چاوپیکەوتن

10:42 - 21/04/2021

"هەتا مانگی 9 ی 2021 پلان دانراوە کە 20% خەڵکی پارێزگای دهۆک ڤاکسین وەربگرن "‌

پەیسەر

د.ئەفراسیاب موسا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک دەڵێت" لە 35% ی ئەو پشکنینانەی بۆ کۆرۆنا دەکرێت لەدهۆک پۆزەتیڤ دەردەچێت، دەشڵێت" ئێستا ئێمە لەشەپۆلی دووەمی کۆرۆناداین لە15-3 شەپۆلەکە دەستی پێکردووە بەشێوەیەکی ئاسایی 3-4 مانگ دەخایەنێت واتە نزیکەی ئێمە لە چارەکی یەکەمین لە شەپۆلەکە واتە ئەگەر ڕەمەزانیش نەبووایە هەر پێشبینی دەکرا ڕێژەی توشبوون بە کۆرۆنا زیادبێت بەوشێوەیە."

"دهۆک "ڕەغبەتیان" زۆرە لە ڤاکسین وەرگرتن "
لەسەرەتای وتووێژەکەدا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک وتی" خەڵکی کە ڤاکسین وەردەگرێت لە پارێزگای دهۆک ئەوە نییە کە ڕێژەکەی زیاترە لەهەولێر یان سلێمانی، خۆی ڕێژەکە بە پلان دانراوە کە لە 20% لە پارێزگای دهۆک یان هەر پارێزگایەکی تری عێراق هەتا مانگی نۆ خەڵکەکە ڤاکسین وەربگرێت، دهۆک "ڕەغبەتیان" زۆرە لە ڤاکسین وەرگرتن ئێمەش سەنتەری ڤاکسینماندانمان زۆر داناوە بۆئەوەی خەڵکەکە بەئاسانی دەستییان بکەوێت."
د.ئەفراسیاب موسا ئەوەشی وت" تائێستا لەدهۆک ئەو کێشەیەمان نەبووە ڕێژەی زۆرباشمان لە ڤاکسینی سینۆفارم و ئەسترازینیکای بەریتانی و فایزەریش بۆ هاتووە ئەگەر تێکڕا وەربگرین تائێستا لە 98% تێپەڕیووە کە سەرفمان کردووە 11 هەزار و 500 ئەسترازینیکا بۆ هاتبوو نزیکەی 3 هەزار فایزەریشمان بۆ هاتووە هەزارو 170لەدهۆک لە ئازادی و 2 هەزار و 300 لە گوڵان."

"هەتا مانگی 9 ی 2021 پلان دانراوە کە 20% خەڵکی پارێزگای دهۆک ڤاکسین وەربگرن "
دەربارەی شێوازی وەرگرتن و هەڵبژاردنی جۆری ڤاکسینەکە لەلایەن ئەو کەسانەی فۆڕم بۆ وەرگرتنی پڕدەکەنەوە؟ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک وتی" خەڵکەکە دەیەوێت بەکەیفی خۆی وەربگرێت یان وەرنەگرێت، دووەمیش ئێمە ناتوانیین خەڵکەکە ناچار بکەین بۆخۆیان هەڵدەبژێن لە وێب سایتی هەرێمی کوردستان وەزارەتی تەندروستی بۆخۆیان هەڵیدەبژێن بەڵام فایزەر لەهەموویان کەمترە بۆیە دەست هەمووییان ناکەوێت، هەتا مانگی 9 ی 2021 پلان دانراوە کە 20% خەڵکی پارێزگای دهۆک ڤاکسین وەربگرن."

"تائێستا بەشی ئاوارەکانیان بۆ نەناردووین، بەشی دانیشتوانی پارێزگای دهۆک بەسەر ئەوانیش دابەشدەکەین "
د.ئەفراسیاب موسا باسی لەگرفتەکانی پاڕێزگای دهۆک سەبارەت بەڤاکسینی کۆرۆنا کرد و لەوڕووەوە وتی" گرفتەکان لای ئێمە ئەوەیە کە ڕێژەی دانیشتوانی دهۆک نزیکەی 1.2 ملیۆنە هەروەها یەک ملیۆن ئاوارەشمان هەیە واتە تائێستا بەشە ڤاکسینییان بۆ بەشی ئاوارەکان بۆ نەناردووین، ئێمە هەر لەبەشی خۆمان بە ئاوارەکان دەدەین ( WHO ) و حکومەتی فیدڕاڵیشمان لێ ئاگادارکردۆتەوە کە ئێمە یەک ملیۆن ئاوارەمان هەیە و دەبێت بەشی ئێمە زیادبکرێت واتە ئێمە بەشی دانیشتوانی پارێزگای دهۆک بەسەر ئەوانیش دابەشدەکەین ئێستا ئەوانیش ڤاکسین وەردەگرن لەسەر بەشی دانیشتوانی دهۆک پێیان دەدەین."
وتیشی" هەرکەسێک بێت خەڵکی پارێزگای دهۆک بێت یا ئاوارە و پەنابەر جیاوازی ناکرێت ڤاکسینمان هەبێت وەریدەگرێت."

"ڤاکسین بۆ گوندەکان و شوێنەدوورەکان "
دەربارەی گەیاندنی ڤاکسین بە گوند و شوێنە دوورە دەستەکان؟ د.ئەفراسیاب موسا وتی" بنکەکانمان هەیە نزیکەی 37 بنکەمان هەیە بۆ ڤاکسین لێدان لە پارێزگای دهۆک لەهەموو قەزاکاندا هەیە، لەهەموو گوند نییە بەڵام لەگوندی نزیک هەیە دەتوانن بچنە ئەوێ لەوانەیە دورترین گوند نیوکاتژمێر بخایەنێت لەوێ ڤاکسین وەربگرن، خەڵک لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکان هۆشیاری تەندروستی وەردەگرن تائێستا ڕێژەی ڤاکسین لێدان زۆرباشە لەدهۆک."

"لە 35% ی ئەو پشکنینانەی بۆ کۆرۆنا دەکرێت لەدهۆک پۆزەتیڤ دەردەچێت "
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک ئاماژەی بەبارودۆخی کۆرۆنا لەدهۆک کرد و دەڵێت" ئێمە لە شەپۆلی دووەمداین لە 15-3 دەستی پێکردووە و ژمارەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت بەڵام بەخۆشحاڵیەوە ئێستا توانامان هەیە پشکنیینەکان زۆر دەکەین ڕۆژانە گەیشتونەتە هەتا چوارهەزار پشکنیین ڕووپێویی مەیدانی دەکەین و خەڵکەکە بۆخۆی پشکنین دەکات هەرکەسێک پۆزەتیڤ بوو لەناو خێزانێک یان جێگایەک بێت پێیان دەڵێن کە هەمووتان دەبێت پشکنیین بکەن ئەگەر نەیەن، تیم- تیمی گەڕۆک بۆیان دەنێرین ڕووپێوییان وەردەگرین و پشکنینیان بۆ دەکەین واتە نزیکەی گەیشتونەتە ستاندەرێک بەشێوەیەکی زانستی بتوانیین ڕووپێوی مەیدانی بکەین لەو ڕووپێوییانەی کە وەردەگرین نزیکەی 35% ی پۆزەتیڤ دەردەچێت لە تاقیگەکانی ئێمە، واتە تازە ڤایڕەسی کۆرۆنا لەناو کۆمەڵگەدا بەخێراییەکی زۆر تەشەنەی کردووە و زۆر خەڵکیش تووشبووە بۆیە ڕێژەی توشبووان زۆرە و ڕێژەی مردنیش زۆرە."
د.ئەفراسیاب موسا ئاماژەی بەوەکرد" کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە لەسەر دوو ئاستە، لەسەر ئاستی کۆمەڵگەیە کە خۆیان بپارێزن بەداخەوە خەڵکەکە ئەوەندە بەوشێوەیە پابەند نییە کە بتوانێت ڕێگر بێت لە تەشەنەکردنی نەخۆشیەکە لەناو کۆمەڵگە بۆیە ژمارەی نەخۆشەکان ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبێت."
هەروەها وتیشی" لەسەر ئاستی نەخۆشخانەش خۆمان دوو نەخۆشخانەمان تەرخانکردووە بەخۆشحاڵیەوە تائێستا ئەو نەخۆشخانانەمان پڕنەبووە واتە گەیشتۆتە 60-70% کە تەختەکانی نەخۆشخانەکان پڕبوون، ئەگەر ژمارەی نەخۆش زیادبوو لەسەر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد بەداخەوە ڕێژەی مردنیش زیاد دەبێت، ئەگەر بڵێن بەڵێ لەنەخۆشخانەکان توانیومانە هەموو ئامێر و دەرمان دابین بکەین واتە دکتۆرەکان ئیشی خۆیان دەکەن بەئاستێکی باش بەڵام کە کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەین ئەوە بەڕاستی پێمان ناکرێت دەبێت خەڵکەکە هاوکاریمان بکات."

" ئەگەر ڕەمەزانیش نەبووایە هەر پێشبینی دەکرا ڕێژەی توشبوون بەکۆرۆنا زیادبێت بەوشێوەیە "
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک زیاتر ڕونیکردەوە" لە15-3 شەپۆلەکە دەستی پێکردووە بەشێوەیەکی ئاسایی 3-4 مانگ دەخایەنێت واتە نزیکەی ئێمە لە چارەکی یەکەمین لە شەپۆلەکە واتە ئەگەر ڕەمەزانیش نەبووایە هەر پێشبینی دەکرا ڕێژەی توشبوون بە کۆرۆنا زیادبێت بەوشێوەیە."

"پێمان باشبوو پێش 20 ڕۆژ لەمەوپێش قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەنرایە "
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچونییان چیە لەسەر ڕاگەیاندنی قەدەغەی گشتی هاتوچۆ؟ دبەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک وتی" تازە پەتای کۆرۆنا بۆخۆی لەناو کۆمەڵگە تەشەنەی کردووە، پێمان باشبوو پێش 20 ڕۆژ لەمەوپێش قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەنرایە نەک ئێستا قەدەغەیەی هاتووچۆ بەداخەوە لەبەر بارودۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی وادیارە ناتوانیین قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەنیین بۆیە دەبێت تەرکیز لەسەرئەوە بکەین لەسەر ئاستی تاکە کەسی و لەسەرئاستی کۆمەڵگە دەبێت پابەندبن بەڕێنماییەکانی تەندروستیەوە."

 

سەرچاوە : VOA