوڕووی هێرشی سایبەری (Solarwinds) بووینەوە.

هێزەکانمان لە ئەفغانستان رووبەڕووی کێشە بوونەوە، پێویست ناکات باسی هێرشەکانی روسیا لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیاش بکەین. بینیمان هەوڵی کوشتن و ژەهرخواردکردنی ئەلێکسی ناڤالنی درا. ئەم رووداوانە و پێشکەوتنەکان لە بواری سیستمی چەکی نوێ تەنها بۆ ئێمە نا، بەڵکو بۆ هاوبەش و دۆستەکانیشمان بابەتی گفتوگۆ و کێشەەیە. بە بۆچوونی من هەڵوێست و رێککەوتنی هاوبەشمان لە بەرامبەر ئەو کێشانەدا هەیە کە روسیا دروستیان دەکات.

پێموایە هەموومان زۆر بە روونی دۆخەکە دەبینین، واتە خۆدەرخستنی نێو گۆڕەپانەکە و سنگ دەرپەڕاندنەکە دەبینین. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دان بەوەدا دەنێین کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان وەهامان لێدەکات کە لە چەند بوارێکدا کاری هاوبەش لەگەڵ روسیا بکەین، بۆ نموونە، ئەمریکا پەیماننامەی (New Start)ی لەگەڵ روسیا بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە درێژ کردەوە.

بواری دیکە هەیە کە پێکەوە لە بواری سەقامگیری ستراتیژی و کۆنترۆڵکردنی چەک کار بکەین، بەڵام کاتێک روسیا دەستدرێژیی دەکات، نابێتە رێگر لەبەردەم کارە هاوبەشەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە دژی ئەم دەستدرێژییانەی روسیا.

دڵنیام یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی کە ئەم هەفەتەیە قسەتان لەبارەیەوە کردووە تورکیای هاوپەیمانتان بووە. بێگومان تورکیا ئەندامێکی زۆر گرنگی ناتۆیە و لە روسیاشەوە چەکی بەرگری دەکڕێت (ئێس ٤٠٠)، ئەم هەنگاوەی تورکیا ئەگەر کەمیش بێت ناسەقامگیری ناخاتە ناو ئەم هاوپەیمانییەتان لەگەڵ تورکیا؟

لە ئەم بابەتەدا جیاوازی گەورەمان هەیە و ئەمەش نهێنیی نییە، کاتێک لەگەڵ هاوتا تورکییەکەمدا (مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا) کۆبوومەوە، بە راشکاوی ئەمەم پێوتووە، هاوپەیمانەکانی دیکەش ئەمەیان پێوتووە.

تورکیا لە رووبەڕووبوونەوەی سوریا و تیرۆر و چەند ئامانجێکی دیکە لەگەڵ ئێمە کاری کردووە، ئەوەش راستە کە تورکیا هاوپەیمانێکە کە ماوەیەکی زۆرە کاری پێکەوەیی دەکەین، لەبەرئەوە بەبێ ئەوەی چاو لە کێشە و جیاوازیی بۆچوونەکانمان بپۆشین، لە کاری هاوبەش بەردەوام دەبین.

هەر لەبەرئەمەشە کە لەگەڵ تورکیا پەیوەندی راستەوخۆ دروست دەکەین، کۆبوونەوەی زۆر راشکاو، روون و ئەرێنیمان هەیە و بەهیوام تورکیا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی دروستی کردووە هەندێک هەنگاو بنێت، لەوانەش بابەتی ئێس ٤٠٠.

بە بۆچوونی ئێوە گوێ دەگرن (تورکەکان)؟ بەتایبەت کە بابەتی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ناسەقامگیری ئەم ناوچەیە هەیە کە بابەتێکی پڕ لە نیگەرانییە. پێم وا نییە بتانەوێت ئەم بابەتە بە تەنها چارەسەر بکەن و دەتانەوێت ئەوروپاش بێتە ناو ئەم بابەتەوە، لەم بارەیەوە پەیامتان چی بوو؟

لە راستیدا ئێستا وا دەبینین کە ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کەم دەبنەوە. پێم وایە ناتۆ رۆڵێکی زۆر باش لە چارەسەرکردنی ئەم نالێکتێگەیشتنە دەبینێت و هەوڵ دەدات لایەنەکانی ئەم ناکۆکییە هەنگاوی خارپ نەنێن، بۆ نموونە وا ماوەیەکە تورکیا و لایەنەکانی دیکەش کەشتییە سەرچاوە دۆزەرەوەکانیان رەوانەی ئەو ناوچە ئاوییانە ناکەن کە بە هی خۆیانیان دەزانن.

ئەم جیاوازییانە پێویستیان بە چارەسەرێکی ئاشتیانەیە کە هاوتای یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت. لە راستیدا حەقە ناکۆکییەکان لەسەر سەرچاوە سروستییەکان وڵاتەکان لە دەوری یەکتر کۆبکاتەوە و نزیکیان بکاتەوە، حەقە بەکارهێنانی هاوبەش، وەبەرهێنانی هاوبەش و پێکەوە کارکردن ئەم وڵاتانە کۆبکاتەوە، ئومێدی ئێمەش روودانی ئەم پێکەوە کارکردنەیە.

بێگومان هەندێک بابەتی دیکە هەیە کە لە کردنەوەی پەیوەندییە نوێیەکاندا نیگەرانیسازن. ئەم هەفتەیە سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لە لوتکەی برۆکسل کۆبوونەوە و جۆ بایدنیش بە ڤیدیۆ کۆنفرانس و وەک میوان بانگهێشت کرا. خۆشتان دەزانن ئێستا ئەوروپا لە قەیرانی پێکوتەی دژە کۆرۆنادایە و لە هەر ٢٧ وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا قەدەغەی هاتوچۆ و رێکارەکان زیانێکی گەورەیان لە ئابووری ئەو وڵاتانە داوە.

ئەمە لە ئەمریکا بابەتێکی مێژووییە بۆ هەموومان، نیو ملیۆن کەسمان بەهۆی ئەم پەتایەوە لەدەستداوە. ئەو روخان و سەختی و کاریگەرییە قوڵە دەزانم کە ئەم پەتایە لەسەر هاوڵاتیانی ئەمریکا دروستی کرد. تەماشا بکەن، ئێمە هەوڵمان دا کە ببینە رابەر و هاوبەشێکی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا. نزیکەی ١٠ رۆژ پێش ئێستا، لەگەڵ ئوسترالیا، ژاپۆن و هندستان واژۆمان لەسەر هەوڵێك کرد بۆ زوو بەدەستهێنانی پێکوتە و تەرخانکردنی. پێکوتەمان بۆ مەکسیک و کەنەدای دراوسێمان نارد و لە هەفتەکانی ئایندەشدا لە ئەم هەوڵانە بەردەوام دەبین.

وەرگێڕان؛ پەیسەر