چاوپیکەوتن

10:21 - 01/04/2021

دەمیرتاش: ئاک پارتی لەنێو شێوان، ترس و تۆقیندایە‌

پەیسەر

رۆژنامەی یەنی یاشامی نزیک لە هەدەپە، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەنجام دا، دەمیرتاش چەند بۆچوونێک لەبارەی دۆخی ئێستا، ئایندە و رابردووی تورکیا دەخاتە روو.

یەنی یاشمام؛ با ئەمجارە ئێمە بپرسین، باشن؟

سەڵاحەدین دەمیرتاش: باشم، بەردەوام هەوڵ دەدەم ئاگاداری خۆم بم، وەک هەموو بابەتەکانی دیکە، وەک چۆن بەرپرسیارییەتیمان بەرامبەر گەل جێبەجێدەکەین، بە هەمان شێوە هەوڵ دەدەین باری تەندروستیمان رێکبخەین.

کاتەکانت چۆن تێدەپەڕێت، چی کتێبێک هەیە بینووسیت یان بیخوێنیتەوە؟

لەناو زیندان شتانێکی زۆر نین بیانکەیت، بۆیە بەردەوام دەخوێنینەوە و دەنووسین. دواین جار رۆمانی (قەڵای دمدم)ی (Erebê Şemo) و رۆمانی (ماسیفرۆشی هالیکارناس)ی (Aganta Burina Burinata)م خوێندەوە.

رۆمانێکی نوێم هەیە و لە تەواوبووندایە، دواین رێکخستنەوە و پێداچوونەوەم ماوە بۆی بکەم، رەنگە تاکو وەرزی پایز بڵاوببێتەوە.

لە ناوەوە (زیندان) دەرەوە (ژیانی دەرەوە) چۆن دەبینرێت؟

کاتێک فشارەکان، پەتای کۆرۆنا و هەژاری تێکەڵ دەبن، لە راستیدا دەردەکەوێت دەرەوە زۆر خراپە. هەستی پێدەکەم کە هەموو کۆمەڵگا لە تەنگ و چەڵەمەدایە.

لەم تابلۆیەدا (دۆخی ئێستای تورکیا) بەرپرسیارییەتی گەورە دەکەوێتە سەر شانی سەرکردە سیاسییەکان. بەتایبەت ئۆپۆزسیۆن کە پێویستە هەموو کاتژمێر و هەموو رۆژێک بوێری و هیوا بە کۆمەڵگا بدات. ئەم کارەش بە دوو رێگا دەکرێت؛ بەرهەمهێنانی پێشنیاری چارەسەری تەواو و بەرجەستە، دووەمیش پێکەوە خەبات کردنە.

بەردەوام بە ناوی هاوپەیمانی دیموکراسی باس لە یەکگرتوویی ئەو هێزانە دەکرێت کە داوای دیموکراسی دەکەن، بە کورتی کامانەن ئەو بنەمایانەی ئەم هێزانە دەتوانن لە دەوروی کۆببنەوە؟ کامانەن ئەو هێزە سیاسیی و کۆمەڵایەتییانەی دەتوانن لە ناو ئەم هاوپەیمانییەتەدا بن؟

لە راستیدا کەس نییە بنەما گەردوونییەکانی دیموکراسی نەزانێت، تەنانەت دەتوانین بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی لەناو چەند مادەیەکدا جێبکەینەوە. من بە کورتی دەتوانم بەم جۆرە بیانژمێرم؛

یەکەم؛ نوێنەرایەتی بەهێز و شێوازی بەڕێوەبردنی دیموکرات (سیستمی پەرلەمانیی پتەوکراو).

دووەم؛ ئاڵایەکی بێلایەن و سەربەخۆ.

سێیەم؛ هەڵبژاردنی ئازاد و گەرەنتیکردنی ئازادی ڕا دەربڕین، خۆپیشاندان، رێکخستن و میدیا.

چوارەم؛ لە دامەزراندندا، جگە لە شیاویی، هیچ بنەمایەکی دیکە بە هەند وەرنەگیردرێت.

پێنجەم؛ سەرپێخستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە رێگەی خۆ بەخاوەنکردنی بنەما سەرەکییەکانی کۆمارییەت و دانانی دەستورێکی مەدەنی و دیموکراسی.

پارت سیاسی، رێکخراوە دیموکراسی، گروپە پیشەیی، سەندیکا و رێکخراوە ژینگەییەکان دەتوانن لە دەوری یەکتر کۆببنەوە و بڵێن، "ئێمە هاوپەیمانی دیموکراسی رادەگەیەنین. پێکەوەش بۆ ئەم بنەمایانە خەبات دەکەین و لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا گونجاوترین پێکەوە بوون هەڵدەبژێرین". ئەمە ئومێدێکی نوێ بۆ سەرجەم کۆمەڵگا دەهێنێتە ئاراوە و رێگاش بۆ هاوپەیمانییە سیاسییەکانی ئێستا خۆش دەکات کە مۆدێلێکی جوڵاوی هاوپەیمانی بهێننە ئارا.

بە بۆچوونی من، ئەگەر بەرەی نەتەوەپەرست (مەبەستی ئیی پارتی و ئاکشەنەرە)، بە مکوڕییەوە بەردەوام بن لەوەی کە رێگربن لەبەردەم هاوپەیمانی دیموکراسی، ئەوا لەم دۆخەدا رەنگە بە رابەرایەتی هەدەپە سێیەم هاوپەیمانییەتی بە ناوی "هاوپەیمانی دیموکراسی" رابگەیەنرێت. هەموو ئەو لایەنانەشی کە بڕوایان بەو بنەمایانە هەیە کە من لە سەرەوە کورتم کردنەوە، لە ناو ئەم هاوپەیمانییەتییەدا جێگایان دەبێتەوە.

گفتوگۆ و بابەتی داخستنی هەدەپە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

لە راستیدا ئەمە شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە. روون بوو کە لەژێر فشاری پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و بە پشتیوانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دۆسیەی داخستنی هەدەپە دەکرێتەوە. ئەمە بابەتی پێش هەڵبژاردنە و دۆسییەکی تەواو سیاسییە. ئەگەر دادگای دەستوری بەپێی یاسا مامەڵە بکات، ئەوا دەبێت بێگەردیی هەدەپە بسەلمێنێت.  ئەگەریش بەهۆی ئەوەی کە بەشێک بووە لە پڕۆسەی ئاشتی، ئەوا پێویستە لەگەڵ هەدەپەدا، ئاک پارتیش دابخرێت، چونکە شاندی هەدەپە لەسەر داواکاری و بە پشتیوانی ئەردۆغان و حکومەت سەردانی قەندیل و ئیمراڵییان کردووە.

لە راستیدا ئەوەی لەگەڵ پەکەکە و ئۆجەلاندا کۆبووەتەوە، ئێمە نەبووین، بەڵکو خودی ئەردۆغان بوو. ئێمە لەنێوان لایەنەکانی گفتوگۆدا ئاسانکار بووین و پێشنیاری خۆشمان بۆ چارەسەر پێشکەشی هەردوو لایەن کرد (حکومەت لەلایەک و قەندیل و ئیمرالی لەلایەکی دیکە). ئێمە نە لایەنی گفتوگۆی قەندیل بووین نە هی ئیمرالی، بەڵکو ئەوە خودی حکومەت و ئەردۆغان بوون کە لایەنی رەسمی گفتوگۆ بوون لەگەڵ قەندیل و ئیمرالی.

جگە لە گفتوگۆی ئۆسلۆ و ئیمرالی لەنێوان حکومەت و پەکەکدا، حکومەت و دەوڵەتی تورکیا زیاتر لە ١٠ جار گفتوگۆیان لەگەڵ پەکەکەدا کردووە. لە ناو ئەم هەموو گفتوگۆیانەدا هەدەپە نە بوونی هەبووە و نە خاوەن زانیاری بووە. واتە لە ناو زیاتر لە ١٠ گفتوگۆدا، هەدەپە تەنها لە یەک دانەیاندا بەشدار بووە کە دواەینشیان بووە. ئێمە هیچکام لەو گفتوگۆیانە بە هەڵە و تاوان نابینین، بۆیە تاوانبارکردنی هەدەپە بەم هۆیەوە بە دووڕوویی، بێڕەوشتیی و بێبنەما دەبینین.

دژی گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانەکاندا مانگرتن راگەیەندراوە، لەبارەی گۆشەگیرکردنی ئۆجەلانەوە چی پەیامێکت هەیە بۆ کۆمەڵگا؟

گۆشەگیرکردن هەم هۆکاری بێچارەسەرییە و هەم دەرئەنجامی بێچارەسەریی. بە داخەوە تاکو گۆڕانکاری لە سیاسەتی حکومەت بەرامبەر کورد نەیەتە ئاراوە، بابەتی گۆشەگیریش ناگۆڕێت. ئەگەر تەماشای سیاسەتی ئەمڕۆی دەسەڵات بکەین، دەبینین تاکو دێت دۆخەکە خراپ و رەقتر دەبێت. دەشکرێت وەک سوپرایزێک لە ماوەی کەمی داهاتوودا پارێزەرەکان یان خێزانەکەی ئۆجەلان رێگەیان پێبدرێت سەردانی دورگەی ئیمرالی بکەن. (ئەم چاوپێکەوتنەی دەمیرتاش پێش گفتوگۆی تەلەفۆنی محەمەد ئۆجەلان و عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجام دراوە، واتە پێشبینییەکەی دەمیرتاش راست دەرچوو).

مانگرتنەکانی ناو زیندان لە دژی گۆشەگیری سەر ئۆجەلان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە سەختتر بووە و بە داخەوەش ئەم بابەتە جگە لە خێزانی بەندکراوەکان لای کەس گرنگ نییە. دەبێت کۆمەڵگا هۆشیار بێت بەم بابەتە و دەبێت کۆتایش بەم گۆشەگیرکرنە نایاسییە بهێنرێت.

دەکرێت حکومەت لە بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بوەستێت؟ ئەگەر دەسەڵات بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ نەکات، باجەکەی بۆ تورکیا چی دەبێت؟

بێگومان ئەوەتا جێبەجێی ناکات، ئەمانە نە یاسا دەزانن و نە ئەخلاق. نازانین حکومەت چی دەکات، بەڵام سورین لەسەر بەرەوڕووبوونەوەی فشارەکانی سەرمان. گەورەترین باج ئاک پارتی لەسەر سندوقی دەسەڵات و لەلایەن خەڵکەوە بەسەریدا دەسەپێنرێت، (واتە ئاک پارتی باجەکەی دەدات).

لە کۆتاییدا پەیامت بۆ خەڵک چییە؟

خەڵکەکەمان ناڕەحەتی زۆریان چەشت و ئێستاش بەردەوام دەیچێژن. هەستیشی پێدەکەم کە تاکو دێت بارودۆخەکە زەحمەتتر دەبێت. بەڵام با هەموان لەوە دڵنیا بن کە ئاک پارتی لە حاڵەتی شێوان و دابەشبووندایە. دەسەڵات لە لاوازترین کاتی خۆیدایە. با کەس بە گرمە گرم و هەرایان نەخەڵەتێت، ئاک پارتی لەناو ترس و تۆقیندایە.
بەتایبەت گەنجان دەبێت بوێر و دڵخۆش بن و ئەم بوێری و دڵخۆشییەش لە هەموو شوێنێکدا دەربخەن و بوێری بڵاوبکەنەوە.

سڵاو و خۆشەویستیم بۆ هەموو خەڵک و کەسانی ناو میدیای ئازاد دەنێرم، بەتایبەت گەنجان و ژنان.