پۆپۆلیزم و دیموکراسی

04/03/2019

یان ڤەرنەر میولەر

ئەگەر پۆپۆلیستەکان کەسایەتییەکی پاوانخوازن و زیانیان هەیە بۆ دیموکراسی، کەواتە بۆچی خەڵکێکی زۆر بە دوای ئەم جۆرە کەسانە دەکەون؟ ئایا راستە بڵێین بەوپێیەی سەرکردە پۆپۆلیستەکان جەماوەرێکی زۆریان هەیە، کە واتە بەشێکی زۆری هاوڵاتیانیش کەسایەتییەکی پاوانخوازیان هەیە و حەزی خۆیانیان بۆ دەسەڵات لە کەسایەتی سەرکردە پۆپۆلیستەکەدا دۆزیوەتەوە؟ ئایا ئەو بەشە زۆرەی هاوڵاتییە مەیلی ئەوەیان هەیە کە هاوڵاتییەکانی دیکەیان پەراوێز بخەن تەنیا لەبەر ئەوەیکە پێیانوایە ئەوانە هاوڵاتییەکی راستەقینە و پاک و بێگەرد نین؟
نوربێرتۆ بابیۆ بیرمەندی ئیتالی هۆکاری سەرنجڕاکێش بوونی سەرکردە پۆپۆلیستەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لە سیستمە دیموکراسییەکاندا ناتوانرێت هەموو ئەو بەڵێنانەی سیاسییەکان بە خەڵکی دەدەن جێبەجێ بکرێت، وا دێتە بەرچاو کە پۆپۆلیستەکان دەتوانن هەموو ئەو کێشانە چارەسەر بکەن کە لیبەرال دیموکراتەکان ناتوانن چارەسەری بکەن.
بێ گومان سەرکردە پۆپۆلیستەکان زووتر سەرنجی ئەو کەسانە بۆخۆیان رادەکێشن کە بێزاربوون لەو یاسا و ڕێوشوینە حکومیانەی کە فەرق و جیاوازیان لەناو خەڵکدا دروستکردوە، بێزاربوون لە خزم خزمێنە و ئەو سیاسییانەی کۆمەڵێک خەڵکی ماستاوچی و خاوەن بەرژەوەندییان لە دەوری خۆیان کۆکردوەتەوە، بێزاربوون لەو دەموچاوانەی زۆر دووبارە بوونەتەوە، بەڵام بە بۆچوونی من سەرکەوتنی پۆپۆلیستەکان بێ بەڵێنی و بەڵێن شکاندنی سیاسییەکانی دیکە دەگەڕێتەوە لەناو سیستمە دیموکراسییەکاندا، پۆپۆلیستەکان بەڵێنی وەها دەدەن کە جێبەجێکردنیان وەک خەون و خەیاڵ وایە و بەر لەوان کەسی دیکە بەو خەستییە بەڵێنی وای بە خەڵک نەداوە، بەڵێنەکان زیاتر لە چوارچێوەی ئەو تێگەیشتە عەوامانەیە لە دیموکراسی کە دەڵێت دەبێت خەڵک خۆیان حوکمی خۆیان بکەن.
پۆپۆلیستەکان لەسەر ئاستی تیۆری بانگەشەی ئەوە دەکەن هەموو خەڵک ئیرادەیەکی هاوبەش و یەکگرتوویان هەیە و دەتوانن خۆیان حوکمی خۆیان بکەن، بەو واتایەی خەڵک لە ڕێگەی نوێنەرە راستەقینەکانی خۆیانەوە ( کە پۆپۆلیستەکان تەنیا خۆیان بە نوێنەری راستەقینەی گەل دادەنێن و ئەوانیتر هەموویان بە دژە گەل دەزانن) هەموو بڕیارەکانی گەل وەک خۆی جێبەجێ دەکەن.
تێگەیشتنی سەرەتایی و عەوامانە لە دیموکراسی بریتییە لە: دیموکراسی واتە ئۆتۆنۆمی، باشترین بژاردەش ئەوەیە نەک زۆرینە بەڵکو هەموو خەڵک بەشداربن لە بڕیاردان. تەنانەت لە ئەسینای کۆنیشدا ئەم تێگەیشتنە سەرەتاییە بۆ دیموکراسی نەبوو، لە ئەسینای کۆندا هاوڵاتیان تێگەیشتنیان بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەبوو و ئەیانزانی ئەگەر ئەمڕۆکە کەسانێک بە نوێنەرایەتی ئەوان لە دەسەڵاتدان، ئەوا سبەی کەسانێکی دیکە دەچنە دەسەڵاتەوە کە نوێنەری ئەوان نین بەڵکو نوێنەری بەشێکی دیکەی خەڵکن، چونکە دیموکراسی بەبێ دەستاودەستکردنی دەسەڵات واتایەکی نییە.
کاتێک ئەم تێگەیشتنە عەوامانەیە لە دیموکراسی لەناو خەڵکدا برەوی سەند کە لە دیموکراسیدا دەبێت هەموو خەڵک بەشداربن لە بڕیاری سیاسیدا، کەچی لە کرداردا ئەم تێگەیشنەیان لە سیستمە دیموکراسییەکە بەدینەهاتووە، هەربۆیە خەڵکێک تووشی بێهیوایی و بێزاری دەبن و خەتاکەش دەخەنە ئەستۆی سیاسییەکان، ئەم خەڵکە بێ هیوا و بێزارە بە خێرایی روودەکەنە سەرکردە پۆپۆلیستەکان.
پۆپۆلیستەکان بە جۆرێک قسە دەکەن و دروشم دەدەن کە دەتوانن هەموو ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکەن کە سیاسییەکانی دیکە ناتوانن یان بە ئانقەست نایکەن، پۆپۆلیستەکان دەڵێن هەموو خەڵک بۆچوونی هاوبەش و ئیرادەی هاوبەش و داواکاری هاوبەشیان هەیە، پۆپۆلیستەکان جۆرێک قسە دەکەن و هەڵسوکەوت دەکەن کە خەڵک هەموو یەکگرتوون و بەهۆی ئەم یەکگرتووییەی خەڵکەوە هەموو هێزەکانی دیکە بە زوویی کۆتاییان پێ دەهێنرێت، پۆپۆلیستەکان دەڵێن ئەگەر خەڵک نوێنەرانی راستەقینەی خۆیان بگەیەننە دەسەڵات ئەوا دەتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.
جیاوازی نێوان دیموکراسی و پۆپۆلیزم لەوەدایە:
 لە دیموکراسیدا زۆرینەیەک نوێنەرەکانی خۆیان دەگەیەننە دەسەڵات بەو هیوایەی کە نوێنەرەکانیان جۆرێک وڵات بەڕێوەببەن کە لەگەڵ خواست و داواکانیان بگونجێت جا لەوانەیە ئەو نوێنەرانە بتوانن یان بیانەوێت بە راستی داواکارییەکانی دەنگدەرەکانیان جێبەجێ بکەن و لەوانەشە نەتوانن، بەڵام لە پۆپۆلیزمدا سەرکردە پۆپۆلیستەکان هیچ رەخنەیەک قبوڵ ناکەن چونکە خۆیان نەک بە نوێنەری زۆرینەی خەڵک بەڵکو بە نوێنەری راستەقینە و ئیرادەی هاوبەشی هەموو خەڵک دادەنێن و هەرجۆرە رەخنەیەک وەک دژایەتیکردنی ئیرادەی گەل لێکدەدەنەوە.
لە دیموکراسیدا زۆرینە بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە و بەرز و نزم دەبێتەوە و دەکرێت زۆرینەش لە بڕیارێکدا هەڵە بکەن ( بۆ نمونە لە ریفراندۆمەکەی بریتانیادا ئێستا هەندێک لەوانەی دەنگیان بە چوونە دەرەوە لە یەکێتی ئەوروپا داوە پێیانوایە هەڵەیان کردووە) بەڵام پۆپۆلیستەکان پێیانوایە گەل لە سەرووی هەموو دامەزراوەکانەوەیە و گەلیش شوناس و ئیرادەیەکی یەکگرتووی هەیە و خۆشیان نوێنگە و ئاوێنەی باڵانوێنی ئەو ئیرادە یەکگرتووەن، بۆیە ناکرێت بڵێین ئیرادەی گەل هەڵەیە و رەخنە لە ئیرادەی گەل بگرین چونکە گەل هەمیشە لەسەر حەقە.
لە دیموکراسیدا کاتێک بەپێی ڕێوشوێنە دیموکراسییەکان بڕیارێک دەدرێت لەبەر ئەوەی بڕیارەکە ڕەنگدانەوەی خواستی زۆرینەی خەڵکە بڕیارێکی ئەخلاقی و پیرۆز نییە کە نابێت رەخنەی لێ بگیردرێت، بەڵام لە پۆپۆلیزمدا تەنیا یەک بڕیار هەیە ئەویش بڕیاری گەلە و پیرۆزە و نابێت دژایەتی بڕیاری گەل بکرێت.
لە دیموکراسیدا ناکرێت تەنانەت زۆرینە وەک هەموو گەل لێکبدرێتەوە، زۆرینەی پەرلەمان ناتوانێت بە ناوی هەموو گەلەوە قسە بکات، بەڵام لە پۆپۆلیزمدا رێک بە پێچەوانەوەیە.
سەردەمێک حیزبە سیاسییەکان رۆڵی نێوەندگیریان هەبوو لەنێوان کۆمەڵگەیەکی پلۆرال و فرەچەشن و سیستمی سیاسیی وڵاتدا، سیستم دەبێت هەندێک بڕیار بدات کە بە دڵی هەموو خەڵک نییە، بە ناچار دەبێت ئەو کەسانەی بڕیارەکەشیان بەدڵ نییە پێی رازی بن، بەو هیوایەی رۆژێک خۆیان لە هەڵبژاردنەکاندا بیبەنەوە و بڕیار بە دڵی ئەوان بدرێت، بە واتایەکی سادەتر دیموکراسی سیستمێکە کە تۆ هەر دوو ئەگەری بردنەوە و دۆڕاندنت بۆ خۆت داناوە، حیزبەکان یان دەچنە دەسەڵاتەوە یان دەبنە ئۆپۆزسیۆنی یاسایی، حیزبێک کە دەبێتە ئۆپۆزسیۆن دەزانێت نوێنەرایەتی کەمینە دەکات و حیزبێکیش کە حکومەت پێکدەهێنێت دەزانێت نوێنەرایەتی زۆرینەیەک دەکات نەک نوێنەرایەتی هەموو خەڵک، بۆیە دیموکراسی واتایەکی دژە پۆپۆلیزمی هەیە، بەو واتایەی کە چ دەسەڵات بیت و چ ئۆپۆزسیۆن ناتوانیت خۆت بە نوێنەری هەموو خەڵک دابنێت و خۆت بە نوێنەری گەل بزانیت و رکەبەرەکانت بخەیتە بەرەی دژە گەلەوە، لە رابردوودا لەناو سیستمە دیموکراسییەکاندا هەندیک حیزبی شمولی هەبوون کە پاشگری گەل و خەڵکیان پێوەبوو بەڵام تەنانەت ئەو حیزبانەش کە ناوەکەیان تا رادەیەک پۆپۆلیستی بوو هەرگیز خۆیان بە نوێنەری هەموو گەل دانەدەنا و رکەبەرەکانیشیان نەدەخستە بەرەی دژە گەلەوە، چونکە لەوە تێگەیشتبوون کە دەبێت هەموویان پێکەوە بژین، بۆ نمونە لە نەمسا مارکسییە سورەکان و کەتۆلیکە محافزکارە ڕەشەکان ناچاربوون قەبوڵی بکەن کە دەبێت لە چوارچێوەی سیستمی سیاسیی دیموکراسیدا پێکەوە هەڵبکەن، بە کورتی حیزبەکان نوێنگەی کۆمەڵگایەکی پلۆرال بوون و سیستمی سیاسیش سیمبۆلی یەکێتی وڵات بوو.
بەڵام لە ئێستادا بەپێی هەندێک پێوەر نە حیزبەکان و نە ئەو سیستمە سیاسییانەی لەسەر بنەمای فرەحیزبی دامەزراون رۆڵی خۆیان بە تەواوی نابینن، بەپێی توێژینەوەکان پۆپۆلیزم لەو وڵاتانەی بەهێزە کە حیزبەکان لاوازبوون، لە هەر شوێنێک پێگەی حیزبەکان لاواز بووبێت و متمانەی خەڵک بە حیزبەکان لاواز بووبێت ئەوا پۆپۆلیستەکان بەهێزتر بوون، بۆ نمونە لە نەوەدەکاندا کاتێک پێگەی حیزبەکان لە ئیتالیا لاوازبوو سەرکردەیەکی پۆپۆلیستی وەک بێرلسکۆنی سەریهەڵدا، لە سەردەمی مۆدێرندا دیموکراسی تەنیا ئەو کاتە واتای هەیە کە حیزبایەتی بە‌هێزبێت.

بەشی دووەم