چاوپیکەوتن

10:56 - 12/04/2021

" پێویستە لەئێستادا کەسە ناودارەکانی کۆمەڵگە لەپێش خەڵکانی تر بچن خۆیان ڤاکسین وەربگرن "‌

پەیسەر

د.خاڵس قادر ڕاوێژکاری تەندروستی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و پزیشکی پسپۆڕ لەم وتووێژەدا باس لەڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن بەهۆی تەشەنەنسەندنی کۆرۆناوە دەکات هەروەها باسیش لەهۆکارێکی تری تەشەنەسەندنی کۆرۆنا دەکات لەهەرێم کە بەشێک لەخەڵکی دیاری کۆمەڵگا و پلەباڵا پابەندی ڕێنماییەکان نابن تەنانەت تائێستا ئامادەنەبوون ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن بۆ ڕەواندنەوەی دوو دڵی هاوڵاتیان لەسەر ئەو ڤاکسینانەی دژی کۆرۆنا."

"ئەوەی وامان لێدەکات لەئێستادا بەپێویست بزانرێت پرۆسەی خوێندن ڕابگیرێت "
لەسەرەتای وتووێژەکەدا د.خاڵس قادر دەربارەی لایەنی تەندروستی بڕیاری درێژکردنەوەی داخستنی ناوەندەکانی خوێندن لەهەرێمی کوردستان وتی" وەکو لایەنی تەندروستی، لەبەرئەوەی ئێستا بەردەوام ژمارەکە ڕوو لەزیادبوونە، وە پابەندبوون نییە لەئێستادا باشترە پڕۆسەی خوێندن ڕابوەستێت هەتا ئەوکاتەی دێتە ژێر کۆنتڕۆڵ و حاڵەتەکان کەمتردەبنەوە لەبەرئەوەی بەداخەوە هەتا ئێستاش نەمامۆستایان و نەبەشێکی زۆر لەخوێندکاران پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی نابن لەبەرکارهێنانی ماسک تەناتەت ئێستا پۆلی دوانزەکان ڕێگەیان پێدراوە تەنها تاقیکردنەوە دەکەن لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا وەکو پێویست پابەندی ڕێنماییەکان نین ئەوە وامان لێدەکات بەپێویست بزانرێت پرۆسەی خوێندن لەئێستادا ڕابگیرێت هەتا ئەوکاتەی شەپۆلەکە هێواشتر دەبێتەوە و ژمارەکە کەمتردەبێتەوە."

" پەنابردنە بەر ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن ناچارییە "
د.خالس ئەوەشی وت" پەنابردنە بەر ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن بەڕاستی ناچارییە ئەگەر هاتوو پابەندبوون هەبێت پێویست بەوەناکات ناوەندەکانی خوێندن ڕابگیرێت بەڵام هەتا ئەوکاتەی خەڵک پابەنددەبن و ئەو وشیارییە زیاتر دەبێت ئەوکاتە پێویست بەوە دەکات بەداخەوە دەبێت پرۆسەی خوێندن ڕابگیرێت جارێ بۆئەوەی بتوانیین ئەو قۆناغە سەختە بەسەربەریین."

"لانی کەم لەدوو هەتا چوارهەفتەی ترمان پێویست دەبێت هەتا شەپۆلەکە هێواش دەبێتەوە "
سەبارەت بە پێشبینی لایەنی تەندروستی بۆ کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن؟ د.خالس قادر دەڵێت" من پێموایە لەزۆرترین حاڵەتدا هەتا مانگێکی تر پێویست بەوە دەبێت کەپرۆسەی خوێندن بەوشێوەیەی ئێستا بێت یاخود پەنا ببرێتەبەر ئۆنلاین یان هەرشێوازێک لەشێوازەکانی تر کەوەزارەتی پەروەردە پێی باشە و دەتوانێت درێژە بەخوێندن بدات دەکرێت بەڵام ئامادەبوونی ناو خوێندنگاکان بەڕاستی لەبارودۆخی ئێستا هەرچەندە ئەو جۆرە هۆشیارییەی کەهەیە و ئەو جۆرە پابەندبوونەی هەیە بەداخەوە لەبەرژوەندی تەندروستیدا نییە بکرێتەوە لەئێستا پێمانوایە بۆ دەوامکردن لانی کەم لەدوو هەتا چوارهەفتەی ترمان پێویست دەبێت هەتا شەپۆلەکە هێواشدەبێتەوە."
"وەکو لایەنی تەندروستی جەختمان لەسەر توندکردنەوەی ڕێکارەکان کردۆتەوە هەموو ڕێکارەکان کە پێویستن، پێویستە توندبکرێنەوە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و لەلایەن لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بەڵام بەتایبەت بۆ بابەتی خوێندن ئاماژەیەکی وامان نەداوە کە داوای ئەوە بکەین چونکە ئەوەمان بەجێهێشتووە بۆ لیژنەی باڵا کە ئەو بڕیارەبدەن بەڵام وەکو پێشنیاری ئێمە چونکە پابەندبوون نییە پێمان باشە بەردەوام بێت داخستنی خوێندنگاکان لەئێستادا."د.خاڵس قادر ڕاوێژکاری تەندروستی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وایوت"

"پێویستە لەمەولا سزادان هەبێت نابێت بەو شێوەیە لێبگەڕێین هەرکەسێک بەئارەزووی خۆی تەندروستی گشتی کۆمەڵگە بخاتە مەترسییەوە "
واتە ئەو ماوەیەی پێشتر کەناوەندەکانی خوێندن کرایەوە ئایا کاریگەری هەبوو لەسەر زیادبوونی ژمارەی تووشبوون بەکۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان؟ وەڵامەکەی د.خاڵس قادر بەم جۆرەبوو "ڕاستیەکەی کاریگەری هەبووە ژمارەی تووشبووان چ لەناو خوێندکاران و چ لەناو مامۆستایان ڕوو لەزیادبوون بوون خۆیشی ڕاستیەکەی ئەوەیە پەیوەستە بەگشتیەوە چ خوێندگاکان لەگەڵ تەواوی کۆمەڵگە هەموویان یەک بەشن ئەوانە بەڵام لەوانەیە لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا کۆنتڕۆڵکردن لەناو خوێندنگاکان واتە لەو شوێنانەی کە لەدەسەڵاتی لایەنی فەرمین ئاسانتر دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن ئەگەرنا ئەوەی ئێستا ڕوودەدات بەداخەوە لەناو بازاڕەکان و لەناو مۆڵەکان دیاردەیەکی یەکجار خراپە و زۆر ترسناکە، سەیری خەڵکەکە دەکرێت وەکو ئەوەی کە هیچ نەبوو بێت واتە کەس پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی نییە زۆربەی هەرەزۆری مۆڵەکان و شوێنە گشتییەکان بەداخەوە پابەندنیین تەنانەت لەبەشێکی زۆر لەفەرمانگە حکومییەکانیش کەکراوەتەوە و دەوام هەیە وەکو پێویست فەرمانبەرانەکان پابەندنیین ئەوە بەڕاستی هەموو جێی مەترسییە ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کەپێویستە ئەو ڕێنماییانە هەمووی توندوتۆڵ بکرێنەوە و پێویستە لەمەولا سزادان هەبێت نابێت بەو شێوەیە لێبگەڕێین هەرکەسێک بەئارەزووی خۆی تەندروستی گشتی کۆمەڵگە بخاتە مەترسییەوە."

"ناهۆشیاری تەندروستی"
هۆکاری چیە وەک خۆت دەلێیت خەڵک وادەبینرێت وەک ئەوەی کۆرۆنا نەبێت گوێ بەڕێنماییە تەندروستییەکان نابن؟ لەوەڵامدا د.خاڵس قادر وتی" هۆکاری سەرەکییەکەی لایەنی هۆشیارییە هەتاوەکو ئێستا هۆشیاری تەندروستی وەکو پێویست نییە لەناو کۆمەڵگە، هۆشیاری بەئاگابوونمان لەوەی کەچی ڕوودەدات وەکو پێویست نییە، ڕاستیەکەی بەتەنها هەر لەکۆمەڵگەی ئێمەدا نییە ئەگەر لەتەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەیربکرێت لەبەشەکانی تری عێراقیش کەزۆر لەئێمەوە نزیکن ئەوانیش بارودۆخیان لەئێمە باشتر نییە بەڵکو خراپترن هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەخەڵک ناهۆشیارە، دووەمیش ئەوەیە متمانە نییە نازانرێت هۆکاری نەبوونی متمانەکە بۆچی دەگەڕێتەوە بەڵام وەکو پێویست متمانە نییە و زۆر شت تێکەڵ دەکرێت پێیانوایە بەستنی ماسک یاخود پابەندبوون بەڕێنماییەکان وەک بوترێت لەبەرژەوەندی لایەنێکە و لەبەرژەوەندی لایەنی ترە ئەوەش هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامی نا هۆشیاری ئەو جۆرە لێکدانەوەیە و ئەو جۆرە بۆچوونانەی کە هەیە."

" هەندێک لەکەسانی دیار ڕۆڵی خراپیان هەبووە "
د.خاڵس قادر ئاماژەی بەوەشکرد هۆکارێکی تری پابەندنەبوونی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی گشتی بەڕێنماییە تەندروستییەکان پابەندنەبونی کەسانی دیاری ناو کۆمەڵگایە لەو ڕوەوە وتی" ڕای تایبەتی خۆم ئەوەیە یەکێک لەهۆکارە تایبەتەکانی تر ئەوەیە بەشێک لەکەسە ناودارەکانی ناو کۆمەڵگەش بەداخەوە هەندێک لەحیزبەکان تەنانەت هەندێک لەکەسە خاوەن بڕوانامەکان و مامۆستایانی زانکۆ و مامۆستایانی ناو خوێندنگاکان و مامۆستایانی ئاینیش ڕۆڵی خراپیان هەبووە کەئەوان خۆیان پابەندنابن هەندێکجار قسەی نێگەتیڤیش لەسەر ماسک دەکەن لەسەر خۆپارێزی دەکەن ئەوانە پێموایە کاریگەری خراپیان هەبووە."

" تەنانەت لەلایەن کەسە باڵاکانیش بەشێکی زۆریان لەگەڵ ڕێزم بۆیان پابەند نەبوون"
ئەی بۆ وەرگرتنی ڤاکسین بۆچی کەسانی نادیار تەنانەت ئەکتەر و هونەرمەندان هاوشێوەی وڵاتان پێشەنگ نین لەوەرگرتنی تابەشێک لەدڵەڕاوکێی خەڵک نەهێڵن ئایا وەک لایەنی تەندروستی ڕێگرن لەوە؟
د.خاڵس لەوەڵامدا دەڵێت" کێشەکە لەوە دایە ڕاستیەکەی کێشەی هۆشیاری هەیە لەناو کۆمەڵگەی ئێمە لەهەموو ئاستەکان واتە مەرج نییە ئەوەی کەبەرپرسێکی باڵابێت ، کەسێکی سیاسیەکی گەورەبێت هۆشیاربێت بەداخەوە هەم ئەو ناهۆشیارییەی کەهەیە پێموایە هەموو ئاستەکانی گرتۆتەوە تەنانەت مامەڵەکردنی ئەوانیش ڕەنگدانەوەی زۆر خراپی هەبووە خەڵکی ئاسایی عادەتەن دوای ئەوە دەکەون کەکەسە باڵاکانی تر چی دەکەن زۆرینەیان بەو شێوەیەن بەڵام لای ئێمە دەبینرێت تەنانەت پابەندبوون بەڕێنماییەکان تەنانەت لەلایەن کەسە باڵاکانیش بەشێکی زۆریان لەگەڵ ڕێزم بۆیان پابەندنەبوون بۆیە مەسەلەی ڤاکسین ڕاستە دەبووایە بەوشێوەیە بووایە لەسەرەتادا قسەکی واها بڵاوکرایەوە کە کەسە ناودارەکان با بەوشێوەیە ناویان بهێنین ئەگەر ڤاکسین وەربگرن خەڵک هەندێک لێکدانەوەی وەها کرا کەگوایە ئەوە تەنها بۆ ئەوان دەبێت و بۆ خەڵک نابێت بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کەبەڵێ پێویستە لەئێستادا کەسە ناودارەکانی ناو کۆمەڵگە لەپێش خەڵکانی تر بچن خۆیان ڤاکسین وەربگرن، تاپیشانی خەڵکی بدەن ئەوە شتێکی زانستییە بەکردەوە بڵێن ئێمە باوەڕمان بەزانست هەیە، باوەڕمان بەپزیشک هەیە وەکو کەسێکی ناهۆشیار نیین پێویستە وەکو تەواوی وڵاتانی دنیا خۆمان پێشەنگ بین لەوەی بچین ڤاکسین وەربگرین و بڵاویشی بکەینەوە بەشانازییەوە بۆئەوەی وەکو هاندانێک بێت بۆ دروستکردنی متمانە."

" پێویستە لەئێستادا کەسە ناودارەکانی ناو کۆمەڵگە لەپێش خەڵکانی تر بچن خۆیان ڤاکسین وەربگرن "
د.خاڵس ئەوەشی وت" ئێمە پێمان باش بوو کە ئەو کارە بەوشێوەیە بکرێت وە ئێستاش هەر دەیڵێنەوە وەکو رای خۆمان پێویستە ئەو کارە بکرێت پێویستە کەسە ناودارەکان ئیتر چ سیاسی بێت یان ناسیاسی بێت، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری بێت پێویستە ئەو کەسە ناودارانەی کاریگەریان هەیە لەسەر خەڵک ئەوانە ئێستا بێنە پێشەوە و خۆیان بکوتن ئەو ڤاکسینە وەربگرن بۆئەوەی خەڵکانی تریش چاویان لێبکەن بەڕاستی ئێستا تاکە هیوایەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایڕەسی کۆرۆنا ئەو ڤاکسینەیە کە لەبەردەستدایە لەپاڵ بەکارهێنانی ماسک و ڕێکارەکانی تری خۆپارێزی."

سەرچاوە VOA