دەگمەنیی سەرچاوەكان و نائومێدیی

07/10/2021

د. نیاز نه‌جمه‌دین



ئایدیای سەرەكیی لە زانستی ئابورییدا دەگمەنیی سەرچاوەكانە. ئایا كات(شەو و رۆژ) دەكرێت بە 26 كاتژمێر؟ نەخێر. وزە و مەعریفەی مرۆیی و پارەش سنوردارن. بیرخستنەوەی ئەم راستییە بۆ ئەوە نییە خەڵك توشی نائومێدیی بكات، ئەگەرچی زۆرجار لە ماوەی كورتخایەندا نائومێد ئەبین و ئەمەش ئاساییە.

بە دوو نموونە ئایدیاكە رووندەكەمەوە.
یەكەم، پیاوی كورد بۆ ئەوەنە بەسەر ژندا باڵادەستە؟ چونكە ژن و پیاو لەم كۆمەڵگەیەدا توشی دەگمەنیی سەرچاوەكان بوون و دەرفەتەكانیان كەمە.
لە كەلتوری كوردییدا ژن ئەبێت هەر لەگەڵ پیاوی كورد هاوسەرگیریی بكات (ئەشبێ سووننە بێت، خەڵكی هەمان شار بێت، سۆرانییش قسە بكات ئەگەر لە هەمان ناوچە ژیا و هەوڵیش بدەن خزم بێت). ئەوەی كە ژنیش ركابەری كەمە وایكردووە كەمێك پاوەریان هەبێت، پاوەریش رەفتاریانی گۆڕیوە. ئەم ئیحتیكارە هێز نییە لە ماوەی كورتخایەندا بیگۆڕێت هەزار ئەوەنەی ئێستا رەفتاری مرۆڤەكان ناشیرین بكات و خراپەی تیادابێت، چونكە سەرچاوەكانی كەلتورێكی جیاوازتر لەبەردەست نییە.

دووەم/ لە هەژاریی ناخۆشتر نییە. هەژاریی لە قۆناغێكی دیاریكراودا تا ئەبەد كاریگەریی ئەبێت لەسەر جەستە و دەروونت. لە زەمەنێكی دیاریكراودا، تاك، خێزان، یان وڵاتێكی دیاریكراو سەرچاوەیەكی سنورداری هەیە و هێز نییە لەم گەردونەدا بتوانێت دەستی بگرێت لە چاڵی هەژاریی دەريهێنێت و ژیانێكی باشی پێ ببەخشێت.

بەڵام لە ماوەی كورتخایەندا سەرچاوەكان رێكوپێكتر تەرخان بكە، لە ماوەی درێژخایەندا ژیانت بەرەو باشتر دەڕوات. هەرێمی كوردستان و عێراقیش لە 10 ساڵدا ئەتوانن شتێكی تەواو جیاواز بن. تۆ ئەتوانیت ئەو سەرچاوانەی هەتن بە باشیی بەكاریانبهێنیت تا ژیانت بەرەو باشتر بڕوات. ئەگەر یەك تۆز، تەنها یەك تۆز گەشە (بۆ نموونە 2%) هەبێت، لە ماوەیەكی كەمدا رەنگدانەوەی زۆر باشی لەسەر ژیانمان دەبێت، جا وەرە ئەگەر دوو تۆز بێت (بۆ نموونە 4%) و بەردەوام بێت؟ ئایا رێژەی بەرزتر (بۆ نمونە 7%) و بەردەوام (تۆ بڵێ بۆ دوو دەیە بە تێكڕا )، لە توانادایە؟ بەڵێ، بەڵام دونیابینییەكی تری ئەوێت. بەو عەقڵیەتی شەڕ و سوكایەتیی بە یەكتركردنەی ئێمە هەمانە نایەتەدی.

لێرەدا دوو گفتوگۆ هەیە: ئایا ماوە كورتخایەن ئیهمال بكەین بۆ ماوە درێژ خایەن؟ یان بە پێچەوانەوە؟ بەگشتیی، ئابورییناسانی كلاسیك (پێش 1930ییەكان) وتیان ماوە كورتخایەن هیچ نییە، قەیران دروست دەبێت و خۆی سیستمەكە بەبێ دەستوەردان چاكی دەكاتەوە. واتە ئەگەر من و تۆ توشی ئەزمە بووین، گوێی مەیەرێ، خۆی مێشكمان سیستمەكە رێك ئەخاتەوە و دوور لە رووی جەنابت ئەو كەمتەرخەمیی و بێ عەقڵییانەی كردوومانە لائەبات و ئەمانخاتەوە سەر رێی راست. هەمان شتيش بۆ نیشتمانەكەمان راستە. كینز ئەمەی پێچەوانە كردەوە و وتی ژیانمان لە چەند ماوە كورتخایەنێك پێكهاتووە و بەبێ چاكسازیی و دەستوەردان قوربانییەكان زۆر زۆر دەبن. دوای ئەوە خۆناكرێت ئینسان بەناوی بیركردنەوە لە ماوە درێژخایەن، بڵێ "كێشە نییە با خۆم نەژیم، گرنگ جیلەكانی داهاتووە"؟.

ئەمە یەكسان نییە بەوەی ماوە درێژخایەن هیچ بایەخێكی نییە. مرۆڤ پێویستی بە خەونبینینە بە ژیانێكی باشترەوە. خەون-نەبینین خۆكوژییە. ئەمڕۆ هەوڵی بۆ نەدات و پلانی بۆ دانەنێت، 50 ساڵی تریش نایەت یان ئەگەر هات زۆر بە سەقەتیی و خراپتر دێت.

كۆمەڵگەیەكی باشتر تەنها ئیشی جیلی داهاتوو نییە تا بە دڵی خۆیان دیزاینی بكەن، ئیشی ئێمەشە و زانستیش زۆر رێنمایی گونجاوی لەم روەوە پێ بەخشیوین تا بەشداربین لە دیزاینیدا.

مرۆڤ بەبێ خەون ناژی با هێنانەدیشیان كاتی زۆری بوێت، تەنها ئەوەیە قبوڵی بكە سەرچاوەكانمان دەگمەنن، خەونەكان بەش بەش دێنەدی ئەویش بەو مەرجەی بزانین چۆن سەرچاوەكانمان باشتر تەرخان بكەین.