ریزبەندیی

29/01/2022

د. نیاز نه‌جمه‌دین

ریزبەندیی (ranking) ئامرازێکی بە کەڵکە بۆ پێدانی زانیاریی بە بەکاربەر تا بڕیاری دروست بدات بزانێت چی لەکێ بکڕێت٬ دەزگاکەش باشیی و خراپیی خۆی بزانێت.

دوو کێشەی سەرەکیی هەن. یەکەمیان ئەوەیە تا ئێستا زۆر لە دەزگاکانی ئێمە ریزبەندییان بۆ ناکرێت. بۆ نمونە تا ئێستا ریزبەندیی بۆ نەخۆشخانەکانمان نەکراوە. نازانین کامیان باشترینە لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەکەش. لە بواری میدیاشدا هێشتا ماوێتی و نازانین کام کەناڵی سەتەلایت باشترینە.

دووەمیان ئەوەیە ئەگەر هەشبێت میتۆدەکەی پڕاوپڕ نییە و کەموکوڕیی هەیە. لە بواری خوێندنی باڵادا ئەزانین کام زانکۆیە یەکەمە٬ بەڵام نازانین کام بەشەی کام زانکۆیە باشترینە. ئایا ئەگەر زانکۆی سلێمانی یەکەم بوو (هەڵبەت زۆر دڵخۆشم بە سەرکەوتنی)٬ مانای وایە بەشی ئەندازیاریی یان ئابووریی لەم زانکۆیەدا باشترینە؟ رەنگە بەشی بزنسی زانکۆی ئەمریکی لە هەموو زانکۆکان باشتر بێت با یەکەمیش نەبووبێت.

ناشزانین بە پێوەری رازیبوونی خوێندکار کام زانکۆیە باشترینە. ئەی کام بەرنامەیەی تەلەفزێۆن یان رادیۆ باشترینە و بۆچی؟ کام نەخۆشخانەیە لە چییدا یەکەمە با بە تێکڕاش یەکەم نەبووبێت؟

پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییانە و دابینکردنی زانیاریی دروست یارمەتیدەری هەڵبژاردنی راست و دروستن٬ هاوکات غەدریش بەرامـبەر دەزگاکە کەم ئەکاتەوە.

ئەمە بۆ ئەوە نییە بڵێم ریزبەندیی باشترین ئامرازی دابینکردنی زانیارییە. پڕفرۆشترین کتێب باشترین نییە. ئەو فیلمەی ئۆسکار وەرناگرێت مانای ئەوە نییە خراپە. لە هەڵسەنگاندنی هەر کەس و دەزگا و کاڵا و خزمەتگوزارییەکدا زیاتر لە پێوەرێکمان پێویستە کە ریزبەندیی یەکێکیانە.