چاوپیکەوتن

10:13 - 28/04/2021

" کۆرۆنا فێری کردین کە بتوانیین وەک زانکۆ جیهانیەکان خوێندن بەشێوەی ئەلکترۆنی و ئۆنلاین بەردەوام بێت"‌

پەیسەر

د.ڕەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی دەڵێت "بەخۆشحاڵیەوە ئەو پەتایە (کۆرۆنا) فێری ئەوەی کردین کە ئێمە بتوانیین وەکو زانکۆ جیهانیەکان خوێندن بەشێوەی ئەلکترۆنی و ئۆنلاین بەردەوام بێت، دەشڵێت"بەدڵنیاییەوە ئێمە یەکێکە لەئیشەکانمان بۆ داهاتوو ئەوە دەبێت کە ڕەنگە ئیتر لە خوێندنی باڵاوە دەست پێبکەین سیستەمی خوێندن بەرەو ئەوە بەرین هەندێکی بەشێوەی ئۆنلاین بێت."

" ئەو پەتایە (کۆرۆنا) فێری ئەوەی کردین کە ئێمە بتوانیین وەکو زانکۆ جیهانیەکان خوێندن بەشێوەی ئەلکترۆنی و ئۆنلاین بەردەوام بێت"
لەسەرەتای وتووێژەکەدا سەرۆکی زانکۆی سلێمانی دەربارەی کاریگەری کۆرۆنا لەسەر کەرتی خوێندنی باڵا وتی" پەتای کۆرۆنا کاریگەریەکی گەورەی کردووە لەسەر هەموو کەرتەکانی خوێندن تەنها خوێندنی باڵا نییە لەسەر هەموو بەشەکانی ژیان کاریگەری خۆی بەجێهێشتووە بەڵام دیارە لەسەر کەرتی خوێندن کاریگەریەکەی زیاتر دەبێت ئەمەش تەنها زانکۆی سلێمانی و زانکۆکانی کوردستان و عێراق نییە بەڵکو لەهەموو جیهاندا ئەو کاریگەریەی کردووە بەڵام لەلایەکی تریشەوە وای لەزانکۆکانی ئێمە کرد کە بتوانیین سیستەمی ئەلکترۆنی و هەروەها سیستەمی ئۆنلاین بهێنینە ناو خوێندنی زانکۆکانی کوردستانەوە کە پێشتر تەنها لەناو کەمپەسدا خوێندن هەبوو بەڵام لەئێستادا بەخۆشحاڵیەوە ئەو پەتایە فێری ئەوەی کردین کە ئێمە بتوانیین وەکو زانکۆ جیهانیەکان خوێندن بەشێوەی ئەلکترۆنی و ئۆنلاین بەردەوام بێت."
سەبارەت بە ئامادەبوونی خوێندکاران لە خوێندنی ئەلیکترۆنی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی دەڵێت" لەسەرەتای ئەم پرۆسەیە ئێمە لەمانگی پێنجی ساڵی پارەوە 2020 وە دەستمان بەم پرۆسەیە کرد، لەسەرەتاوە خوێندکاران تۆزێک قورس بوو بەلایانەوە، وە بەشێوەیەکی وابوو کە زۆر ئیستیعابیان نەدەکرد بەڵام بەخۆشحاڵییەوە ئێستا وایلێهاتووە خوێندکاران هەموویان دێنە کلاس ڕوومەکانیان و داخلی ئەو پەیج و ئەپلیکەیشنانە دەبن کە دانراوە بۆ خوێندنەکەیان."

"ڕەنگە خوێندکاران ئەو وانانەی وەریدەگرن بەهێندەی ئەو وانانە نەبێت کە لەسەردەمێکی ئاساییدا وەریدەگرن"
د.ڕەزا حەسەن زیاتر ڕونیکردەوە" ئەم دۆخەی کۆرۆنا دروستیکردووە کاریگەری لەسەر هەموو خوێندکاران کردووە بەڵام کاریگەریەکەی تەنها لەسەر زانکۆ یان لەسەر شوێنێک نییە کاریگەریەکەی ئەوەیە کە ڕەنگە لەسەردەمی کۆرۆنایە ئەو وانانەی کە وەریدەگرن بەهێندەی ئەو وانانە نەبێت کە لەسەردەمێکی ئاساییدا وەریدەگرن بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە خوێندن کواڵتی نییە بەپێچەوانەوە توێژینەوەی مامۆستایان و هەروەها لەناو کلاسەکانیش خوێندن لەناو کەمپەسدا دەکرێت هەروەها تاقیکردنەوەکان لەناو کەمپەسدا دەکرێت، عەمەلیەکان لەناو تاقیگەکاندا ئەنجام دەدرێت هی کۆلێژە زانستیەکان لەبەرئەوە کاریگەری کردووە بەڵام کاریگەریەکەی بەوشێوەیە نییە کە بڵێین ئاستی خوێندن دێنێتە خوارەوە."

" بەخۆشحاڵییەوە ئەمساڵی خوێندن زۆر زۆر باشە "
سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ئەوەشی وت" سەبارەت بە ساڵی پار کێشەمان هەبوو بەڕاستی ئەویش ئەوە بوو نمرەکانی کۆرسی یەکەمیان بۆ کەڕەتی دوو کرا کە ئەمە تۆزێک ئاستی خوێندنی خراپکرد بەڵام بەخۆشحاڵییەوە ئەمساڵی خوێندن زۆر زۆر باشە، ئێمە لە 4-10 وە دەستمان بە دەوام کردووە بەشێوەی ئەلکترۆنی وەکو ساڵانی پێشتر لە 1-7 دا کۆتایی بەساڵی خوێندنی ئەمساڵ دێنیین ڕەنگە پێویستمان بەهیچ درێژکردنەوەیەک یان بەهیچ مۆڵەتێک نەبێت بۆ خوێندن لەبەرئەوەی خوێندن بەشێوەیەی ئەلکترۆنی ناو کەمپەس وەکو خۆی جێبەجێ کراوە، ئەو سیستەمەشی بەکارمان هێناوە سیستەمی ( Blended learning)کە لەدنیادا زۆربەی زانکۆکانی جیهان ئێستا بەو سیستەمە دەخوێنن."

" بەدڵنیاییەوە ئێمە یەکێکە لەئیشەکانمان بۆ داهاتوو ئەوە دەبێت کە ڕەنگە ئیتر لە خوێندنی باڵاوە دەست پێبکەین سیستەمی خوێندن بەرەو ئەوە بەرین هەندێکی بەشێوەی ئۆنلاین بێت "
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا لەداهاتوودا بەنیازن سیستمی ئۆنلاین لەخوێندنی زانکۆکاندا بەکاربهێنن؟ لەوەڵامدا سەرۆکی زانکۆی سلێمانی وتی"بەدڵنیاییەوە ئێمە یەکێکە لەئیشەکانمان بۆ داهاتوو ئەوە دەبێت کە ڕەنگە ئیتر لە خوێندنی باڵاوە دەست پێبکەین سیستەمی خوێندن بەرەو ئەوە بەرین هەندێکی بەشێوەی ئۆنلاین بێت چونکە سیستەمێکە زۆرباشە و لەلایەن خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆکانەوە ئێستا ئەزموونێکی باشیان هەیە."

"کۆتایی هاتنی ئەمساڵی خوێندن ؟"
دەربارەی کۆتایی هاتنی پڕۆسەی ئەمساڵی خوەندن لەزانکۆی سلێمانی؟ د.ڕەزا حەسەن وتی" نەخێر 1-7 کۆتایی خوێندن دێت، لە 25-5 وە وەکو هەموو ساڵێک دەستدەکرێت بە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ هەتا ناوەڕاستی مانگی شەش، لەدوای ناوەڕاستی مانگی شەشەوە خولی دووەمیش لەدوای هەفتەیەک ئەنجامدەدرێت و لە 1-7 یش ئێمە کۆتایی بە پرۆسەی خوێندن دێنیین وەکو ساڵانی ڕابردوو."

"ناوەندی خوێندن پێویستە بەتایبەتی لەبواری سەرەتایی و هەروەها ناوەندی و دواناوەندییەکاندا زیاتر گرنگی پێبدرێت بۆئەوەی ئەو خوێندکارانەی کە دێنە زانکۆ ئاستێکی باشیان هەبێت "
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن لە سیستمی پەروەردە چ کاریگەری کردووە لەسەر ئاستی زانستی ئەو خوێندکارانەی لەپۆلی دوانزەوە دێن بۆ زانکۆ؟ د.ڕەزا حەسن وتی" سیستەمی پەروەردە و سیستەمی خوێندنی باڵا دوو سیستەمی جیاوازن ڕەنگە قورس بێت بۆ من باسی سیستەمی پەروەردە بکەم چونکە سیستەمی پەروەردە ئەوان خۆیان سیستەمێکی جیاواز و بەرنامەی خۆیانیان هەیە ئێمە لەمانگی 10 ی ساڵی پارەوە دەستمان بە خوێندن کرد بەڵام ئەوان لە ناوەڕاستی مانگی دوودا دەستیان بە خوێندن کردووە بۆیە من ناتوانم هیچ بڵێم لەسەر ئەوە بەڵام بەگشتی هەستدەکەم کە ناوەندی خوێندن پێویستە بەتایبەتی لەبواری سەرەتایی و هەروەها ناوەندی و دواناوەندییەکاندا زیاتر گرنگی پێبدرێت بۆئەوەی ئەو خوێندکارانەی کە دێنە زانکۆ ئاستێکی باشیان هەبێت."
وتیشی" بەدڵنیاییەوە کاریگەری بەجێدەهێڵێت بەڵام هیوادارین کاریگەریەکەی زۆر نەبێت و وانەبێت کە ئاستی خوێندن و کواڵتی خوێندن دابەزێنێت."
سەرۆکی زانکۆی سلێمانی جەختیکردەوە" تائێستا هیچ مەرجێکی تازە دانەنراوە بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی پۆلی دوانزە لەزانکۆ دانەنراوە، لیژنەی قبوڵی ناوەندی هەیە بۆیە دەبێت ئەوان بڕیاری لێبدەن."

هەندێک پێیان وایە ئەم نەوەیەی دێت لەداهاتوودا لەڕووی ئاستی زانستیەوە نەوەیەکی بەورهەمهێنەر نابن بەهۆی ئەوەی پێشتر بایکۆتی خوێندن هەبوو دواتریش بەهۆی کۆرۆناوە ناوەندەکانی خوێندن لەسیستمی پەروەردە ڕاگیراون؟ لەوەڵامدا د.ڕەزا دەڵێت" ئەو قسەیە لەنێوان خەڵکاندا هەیە ئەویش بەهۆی کاریگەری ساڵی خوێندنی پار و ئەمساڵ بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە خوێندن تاڕادەیەک بەشێوەیەکی پێویست نەبووە، ئەم قسەیە لەناو خەڵکیدا باوە بەڵام هیوادارم ئەو کاریگەریەی نەبێت لەداهاتوودا چونکە کاریگەریەکەی لەداهاتوودا دەردەکەوێت، لەئێستادا کاریگەرییەکەی دەرناکەوێت ئینشائەڵا ئەم پەتایە کۆتایی دێت و هەوڵبدرێت ئەگەر خوێندکاران لەبوارێکدا کەموکورتیان هەیە، ئەو کەموکورتیە چاک بکرێت."

 

سەرچاوە : VOA