چاوپیکەوتن

01:02 - 18/04/2021

د. ڕزگار عەلی: لە شاری سلێمانیدا تاکو ئێستا ٨ هەزار کەس پێکوتەی کۆرۆنای بەکارهێناوە‌

پەیسەر

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندرووستی سلێمانی باس لە پرۆسەی کوتانی هاوڵاتیان دەکات بۆ پاراستنیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاماژە بەوە دەکات تاکو ئێستا نزیکەی ٨ هەزار کەس لە سلێمانیدا خۆیان کوتاوە.

د. ڕزگار عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندرووستی سلێمانی، لە وتوێژێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، باسی لە ڕەوشی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا و پێکوتەی‌ بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمساڵ ساڵی پێکوتە و خۆپاراستنە لە تەواوی جیهاندا.

"لە ئێستادا چەند ڤاکسینێکی جیاواز کە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا و بەریتانیا و ڕووسیا بەرهەمیان هێناوە لە جیهاندا بەکاردەهێنرێن. بۆ نموونە ڤاکسینێکی وەکو ئەسترازەنێکا ڕەنگە تاکو ئێستا کە جیهاندا ٤٠ ملیۆن کەس بەکاریانهێنابێت."

بەشێکی هاوڵاتیان بە ترسێکەوە لە بەکارهێنانی پێکوتە دەڕوانن، بەڵام بە وتەی کاربەدەستانی تەندرووستی، هەتاکو ئێستا لە شاری سلێمانیدا نزیکەی ٨ هەزار کەس خۆیان کوتاوە و هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ درووستنەبووە.

"تاکو ئەمڕۆ هیچ کێشەیەکی ئەوتۆمان نەبووە. سەرەتای وەک خشتەی جیهان کە دەستیانپێکرد پێکوتەکە بۆ پزیشک و کارمەندی تەندرووستییە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەشدا هاوکاری هاوڵاتیانمان کردووە و شانبەشانی کارمەند و پزیشکان کە ژمارەیان ١٤ هەزار کەسە هاوڵاتیانیشمان کوتاوە."

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندرووستی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد کە شەپۆلی نوێی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر جۆری گۆڕاوی نوێی ڤایرۆسەکەیە، کە گۆڕانکارییەکی کەمی لە خۆیدا کردووە بەڵام ڕێگاکانی خۆپاراستن و چارەسەر وەک خۆیان دەمێننەوە.

تاکو ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا زیاد لە ١٣٠ هەزار کەس وەک تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون کە زیاد لە ٣،٨٠٠ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و لە ئێستاشدا زیاد لە ١٧ هەزار کەس تووشبووی ڤایرۆسەکەن.

 

سەرچاوە : VOA