چاوپیکەوتن

10:14 - 26/04/2021

"خوێندنی ئەلکترۆنی لە هەرێمی کوردستاندا نابێتە جێگرەوەی ناوپۆل"‌

مامۆستا سۆران عومەر مستەفا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت" یەکێک لەکێشەکانی خوێندنی ئەلیکترۆنی جەنابی وەزیریش دەزانێت کە خاڵیە لەپەروەردەکردن، تەنها فێربوونە، فێربونێکی وشکیش، دەشڵێت" ڕێژەی ئامادەبوون بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە سەرپەرشتیاری بنەڕەتی و ئامادەیی داوییانە بەمن ڕێژەی ئامادەبوونی خوێندنی ئەلکترۆنی لە قۆناغی ئامادەیی 30% بۆ 40%، وە هی بنەڕەتیش نزیکەی 25% بۆ 30%- ە."

"خوێندنی ئەلیکترۆنی کەموکورتی هەیە و کێشەی دروستکردووە "
لەسەرەتای وتووێژەکەدا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە وتی ڕایگەیاند" بەدڵنیاییەوە کاتێک لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا خوێندنی ئۆنلاین و ئەلکترۆنی کردە خوێندنی ئیلزامی، سەرەتا وەکو خوێندنێکی پاڵپشتیکار بوو بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە کردی بە خوێندنێکی ئیلزامی بەشێوەیەک لەشێوەکان لەسنورەکەی من و لەتەواوی هەرێمی کوردستاندا ئەگەر ڕاستگۆبین بەڵێ کێشەی دروستکردووە و کەموکورتی هەیە."
م.سۆران عومەر دەربارەی کێشەکانی خوێندنی ئەلیکترۆنی-ئۆنلاین لەهەرێمی کوردستان ڕونیکردەوە" کێشەکان جۆراوجۆرن هەریەکە بەشێوەیەک ئەوەی کە زۆرگرنگە کێشەکە ئەوەیە هەمووان دەزانن ژێرخانێکی مەعریفی لەبواری ئەلکترۆنیمان نیە، خوێندکار و دایک وباوکی خوێندکاران ناتوانن بەکارهێنەرێکی باشی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بن لەبەرئەوە مەعریفەیەکی باشی پەروەردەیی و ئەلکترۆنیمان نییە ئەمە یەکێکە لەکێشەکان کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، کێشەیەکی تر ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان لەهەندێک جێگە کێشەی هێڵی ئەنتەرنێتمان هەیە کە ئەمەش خۆی بۆخۆی بەجۆرێکی تر کێشەی بۆ دروستکردووین، وە یەکێکی تر لەکێشەکان ئەوەیە دەکرێت بڵێین مامۆستایانیشمان بەشێوەیەک لەشێوەکان هەندێکیان لەوانەیە نەتوانن وەک پێویست مۆبایلی زیرەک بەکاربهێنن بۆئەوەی پەیوەندی لەگەڵ خوێندکارەکاندا بکەن."

" دەزانیین خوێندنی ئەلکترۆنی لە هەرێمی کوردستاندا نابێتە جێگرەوەی ناوپۆل....وەزارەتی پەروەردە ئاسانکاری کردووە "
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد" نەک هەر من هاوڕێکانیشم لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پارێزگاکانی تر هەموومان زانیومانە ئەمجۆرە لەم کێشانە هەیە بەڵام وەزارەتی پەروەردە و لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ئەم ڕێگاچارەیەی وەک ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان بەکارهێناوە، دەزانیین خوێندنی ئەلکترۆنی لە هەرێمی کوردستاندا نابێتە جێگرەوەی ناوپۆل لەبەر ئەم کێشە و گرفتانەی کە خستمەڕوو بەڵام بەناچاری ئەم خوێندنەی کردۆتە خوێندنێکی پاڵپشتیکار و ئیلزامی بۆئەوەی لەم دۆخە دەربازمان بێت و خوێندکارانمان ساڵێکیان نەفەوتێت بەڵام وەزارەتی پەروەردە بەشێوەیەک لەشێوەکان ئاسانکاری لەهێڵی ئەنتەرنێت کراوە بەسوپاسەوە هێڵەکانی ئەنتەرنێت هێڵی دابینکردووە بێ بەرامبەر بۆ هەموو خوێندکارێک دەتوانێت داخل بێت."
هەروەها وتیشی" وەزارەتی پەروەردە هاتووە لەڕێگەی مانگی دەستکردی نایل ساتەوە تەلەفزیۆنی پەروەردەیمان هەیە بابەتەکان تۆمارکراون و لێدەدرێتەوە بۆ خوێندکاران ڕۆژانە بەپێی بەرنامەیەکی دیاریکراو هەموو خوێندکارێک ئەگەر هێڵی ئەنتەرنێتیشی نەبێت دەتوانێت بەتەلەفزیۆن سەیری بابەتەکانی خۆی بکات و وانەی خۆی بخوێنێت بەڵام لێرەدا کێشەیەکی ترمان بۆ دروست دەبێت هەندێک لەخێزانەکان چەند خوێندکارێکی هەیە لەوانەیە پێنج، شەش، دوو خوێندکاری هەبێت لەمکاتانەدا یەکێک لەکێشەکانی دایک و باوک ئەوەیە ڕێکخستنی کاتەکان بۆ خوێندنی ئەلکترۆنی پێی ناکرێت چونکە باوکی خوێندکار هەیە سەرقاڵە بە گوزەران و ژیان و کرێکاری و بەشێوەیەک لەشێوەکان لەماڵەوە نییە کە بتوانێت ئەم ڕێکخستنە بکات بۆ خوێندکارەکانی، وەزارەتی پەروەردە ئەمجۆرە لەئاسانکاریشی کردووە."

"یەکێکی تر لە کێشەکانی ئەم خوێندنە ئەلکترۆنیە کە جەنابی وەزیریش دەیزانێت خاڵیە لە پەروەردەکردن فێربوونێکی وشکیش "
"یەکێکی تر لە کێشەکانی ئەم خوێندنە ئەلکترۆنیە کە جەنابی وەزیریش دەیزانێت و ئاراستەشمان کردووە ئەمجۆرە لەخوێندن خاڵیە لە پەروەردەکردن تەنها فێربوون دەکرێت، فێربوونێکی وشکیش. "

"داوای کۆبونەوەمان لەوەزارەت کردووە ئێمە بە وەزارەت دەڵێین کە ئێمە تا ئەم سنورە سەرکەوتوو بووین لەخوێندنی ئەلکترۆنیدا "
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە باسی لەوەکرد" ئێمە داوامان لە بەڕێز وەزیری پەروەردە کردووە کۆبونەوەیەک بکەین تا تەواوی ئەو کێشەو گیروگرفتانەی کە لە 17 ی مانگەوە دەستمان بەم پرۆسەیە کردووە ڕاپۆرتمان ئامادەکردووە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت تێیدا تەواوی گیروگرفتەکان جارێکی تر دەخەینەوە بەردەست، وە دەکرێت لەهەموو دنیادا هەوڵێک دەدرێت بۆ جێبەجێکردنی کارێک سەرکەوتوو نابێت تیایدا ئێمە بە وەزارەت دەڵێین کە ئێمە تا ئەم سنورە سەرکەوتوو بووین لەخوێندنی ئەلکترۆنیدا، وە ئەمە فیدباکی ئەم پرۆسەیە دەستمان پێکردووە، وەکو باسمکرد ئەمە خوێندنێکی پاڵپشتیکارە ئەگەر وەزارەتی تەندروستی هەڵسەنگاندن و ڕێنماییەکانی بۆ ڕەوشی کۆرۆنا باشتربێت ئێمە داوادەکەین کە بچینەوە ناو ناوەندەکانی خوێندن و بچینەوە خوێندنی ڕووبەڕوو."

"ئەگەر وەزارەتی تەندروستی دڵنیایی بدات ئەوکات دەتوانرێت دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە "
م.سۆران عومەر دەشڵێت" ڕاستە ئەمجۆرە لە خوێندن گرفتی هەیە پێویستە بشچینەوە ناو ناوەندەکانی خوێندن بەڵام لای ئەو کەسانەی کە تێبینی و ڕەخنەمان لەسەر ئەم پڕۆسەیە هەیە ژیانی مامۆستا و خوێندکار گرنگترە یان پرۆسەکە خۆی؟ کە خوێندکار توشی زیان بوو ژمارەیەکی زۆر لەخوێندکارانمان خوانەخواستە توشی کێشەو گیروگرفت و گیانیان لەدەستدا ئەوە زیانی گەورەیە یان خوێندنەکە؟"
دەربارەی کاتی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندنی ناو پۆل؟ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە دەڵێت" بەڵێ کاتێک هەیە ئەگەر وەزارەتی تەندروستی هەڵسەنگاندنی ڕەوشەکە باشتر بکات، وە دڵنیاییەک بداتە ئێمە بەڕێکارو ڕێنمایی خۆپارێزییەوە دەتوانیین درێژە بەخوێندنەکە بدەین ئەو کاتە بەڵێ دەرگای ناوەندەکانی خّێندن دەکرێتەوە."
وتیشی" وەزارەتی پەروەردە تاک لایەنە بڕیاری نەداوە، لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنایە ئەوەندەی من ئاگادارم وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تر هەموو ئەمانە ئەندامن لەو لیژنەیە، بەکۆی دەنگ بڕیار لەسەر ئەوەدەدەن کە چ بڕیار و چ ڕێکارێک بگیرێتەبەر."

"ناو ناوەندەکانی خوێندنمان ئەوەندە ئامێری فێنککەرەوەمان نییە کە بکەوینە هاوین ناتوانیین لەو کاتەشدا درێژە بەخوێندن بدەین "
سەبارەت بە چارەنوسی پڕۆسەی خوێندن لە ئەمساڵدا؟ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە وتی" ئێمە ئەم ئۆفەر و بژاردەیەمان خستۆتە بەردەستی خوێندکار و مامۆستا و کەسوکاری خوێندکار وتومانە بەمشێوەیە ئێوە کۆششی خۆتان بکەن و مومارەسەی ئەم وانانە بکەن لەکاتی تاقیکردنەوەکانیشدا فەرموو وەرنەوە ئێمە تاقیکردنەوەتان دەکەین، واتە وەزارەتی پەروەردە و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە کە ساڵێکی خوێندنی خوێندکارانمان نەفەوتێت بەهەر نرخ و ئامڕازێک بووە."
ڕاشیگەیاند" چارەنوسەکەی ئەمە تاکە ڕێگەیە بتوانیین خوێندنی پێ ڕزگار بکەین ئەگەرنا بەرەو هەفتەی کۆتایی مانگی چوار دەڕۆین کاتمان لەبەردەستدا نییە، ئێمە ناو ناوەندەکانی خوێندنمان ئەوەندە ئامێری فێنککەرەوەمان نییە کە بکەوینە هاوین ناتوانیین لەو کاتەشدا درێژە بەخوێندن بدەین بۆیە ئەم خوێندنە تاکە بژاردە و تاکە ڕێگاچارەیە کە خوێندکارانمان ساڵێکی خوێندنیان نەفەوتێت."

" هەتا 5-6 کۆتایی خوێندنی وەرزی یەکەم بێت"
م.سۆران عومەر ئەوەشی وت" بەپێی ئەو پلانەی کە ئێستا هەیە نازانم دوای کۆبونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزارەت کە ئێمە پێشنیار و ڕاوسەرنجی خۆمان دەخەینە بەردەستی " جەنابی وەزیر" پلانەکانمان دەگۆڕین یان نا، پێویستە هەتا 5-6 کۆتایی خوێندنی وەرزی یەکەم بێت لە 5-6 تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم دەست پێدەکات تا کۆتایی مانگی 6 بەپێی ئەو پلانەی کە ئێستا هەیە لە 4-9 خوێندنی وەرزی دووەمی ساڵی خوێندنی 2020-2021 دەستپێدەکەین."

"ئومێدمان هەیە ڕەوشەکە بەرەو باشتربێت بچینەوە ناو ناوەندەکانی خوێندن"
دەربارەی بڕیاری دەڕجوونی گشتی بۆ خوێندکاران هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو؟ م.سۆران عومەر وتی" نەخێر هەتا ئێستا هیچ بڕیارێک لەو بابەتە نییە بەڵام ئومێدمان هەیە ڕەوشەکە بەرەو باشتربێت بچینەوە ناو ناوەندەکانی خوێندن و خوێندنی ڕووبەڕوو بکەین، وە ئێمە داواکاری خەڵک و بەشێک لە مامۆستایان و ئەو خەڵکە خەمخۆرانەی کە باسکران بگەیەنینە " جەنابی وەزیر" و ئەنجوومەنی وەزارەت و بەکۆی دەنگ بڕیارێکی لێبدەین بۆئەوەی بچینەوە ناو ناوەندەکانی خوێندن یان نا بەڵام ئەمە هەمووی وەستاوە لەسەر هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕەوشی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان."
م.سۆران عومەر دەشڵێت" مادام پرۆسەکە پرۆسەیەکی تازەیە، وە لە هەرێمی کوردستاندا هەنگاوێکی لەو شێوەیە نەنراوە، ڕاستە کەموکورتی تێدایە، ڕاستە گرانە بەڵام ئەگەر لەشێوە گشتیەکەدا سەیری بکەین پرۆسەیەکی باشە، وە بەدەمەوەهاتنێکی باشیش هەیە بەڵام لەئاستی پێویستدا نییە."

" ئێمە وتومانە ئەگەر هێڵی ئەنتەرنێتان نییە دەتوانن لە کەناڵی پەروەردەیی لە نایل سات سەیری بکەن ..کێشەکە ئەوەیە لەم حاڵەتەدا ناتوانرێت غیابات وەربگیرێت "
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە دەشڵێت" ئێمە وتومانە ئەگەر هێڵی ئەنتەرنێتان نییە دەتوانن لە کەناڵی پەروەردەیی لە نایل سات سەیری بکەن ئەمە مامۆستا ناتوانێت بەدواداچوونی خوێندکار بکات و غیابی بدات لەبەرئەوە لەم حاڵەتە غیاب وەرناگیرێت یان بژاردەیەکی ترمان داوە دەتوانیت یەکجار هێڵی ئەنتەرنێتیان هەبێت و تەواوی وانەکانیان داونلۆد بکەن و دواتر خۆیان سەیری بکەنەوە لەمەشدا ناتوانرێت بەدواداچوونی خوێندکار بکرێت ئەمانە هەمووی کێشەو گیروگرفتن کە لەم خوێندنەدا هەمانە و فیدباکمان کە وەرگرتووە پێویستە لەگەڵ وەزارەت و لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزارەت باسی بکەین ئەی لەم حاڵەتانەدا ئەم خوێندکارانە چی لێبکەین؟ ئەگەر دایک و باوک ئامادە نەبوو لەم پرۆسەیەدا تاقیکردنەوە بە خوێندکارەکەی بکات ئەو کات چی بکەین؟ هەموو ئەمانە گریمانەن پێویستە باسیان بکەین و هەڵوێستەی لەسەربکەین."

" شتی وا مەحاڵە واتە زۆر زۆر زەحمەتە ماڵێک لەکوردستان هەبێت و تەلەفزیۆنی نەبێت "
سەبارەت بەوەی ئەگەر خوێندکارێک لەماڵەکەیدا ئەنتەرنێت و تەلەفزیۆنیش نەبێت چی بکەن؟ لەوەڵامدا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە وتی" من قەناعەتێکم لا دروست نەبووە کە ماڵێک هەبێت لەهەرێمی کوردستاندا و تەلەفزیۆنی نەبێت شتی وا مەحاڵە واتە زۆر زۆر زەحمەتە ماڵێک لەکوردستان هەبێت و تەلەفزیۆنی نەبێت بەڵام ماڵ هەیە لەکوردستان کارەبای نەبێت و لەکاتی خۆیدا بەرنامەکانی نەبێت ئەمەش یەکێکی ترە لە کێشەو گیروگرفتەکانمان، هەیە لەلادێکان کارەبای بەردەوام نییە پشت دەبەسترێت بەمۆلیدە بۆیە ئەم پرۆسەیە تەنها بە وەزارەتی پەروەردە و بە مامۆستا و ئەمانە سەرکەوتوو نابێت، دەبێت دایک و باوک هاوکارمان بێت، دەبێت خێزانەکان لەخەمی مناڵەکانیاندا بن زەمینەی خوێندن بۆ مناڵەکانیان دروست بکەن بۆئەوەی بەهەموو لایەکمان ئەم قۆناغە تێپەڕێنیین، ئەم قۆناغە قۆناغێکی لەناکاوە تازەیە بۆ هەموولایەکمان بۆیە پێویستە بەهەموولایەکمان ئەم قۆناغە تێپەڕێنیین ئەگەرنا بەتەنها بە مامۆستا ناتوانیین ئەو ئەنجامە باشە بەدەست بهێنیین."

"نەمانتوانیووە ڕێژەیەکی وردی غیابات-ئامادەنەبوونی خوێندکاران باش وەربگرین لەتەواوی هەرێمی کوردستان بەوجۆرەیە "
م.سۆران عومەر مستەفا جەختی لەوەکردەوە نەتوانراوە ڕێژەیەکی وردی ئامادەنەبوونی خوێندکاران لە پڕۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی-ئۆنلاین وەربگرین، لەو ڕووەوە دەڵێت"نەمانتوانیوە ڕێژەیەکی وردی باش وەربگرین کە ژمارەیەکی باشمان بداتێت بۆ دڵنیابوون لە ئامادەبوونی خوێندکارەکان نەک هەر لەسنورەکەی من بەڵکو لە تەواوی هەرێمی کوردستان نەتوانراوە ئەو ئامارە باشە نەتوانراوە دەستبخرێت. "

" وەزارەتی پەروەردەش ئەوەندە زاڵم نییە....... "
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا وەک لایەنی پەروەردە ڕێ و شوێنی یاسایی لەسەر ڕێژەی زیادی ئامادەنەبوونی خوێندکاران دەگرنەبەر؟ لەوەڵامدا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت "مادام باردۆخێکی لەناکاوە، وە ئەم کێشە و گیروگرفتانە هەیە و دەرکی پێدەکەین کە لەوانەیە خوێندکار نەتوانێت، وەزارەتی پەروەردەش ئەوەندە زاڵم نییە بێت بەپێودانگی لێپرسینەوە و فەسڵکردنی خوێندکارەکانی مامەڵە بکات، ئێمە پەروەردە دەکەین. "

"ڕێژەی ئامادەبوونی خوێندکاران لەخوێندنی ئۆنلاین "
دەربارەی ڕێژەی ئامادەبوونی خوێندکاران لەخوێندنی ئۆنلاین لەسنوری پەروەردەی پارێزگای هەڵەبجە؟ م.سۆران عومەر مستەفا وتی" ڕێژەی ئامادەبوون بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە سەرپەرشتیاری بنەڕەتی و ئامادەیی داوییانە بەمن ڕێژەی ئامادەبوونی خوێندنی ئەلکترۆنی لە قۆناغی ئامادەیی 30% بۆ 40%، وە هی بنەڕەتیش نزیکەی 25% بۆ 30%- ە."

 

سەرچاوە : voa