چاوپیکەوتن

10:36 - 29/04/2021

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان: ساڵانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠١ و ٢٠٠٨ بۆ ٢٠٠٩، وشكەساڵی بوون‌

پەیسەر

بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار، ئەمساڵ بەنداوی دەربەندیخان ١٠ مەتر کەمتر ئاوی لەخۆگرتووە و بەڕێوەبەری بەنداوەکە هۆکارەکەی بۆ کەمی ڕێژەی باران و گرتنەوەی ئەو سەرچاوە ئاوییانەی لە ئێرانەوە دێن دەگەڕێنێتەوە.

ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لە وتوێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا باسی لەوە کرد کە ئەمساڵ پێنج سەد و پەنجا ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی کەمتر لە بەنداوی دەربەندیخاندا هەیە و ئەوەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە.

"ئێستا ملیار و دوو سەد مەتر سێ جا ئاو لە بەنداوی دەربەندیخاندا هەیە، لەکاتێکدا ساڵی پار ئەمڕۆ دە مەتر ئاستی ئاو بەرزتربوو، هەروەها پێنج سەد و پەنجا ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی زیاتر تیابوو."

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان هۆکاری کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی لە بەنداوەکە گەڕاندەوە بۆ کەمی ڕێژەی باران و گرتنەوەی ئاو لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

"یەکێک لە سەبەکان ئەوەی کە باران و بەفر کەمبووە، سەبەبێکی تریش ئەوەیە لە دیوی ئێرانەوە ئەو بەنداوانەی درووستکراون ئاو خەزن ئەکەن و ئاوی هاتوو بۆ بەنداوی دەربەندیخان لە دیوی ئێرانەوە زۆر زۆر کەمبووەتەوە."

هەروەها وتیشی لە دەیەکانی ڕابردوودا چەند وشکەساڵییەکامان بینیوە بەڵام ئەو ڕێژە کەمەی بارانی ئەمساڵ وا دەکات ساڵی ٢٠٢١ ساڵێکی زۆر جیاواز بێت و بە وشکەساڵی بدرێتە قەڵەم.

"لە بەنداوی دەربەندیخان لە تۆمارەکانماندا چەند قۆناغێکی وشکەساڵیمان بینیوە وەک ساڵانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠١ و ٢٠٠٨ بۆ ٢٠٠٩، ئەمانە وشکەساڵی بوون، باران کەم باریبوو و داهاتی ئاویش کەمبوو، ئەمساڵیش یەکێکە لەو ساڵانەی کە بەڕاستی ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمبووە."

هەموو ئەو کەسانەی کە خەریکی کشتوکاڵن لە ناوچەی گەرمیان و پشت بە ئاوی سیروان دەبەستن، چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ ڕووبەڕووی کێشەی کەمئاوی ببنەوە و بەنداوی دەربەندیخانیش داوا لە جوتیاران دەکات کە زیادەڕۆیی نەکەن لە بەکارهێنانی ئاودا.

سەرچاوە : VOA