چاوپیکەوتن

09:36 - 06/04/2021

" هەموو ئاهەنگەکان و هەموو مەراسیمەکان کاریگەری خۆیان هەبووە لەسەر مەسەلەی بڵاوبوونەوەی ڤایڕەسی کۆرۆنا دەکرا حکومەت خۆی ڕێگری بکردایە "‌

پەیسەر

د.هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت " ئەم پرسیارە زۆر دەکرێت و زۆر دووبارە دەبێتەوە کەئایا بۆچی بەرپرسانی باڵای هەڕێم لەسەر شاشەی تیڤیەکانەوە هاوشێوەی سەرۆکی وڵاتانی تر ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا بەکارناهێنن بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوڵاتیانی هەرێم؟! بەڵام کەسێک تائێستا جورئەتی ئەوەی نەکردووە لەخودی خۆیان ئەو پرسیارە بکات هیوادارم ئەوان خۆیان وەڵامیان هەبێت بۆ ئەو جۆرە پرسیارانە، دەشڵێت "وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن بەرپرسانەوە کاریگەری باشی دەبێت لەسەر دڵنیایی کردنەوەی خەڵک سەبارەت بەڤاکسینەکان، لەو ڕووەوە وتی" بەدڵنیاییەوە کاریگەری زۆر زۆرە لەسەر دڵنیایی کردنەوەی خەڵک و ڕەواندنەوەی گومانی خەڵک لەوبارەیەوە خۆ ئەو وڵاتانە لەخۆیانەوە سەرۆکەکانیان یاخود بەرپرسە تەندروستیەکانیان لەخۆڕایی ئەم ڤاکسینە بەکارناهێنن لەبەرچاوی خەڵک و لەبەرچاوی کامێرا، ئەمە یەکەم بۆ دروستکردنی متمانەیە، دووەم بۆ ئەوەیە کەهانی خەڵک بدات خەڵکی بەکاری بهێنن بێ ترس و دڵەڕاوکێ."

"دابینکردنی ڤاکسین مەرکەزییە و لەدەست دەسەڵاتی حکومەتی عێراقیە"
لەسەرەتای وتووێژەکەدا جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند" دابینکردنی ڤاکسین مەرکەزییە و لەدەست دەسەڵاتی حکومەتی عێراقیە وەکو خۆی کەبڕیاروایە ئەو پشکەی دەیکڕێت 20% دابین بکات بۆ هەرێمی کوردستان، وە حکومەتی هەرێمیش وابڕیارە کەبەحساب بودجەیەک دابینکراوە بۆ کڕینی ڤاکسین بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە ڕاستە پرۆسەکە لەبەر ئەوە خاوە چونکە بۆ ڤاکسینەکان لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیایەک گرێبەست کراوە بەتها یەک کۆمپانیا نییە، کۆمپانیاکانیش بەهۆی ئەوەی بیانوی ئەوەیان هەیە ئاستی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە بۆ هەموو جیهانە لەبەرئەوە حکومەتی عێراق ئەو بەشەی کەبەریدەکەوێت دەبێت قۆناغ بەقۆناغ وەریبگرێت نەک هەمووی بەسەریەکەوە بۆیە جگە لەوەی(Sinopharm-سینۆفارمی) چینی کەبەدەستمان گەیشت بەشێوەی هاوکاری هاتبوو بۆ حکومەتی عێراقی، وە بەهەمان شێوەش چوار هەزاری بەر هەرێمی کوردستان کەوت دوای ئەوە پرۆسەی کڕینی ڤاکسین لەشێوەی گرێبەست لە(AstraZeneca ئەسترازینکای) بەریتانییەوە دەستی پێکردووە کە خۆی لەخۆیدا هەموو هەرێمی کوردستان 43 هەزار و 800 ژەمی ڤاکسینی بەرکەوتووە لەو بڕەش 16 هەزار و 500 ی بەر سلێمانی کەوتووە."
دەربارەی دابینکردنی ڤاکسین بۆ کارمەندانی تەندروستی؟ د.هێرش سەید سەلیم ڕوونیکردەوە" ئەگەر ئێمە بەراوردێک بکەین بەژمارەی کارمەند و ئەوانەی لەناوەندەکانی تەندروستی کاردەکەن لەگەڵ ئەو بڕی ڤاکسینە بەدڵنیاییەوە دەڵێم ئەو بڕە ڤاکسینە بەتها بەشی ناوەندە تەندروستیەکان ناکات یاخود دەتوانم بڵێم سەربەسەر لێی دەردەچین چونکە لەوەدەچێت ژمارەی کارمەندانی تەندروستی هەرێمی کوردستان بڕێک لەوەش زیاتر بێت بەڵام ئێمە بەڕاستی نایشارینەوە ئەو بڕە ڤاکسینەی کەهاتووە یەکەم ماوەی بەسەرچوونی نزیکە، وە بڕەکەشی بەو شێوەیەیە ئێستاش شتێک دروستبووە لەسەر مەسەلەی ڤاکسین کەزۆر دڵنیانیین لەو ڤاکسینە."

"هێشتا لەکوردستان هیچ حاڵەتێکی کاریگەری نەرێنی ڤاکسینەکەمان بەدینەکردووە "
دەربارەی دەنگۆکان لەسەر کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا ڤایرەس؟ د.هێرش سەید سەلیم دەڵێت" بەڕاستی مەسەلەی یەکلاکردنەوەی کاریگەری نەرێنی ئەم ڤاکسینە یاخود کاریگەری لاوەکی ئەم ڤاکسینە هێشتا لەهەرێمی کوردستاندا هیچ حاڵەتێکی وامان بەدینەکردووە هەتا ئێمە بڵێین کاریگەری ئەم ڤاکسینە خراپە، ئەوەی کەدەوترێت بەحساب لەهەندێک وڵات تێبینی کراوە و دەبێتەهۆی مەسەلەی خوێن مەین، وەکو وتم ئەو بڕە ڤاکسینەی بەکارمان هێناوە لەهەرێمی کوردستان لەسنوری پارێزگای سلێمانی هەتا ئێستا هیچ کەسێک سکاڵای لەسەر ئەوە نەبووە کەئەم ڤاکسینە دەقاو دەق دەبێتە هۆکاری خوێن مەین و ئەمانە، ئەمە ئایندە دیاریدەکات هەتا ژەمی دووەمیش وەردەگرن بۆیە ئێمە ئێستا لەلایەن خۆمانەوە بەڕاستی دەمانەوێت تەنانەت کارمەندان و پزیشکانیش بەدەم ئەم ڤاکسینەوە بچن چونکە دەرکەوتووە تاکە ڕێگەی لاوازکردنی شەپۆلی کۆرۆنا تەنها ڤاکسین یاخود ئەوەیە بەرگریەکی گشتی دروست بێت."

"ڤاکسین - هۆکارێکی یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەو ژمارەیەی کەتووشیش بوون بەهۆی کۆرۆناوە بەرگرییەکی گشتی دروست ببێت "
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەوەشی وت" بەڕاستی لەپێشووشدا نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی بڵێین بەرگری گشتی بەتەواوەتی دروست بووە بۆیە پرۆسەی ڤاکسین - پێکوتە هۆکارێک دەبێت یاخود یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەو ژمارەیەی کەتووشیش بوون بەهۆی کۆرۆناوە بەرگرییەکی گشتی دروست ببێت، ڤاکسین خۆی لەخۆیدا لەهیچ شوێنێکدا بەرگری تاسەر نییە واتە هیچ ڤاکسینێک بۆ هیچ نەخۆشییەک و هیچ ڤایڕەسێک تاسەر نییە."
"ئەوەی کەدەوترێت لەم ڤاکسینەدا بۆ شەش مانگە و دوای شەش مانگ دەبێت دوبارە پرۆسەی ڤاکسین دیسان دەست پێ بکاتەوە بەڵام گرنگە ئێمە لەو ماوەیەدا بتوانیین کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکەین چونکە کەڤاکسین کەوتە بازاڕەوە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و بەردەوام بەرهەم هێنرا ئەوکاتە دەتوانم بڵێم بەرگرییەکە بەشێوەیەکی باشتر یاخود پرۆسەکە بەشێوەیەکی باشتر بەڕێوە دەچێت، وە زۆرینەی خەڵک دەتوانن بەئاسان دەستیان بکەوێت."د.هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وایوت"

"ئایا بەرپرسانی باڵای هەرێم ڤاکسینەکەیان بەکارهێناوە؟ "
د.هێرش سەید سەلیم لە وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا باسی لەوەشکرد بۆچی لەهەرێمی کوردستان هیچ بەرپرسێکی باڵا لەسەرۆکی هەرێم یا سەرۆکی حوکمەت و بەرپرسانی تر نەبینران لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە وەک یەکەمینی کەسەکان ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا ڤایرەس وەرگرن؟ لەوبارەیەوە د.هێرش وتی" خۆی پێویستە ڕاگەیاندن ئەم پرسیارە ئاراستەی خودی ئەو کەسانە خۆیان بکات کەئایا بۆچی بەکاریان نەهێناوە؟! متمانەیان بەڤایڕەسەکە نییە!؟ یان خۆیان ئەوەندە پارێزراون تووش نابن!؟ بەڵام کێ دەڵێت بەکاریشیان نەهێناوە!؟ لەوانەیە ئێستا هەیە لەو وڵاتانەی دەوروبەر بەپارە ڤاکسین وەردەگرێت چونکە ئێستا خەریکە پرۆسەی بڵاوبوونەوەی ڤاکسین بەبازرگانی دەکرێت لەبەرئەوە بۆی هەیە بەکاریان هێنابێت بەڵام لەوانەیە نەبێت ئەو جۆرە بێت یاخود ئەوان واهەست دەکەن زیاترپارێزراون لەمەسەلەی ڤاکسین یاخود متمانەیان پێی نییە لەو ئەگەرانە زیاتر نییە."
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وتیشی" ئەم پرسیارە (ئایا بۆچی بەرپرسانی باڵای هەڕێم لەسەر شاشەی تیڤیەکانەوە هاوشێوەی سەرۆکی وڵاتانی تر ڤاکسینی دژ بەکۆرۆنا بەکارناهێنن؟! بۆ دڵنیایی بەڕاستی زۆر دەکرێت و زۆر دووبارە دەبێتەوە بەڵام کەسێک تائێستا جورئەتی ئەوەی نەکردووە لەخودی خۆیان ئەو پرسیارە بکات هیوادارم ئەوان خۆیان وەڵامیان هەبێت بۆ ئەو جۆرە پرسیارانە."
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەوەشی وت" بەڵام گرنگە ئەوەیە ئێمە بتوانیین خەڵک ڕابهێنیین لەسەر مەسەلەی ڤاکسین، گرنگ ئەوەیە بتوانیین گیانی ئەوانە بپارێزین یەکەم زیاتر لەخەتی پێشەوەدان بۆنموونە ئەو لەشکرە سپیەی لەناو ناوەندەکانی تەندروستیدان، دووەم ئەو خەڵکەی کەنەخۆشی درێژخایەنی لەگەڵدایە یان بەتەمەنەکان، واتە ئێمە بتوانیین گیانی ئەوانە بپارێزین دڵنیام ئەوانی تر خۆیان پارێزراو دەبن."

"وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن بەرپرسە باڵاکانەوە کاریگەری زۆر زۆرە "
د.هێرش سەید سەلیم جەختی لەوەکردەوە وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن بەرپرسانەوە کاریگەری باشی دەبێت لەسەر دڵنیایی کردنەوەی خەڵک سەبارەت بەڤاکسینەکان، لەو ڕووەوە وتی" بەدڵنیاییەوە کاریگەری زۆر زۆرە لەسەر دڵنیایی کردنەوەی خەڵک و ڕەواندنەوەی گومانی خەڵک لەوبارەیەوە خۆ ئەو وڵاتانە لەخۆیانەوە سەرۆکەکانیان یاخود بەرپرسە تەندروستیەکانیان لەخۆڕایی ئەم ڤاکسینە بەکارناهێنن لەبەرچاوی خەڵک و لەبەرچاوی کامێرا، ئەمە یەکەم بۆ دروستکردنی متمانەیە، دووەم بۆ ئەوەیە کەهانی خەڵک بدات خەڵکی بەکاری بهێنن بێ ترس و دڵەڕاوکێ، ئێستا وایلێهاتووە مەسەلەی ئەم ڤاکسینانە زۆربەیان ڕیکلامی خراپیان بەرامبەر دەکرێت ئیتر نازانیین هۆکارەکەی هۆکاری سیاسیە، هۆکاری بازرگانییە، هۆکاری زانستییە تائێستا یەکلایی نەبۆتەوە، ئایندە دیاریدەکات کەبەڕاستی ئەم ڤاکسینانە کامیان کاریگەرە و کامیان کاریگەری لاوەکی یاخود نەرێنی هەیە بۆسەر تەندروستی مرۆڤ بەگشتی بەهەرجۆرێک لەجۆرەکان بێت بەکارهێنانی ڤاکسین هۆکارێکە بۆ مەسەلەی خۆپاراستن لەزۆربەی ڤایڕەس و نەخۆشیەکان."

" ئێستا ڤیستیڤاڵی خێڵ و ئەوانەشی هاتۆتە سەر ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ زیادبوونی ژمارەی تووشبوون بەکۆرۆنا "
د.هێرش سەید سەلیم لەسەر تەشەنەسەندنی ڤایرەسی کۆرۆنا لەئێستادا لەهەرێمی کوردستان وتی" ڕێژەی توشبوون بەکۆرۆنا هۆکاری زۆرە خودی ڤایڕەسەکە خێرایی بڵاوبوونەوەی زیاترە لەو ڤایڕەسەی پێشووتری کۆرۆنا خۆی کە هەبووە، هۆکاری دووەمیشیان بەڕاستی بابەتی خۆپارێزییەکەیە لەهەموو خاوبوونەوەیەکی شەپۆلەکاندا وادەکات خەڵکیش سارد ببێتەوە لەسەر مەسەلەی خۆپارێزی بۆنموونە ئێمە بەشەپۆلێکی زۆر قورسدا تێپەڕین لەهەموو دنیاشدا وایە خەڵک هیلاک بوو بەدەست بابەتی خۆپارێزی و بەرگری لەخۆکردن لەمەسەلەی ڤایڕەسی کۆرۆنا بۆیە ئێستا مەسەلەی خۆپارێزی بووە بەمەسەلەیەک زۆر گرنگی پێنەدرێت و خەڵکی زۆر بەدەم مەسەلەی خۆپارێزییەوە نەچن ئەمە هۆکارێکە لەهۆکارەکان کەواتە هۆکاری ڤایڕەسەکە خۆیشی و خودی تاکیش وایکردووە کەئەم پرۆسەیە بەو شێوەیە بڕوات و خێرایی بڵاوبوونەوەکەشی زۆر زیاتربێت جگە لەوەش لەهەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەم وەرزەدا کەوەرزی بەهار و گەشت و نەورۆز و کۆمەڵێک بۆنەی ئاینی و نەتەوەیی و ڕۆشنبیری و سیاسی و کلتوری و کۆمەڵێک شت هەیە دێتە پێشەوە ئێستا ڤیستیڤاڵی خێڵ و ئەوانەشی هاتۆتە سەر ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ زیادبوونی ژمارەی تووشبوون بەکۆرۆنا."

" هەموو ئاهەنگەکان و هەموو مەراسیمەکان کاریگەری خۆیان هەبووە لەسەر مەسەلەی بڵاوبوونەوەی ڤایڕەسی کۆرۆنا دەکرا حکومەت خۆی ڕێگری بکردایە "
د.هێرش سەبارەت بەمەراسیم و کۆبونەوەکانی ماوەکانی ڕابردوو کە لەبۆنە جیاوازەکاندا لەهەرێمی کوردستان ئەنجامدران دەڵێت" هەموو ئاهەنگەکان و هەموو مەراسیمەکان کاریگەری خۆیان هەبووە لەسەر مەسەلەی بڵاوبوونەوەی ڤایڕەسی کۆرۆنا بەڵام ئەمە هەر خۆی لەخۆیدا بێ متمانەییەک هەیە لەناو خەڵک لەسەر ئاستی مەسەلەی خۆپارێزی بۆ کۆرۆنا لەگەڕی یەکەمدا خەڵک ئەمەی لای دروستبوو، وە ئەمە هێشتا ماوەتەوە لەناخی تاکی کوردیدا بۆیە دەتوانم بڵێم ڕاگەیاندنەکان خۆشیان بەڕاستی زۆر جوان کاریان نەکردووە لەسەر مەسەلەی برەودان بەهەڵمەتی خۆپارێزی زیاتر برەودان بووە بەمەسەلەی ئەوەی ئامارەکان تاچەند بەرزبوونەتەوە و ژمارەی گیانلەدەستدان چۆن زیادیکردووە لەزۆر شوێندا ڕووماڵی کۆمەڵێک ڤیستیڤاڵ و شتیان کردووە ئەمانە وایکردووە ببێت بەچاولێکەری کە لەزۆر شوێندا مەسەلەی بڵاوبوونەوە و قەرەباڵغی و ئەوانە ببێت بەمۆدێل بۆیە دەکرا حکومەت خۆی ڕێگری بکردایە لەم جۆرە ڤیستیڤاڵانە یاخود لەژێر ڕێکاری خۆپارێزی چڕوپڕدا بووایە. "
د.هێرش ئەوەشی وت" ئاهەنگەکانی نەورۆز سەد لەسەد کاریگەری هەبووە ئەوەش بەرهەمەکەیەتی کەئێمە لە 18-3 وە ئامارێکمان بڵاوکردەوە بۆ 28- 3 ژمارەکان دووهێندە لەماوەی 10 ڕۆژدا زیادیکرد ئەمە ئەوە دەردەخات کەئەمجۆرە کۆڕو کۆمەڵ بەستنانە کاریگەری هەبووە بەوەی خەڵک خۆپارێزی نەکردووە ئەگەرنا لەشوێنێکدا قەرەباڵغیش هەبێت بەڵام خۆپارێزی هەبێت بەدڵنیاییەوە بەوشێوەیە بڵاونابێتەوە."

 

سەرچاوە: VOA