پۆپۆلیزم چییە؟

20/02/2019

یان ڤەرنەر میولەر

ساڵانێکە هەرێمی کوردستان بە دەست دیاردەی پۆپۆلیزمەوە دەناڵێنێت، سەرکردە پۆپۆلیستەکان لەناو کۆمەڵگایدا زیاتر قسەیان برەوی هەیە، ئەو دروشمانە بەرز دەکەنەوە کە زیاتر لەگەڵ هەست و سۆزی خەڵک دەجوڵێنێت، بەڵام بۆ خەڵکی شی ناکەنەوە کە چۆن دەتوانن داخوازییەکان جێبەجێ بکەن، بە تایبەت دروشمی خۆشگوزەرانی و باشترکردنی ژیانی خەڵک دەدەن، بۆ ئەمە پێویستە بەرنامەیەکی زانستی ئابوری پێشکەش بکەن کە لەگەڵ واقیعی سیاسی و ئابوری هەرێم و عێراق بگونجێت، دەبێت لەگەڵ واقیعی توانا مرۆییەکانی کوردستان بگونجێت، بەڵام پۆپۆلیستەکان لە جیاتی ئەوەی پلانێکی زانستیانەی ئابوری پێشکەش بکەن، هەوڵدەدەن بە کۆمەڵێک دروشم و قسەی دڵخوازی خەڵک رای گشتی لە بەرژەوەندی خۆیان دروست بکەن.
پەیسەرپرێس هەوڵ دەدات لەڕێی وەرگێڕانی زنجیرە وتارێکی چەند نووسەرێکی ناسراوی جیهانەوە ئەم دیارەدەیە زیاتر بۆ خوێنەرانی شی بکاتەوە، وتارەکان دەقاودەق وەرنەگێڕدراون بەڵکو کورتکراوەیەکیان لێ وەرگێڕدراوە، لە هەندێک شوێنیشدا وەرگێڕ لەناو دوو کەوانەدا باسی دیاردەی پۆپۆلیزمی لە کوردستان کردووە.

 
بەشی یەکەم: لۆژیکی پۆپۆلیزیم
نووسینی یان میولەر

پۆپۆلیزم جۆرە تێگەیشتنێکە لە سیاسەت کە کۆمەڵگا بەسەر دوو بەشی تەواو جیاوازدا دابەش دەکات،  بەپێی ئەم تێگەیشتنە وەهمییە بەشێکی کۆمەڵگا لەڕووی ئەخلاقییەوە بە تەواوی پاک و بێگەردن، ئەم بەشە بەو پێیەی خەمێکی هاوبەشیان هەیە یەکگرتوون، لە بەرامبەردا بەشەکەی دیکەی کۆمەڵگا ئەو دەستەبژێرە سیاسی و ئابورییەن کە بە تەواوی گەندەڵن، هەموو سیاسەت و رەفتارەکانیان دژی بەرژەوەندییەکانی بەشە پاک و بێگەردەکەی کۆمەڵگایە.
رەخنەگرتن لە دەسەڵات و دەستەبژێری سیاسی و ئابوری مەرجێکی سەرەکییە بۆ بوون بە کەسێکی پۆپۆلیست، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە هەر کەسێک رەخنە لە دەسەڵات و دەستەبژێری سیاسی بگرێت پۆپۆلیستە، چونکە لەو حاڵەتەدا هەموو رەخنەگران وەک پۆپۆلیست دەناسرێن، ئەوە لەکاتێکدایە پۆپۆلیستەکان جگە لەوەی شەڕی نوخبەی دەستەبژێر دەکەن کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیکەشیان هەیە کە جیایان دەکاتەوە لە رەخنەگرانی دیکە.

پۆپۆلیستەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنیا ئەوان لە بەرەی گەلدان و نوێنەرایەتی گەل دەکەن

پۆپۆلیستەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنیا ئەوان لە بەرەی گەلدان و نوێنەرایەتی گەل دەکەن، ئەوانی دیکە لە بەرەی دژ بە گەلدان، پۆپۆلیستەکان کاتێک لە ئۆپۆزسیۆندان هەموو رکابەرەکانی خۆیان بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکەن، کاتێکیش دەسەڵات بە دەستەوە دەگرن هیچ هێزێک وەک ئۆپۆزسیۆن بە فەرمی ناناسن کە نوێنەرایەتی بەشێکی کۆمەڵگا دەکات.
 پۆپۆلیستەکان هەرچەندە بە ئاشکرا ئەو قسەیە ناکەن، بەڵام لە کرداردا هەر کەسێک لایەنگری حیزبەکەی ئەوان نەبێت ئەوا وەک بەشێک لە خەڵک حیسابی بۆ ناکەن( بۆ نمونە لە هەرێمی کوردستان کەسە پۆپۆلیستەکان کە حیزبەکەی خۆیان تەنیا حەوت کورسی یان نۆ کورسی بەدەستهێناوە، واتە کەمتر لەسەدا ١٠ی خەڵک دەنگیان پێداوە، کەچی کەسە پۆپۆلیستەکانی ئەو حیزبە هەموو دەنگدەرانی حیزبەکانی دەسەڵات کە زیاتر لە نیوەی دەنگدەران دەنگیان پێداون وەک بەشێک لە خەڵک حیساب ناکەن، پێیانوایە ئەو حیزبانەی کە سەرووی ٢٠ کورسیان هێناوە زۆرینەی کورسییەکانیان بە دەنگی ساختە بە دەست هێناوە، پێیانوایە هەموو ئەو خەڵکەی لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی حیزبەکانی دیکەدا بەشداری دەکەن بە زۆر و هەڕەشە بەشدارییان پێکراوە، زۆر جار بە ئاشکرا لایەنگری حیزبەکانی دەسەڵات بە کۆیلە ناودەبەن و ... وەرگێڕ ) 
پۆپۆلیستەکان هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نوێنەرایەتی هەموو خەڵک دەکەن، ئەو بەشەی کە لایەنگری خۆیانن وەک هەموو کۆمەڵگا دەناسێنن، کاتێک کە قسە دەکەن بە ناوی خەڵک و بە نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵکەوە قسە دەکەن، بۆ نمونە جۆرج ڤالاس کە دژی ڕەشپێستەکان بوو و لایەنگری جیاکاری نژادی بوو، کاتێک وەک وەک سەرۆکی ویلایەتی ئالاباما سوێندی خوارد وتی" بە نوێنەرایەتی مەزنترین گەلێک کە تا ئێستا جیهان بەخۆیەوە بینیوە بە هەموو ستەمکاران دەڵێم: بەڵێ بۆ جیاکاری نژادی، سبەی هەر دەڵێم بەڵێ بۆ جیاکاری نژادی، بۆ هەتاهەتایە بەڵێ بۆ جیاکاری نژادی"، جیاکاری نەژادی بۆ هەتا هەتایە بەردەوام نەبوو، بەڵام وتە رەگەزپەرستانەکەنی ڤالاس بۆ هەتاهەتایە وەک پەڵەیەکی شەرم تۆمارکرا.
ئەوەی پۆپۆلیست بوونی ڤالاس دەسەلمێنێت ئەوەیە کە ناوبراو چۆن مافی بە خۆی داوە کە بەناوی هەموو خەڵکی ئەمریکاوە قسە بکات؟ ئەو چۆن ئەتوانێت بە نوێنەرایەتی هەموو ئەمریکاوە قسە بکات لەکاتێکدا بە ملیۆنان ئەمریکی سپی پێست هەبوون کە داوای یەکسانی نەژادنی نێوان ڕەش و سپییان دەکرد و دژی سیاسەتی جیاکاری و رەگەزپەرستانە بوون.

 پۆپۆلیستەکان لە راستیدا بەشێک لە خەڵک وەک هەموو گەل سەیر دەکەن

 پۆپۆلیستەکان لە راستیدا بەشێک لە خەڵک وەک هەموو گەل سەیر دەکەن، کاتێک لە ریفراندۆمی برێگزێت لایەنگرانی هاتنە دەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا سەرکەوتن، نایجل فاراژ کە لە سەرکردە دیارەکانی لایەنگری هاتنە دەرەوەی بریتانیا بوو لە وتاری سەرکەوتندا وتی: " ئەمە سەرکەوتنی راستەقینەی گەلی بریتانیایە" واتا بەبۆچوونی نایجل فاراژ ئەو لەسەدا ٤٨ی کە دەنگیان بە مانەوە لە یەکێتی ئەوروپا دابوو بەشێک لە گەلی بریتانیا نەبوون، یان سەرنجی ئەو قسەیەی دۆناڵد ترەمپ بدەن لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لایەنگرانی خۆیدا وتی :" تەنیا شتێک کە گرنگە یەکێتی و یەکگرتوویی ئێوەیە چونکە خەڵکی دیکە بۆ ئێمە هیچ گرنگییەکیان نییە"، ( سەرنجی کۆمێنتەکەی شاسوار عەبدولواحید بدەن و بەراوردی بکەن بە قسەکانی ترەمپ و ڤالاس و پۆپۆلیستەکانی دیکە کاتێک کە لە وەڵامێکی کۆمێنتی هاوڵاتییەک لە فەیسبووک لەسەر یەکێتی دەڵێت یەکێتی بە خێری خەڵکی سلێمانی لەم شارەدا جێگایان بووەتەوە و میوانێکی رەزا قورسن، شاسوار عەبدولواحید ئەو هەزاران دەنگدەر و جەماوەرەی یەکێتی لە سلێمانی بە بەشێک لە خەڵکی شار نازانێت، هەروەکچۆن ترەمپ هەموو ئەمریکییەکان بە ئەمریکی نازانێت).
پۆپۆلیستەکان زۆر جار بناخەی سیاسەتیکردنیان لەسەر بنەمای دوو چەمکی  کار و گەندەڵیدا دادەنێن، بەو واتایەی دوو خۆرە خەڵک هەن، جۆرێکیان زەحمەتکێشن و پاک و بێگەردن و جۆرەکەی دیکەیان گەندەڵ و مشەخۆرن، پۆپۆلیستە راستڕەوەکان جگە لەم دابەشکارییە تەنانەت خەڵکی هەژار و کەمداهات و پەرواێزخراوی کۆمەڵگاش دەخەنە ریزی خەڵکی مشەخۆر و بێ کەڵکەوە کە بارن بەسەر کۆمەڵگاوە، لە مێژووی ئەمریکا دەکرێت ئاماژە بە لاینەگرانی ئەندرۆ جەکسۆن بکەین کە لەلایەکەوە دژی چینی سەرمایەدار بوون و لەلایەکی دیکەشەوە دژی چینە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگا وەک سورپێسەکان و ڕەشپێستەکان بوون.

پۆپۆلیستە راستڕەوەکان جاری وایە پەیوەندییەک لەنێوان نوخبەی دەستەبژێری سیاسی و خەڵکی پەراوێزخراودا دروست دەکەن 

پۆپۆلیستە راستڕەوەکان جاری وایە پەیوەندییەک لەنێوان نوخبەی دەستەبژێری سیاسی ( کە بەشێک نین لە خەڵک) و خەڵکی پەراوێزخراودا دروست دەکەن و هەردوکیان دەخەنە بەرەی دژە گەلەوە، بۆ نمونە کاتێک دژایەتی باراک ئۆبامایان دەکرد لەلایەکەوە دەیانوت ئۆباما نوێنەرایەتی ئیرادەی نوخبەی دەستەبژێری سیاسی و ئابوری ئەمریکا دەکات و لەلایەکی دیکەشەوە ئەیانوت ئۆباما ڕەشپێستێکی کۆچبەرە و ناتوانێت نوێنەرایەتی ئەمریکییە رەسەنەکان بکات، هەربۆیە هەموو هەوڵێکیان دەدا بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ئۆباما کاتی خۆی رەگەزنامەی ئەمریکی ساختەکردووە و دەیانوت چۆن دەبێت کەسێک کە خاوەنی رەگەزنامەی ساختەیە بەرزترین پۆستی ئەمریکا داگیر بکات.
پۆپۆلیستەکان لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا شەرعییەتی هەموو رکەبەرەکانیان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، دروشم دەدەن " هەموویان دەبێت بڕۆن"، " حیزبەکانی دیکە هیچ جیاوازییەکیان پێکەوە نییە و هەموویان دز و گەندەڵن"، " دەبێت بڕۆن و ئەم وڵاتە چۆڵ بکەن" و " هەموویان دەدەینە دادگا و ..."، هەربۆیە کاتێک دەگەنە دەسەڵات هیچ هێزێکی ئۆپۆزسیۆن بە فەرمی ناناسن، چونکە خۆیان نوێنەری هەموو خەڵکە باشەکەن و هیچ هێزێکی دیکە نییە نوێنەرایەتی ئەوان بکات.
کاتێک حیزبێکی پۆپۆلیست هەڵبژاردن دەدۆڕێنێت، دەڵێن دۆڕاندنەکەیان لەبەر ئەوە نییە کە خەڵک ئەوانی ناوێت، بەڵکو یان ساختەکاری کراوە یان هێشتا زۆرینەی خەڵک ترسیان لە دەسەڵات نەشکاوە بۆ ئەوەی ئیرادەی راستەقینەی خۆیان نیشانی دەسەڵات بدەن.

پۆپۆلیستەکان هەمیشە لە وەهمی ئەوەدان کە نوێنەرایەتی هەموو خەڵک دەکەن، نازانن کە کەس و هێزێک ناتوانێت نوێنەرایەتی هەموو خەڵک بکات، تەنانەت بۆ یەک دەقیقەش

پۆپۆلیستەکان هەمیشە لە وەهمی ئەوەدان کە نوێنەرایەتی هەموو خەڵک دەکەن، نازانن کە کەس و هێزێک ناتوانێت نوێنەرایەتی هەموو خەڵک بکات، تەنانەت بۆ یەک دەقیقەش، چونکە خەڵک بەردەوام دەگۆڕدرێن، هەندێک خەڵک تازە لە دایکبوون، هەندێکی دیکەش ئەمڕۆ مردوون، لە دوای شۆڕشی فەرەنسا روبسپیێر دەیوت: " من خۆم خەڵکم" بە هەمان شێوە کە بەر لە شۆرش پاشاکانی فەڕەنسا خۆیان بە ئیرادەی هەموو خەڵک دادەنا.
 ڕەنگە هەندێک کەس پرسیاری ئەوەبکەن بۆچی پۆپۆلیستەکان بەردەوام داوای ریفراندۆم و هەڵبژاردن دەکەن؟ بۆ مەگەر ریفراندۆم و هەڵبژاردن بە واتای گەڕانەوە بۆ ئیرادە و بۆچوونی خەک نییە؟ راستە پۆپۆلیستەکان زۆرجار باسی هەڵبژاردن و ریفراندۆم دەکەن، بەڵام ئەمە بۆ ئەوە نییە کە پۆپۆلیستەکان پێیانوایە کە دەبێت بەردەوام خەڵک لە پرۆسەی سیاسیدا بەشداربن، بەڵکو تەنیا بۆ ئەوەیە کە خەڵک لە ریفراندۆمدا پشتگیری بۆچوونەکانی سەرۆکە پۆپۆلیستەکەیان بکەن، پۆپۆلیستەکان تا ئەو کاتەی دڵنیابن خۆیان هەڵبژاردن دەبەنەوە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ هەڵبژاردن و ریفراندۆمدا نییە.
پۆپۆلیستەکان ئەو کاتەی لە دەسەڵاتدان خۆیان بە کوێخای خەڵک دادەنێن،  کەسانی نزیک لە بێرلێسکۆنی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیتالیا داوایان لە خەڵک دەکرد کە خەیاڵیان ئاسوودەبێت، نیگەرانی هیچ شتێک مەبن، بچن لە ماڵەوە دابنیشن و سەیری تەلەفیزیۆن بکەن، چونکە وڵاتەکەمان داوەتە دەست بازرگانێکی ئەمینەوە کە ئیتالیاش بە هەمان شێوەی کۆمپانیاکانی زۆر سەرکەوتووانە ئیدارە دەکات.

پۆپۆلیستەکان هەرگیز دان بەوەدانانێن کە لە هەڵبژاردندا دۆڕاون، بەردەوام پاساوێکی بەبۆچوونی خۆیان بەهێزیان هەیە، ڤیکتۆر ئۆربان لە هەنگاریا کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٢دا لە هەڵبژاردندا دۆڕا وتی: " گەل ناوێرێت پشتگیری ئۆپۆزسیۆن بکات"، مانوێل لۆپێز لە مەکزیک لە ساڵی ٢٠٠٦دا کاتێک هەڵبژاردنەکانی دۆڕاند وتی:" لەڕووی ئەخلاقییەوە مەحاڵە خەڵک دەنگیان بە رکەبەرە راستڕەوەکەی دابێت" هەربۆیە لۆپێز خۆی وەک سەرۆک کۆماری شەرعی مەکزیک دەناساند، لە هۆڵنداش کاتێک ڤیلدرز دۆڕاندی ئەیوت پەرلەمانی هۆڵندا پەرلەمانێکی کارتۆنییە و پەرلەمانتارەکانیش بێ ئیرادە و کارتۆنین، دۆناڵد ترەمپیش کاتێک لە پڕۆسەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی کۆمارییەکاندا لە ویلایەتێک دەیدۆڕاند، بێ دوو دڵی ئەیوت ساختەکاری کراوە و لە بەرژەوەندی رکەبەرەکانی دەستکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کراوە.

 بە کورتی پۆپۆلیستەکان لە دوای هەر دۆڕاندنێک هەرگیز ئەو گومانەیان لا دروست نابێت کە رەنگە خەڵک متمانەیان بەوان نەبێت

 بە کورتی پۆپۆلیستەکان لە دوای هەر دۆڕاندنێک هەرگیز ئەو گومانەیان لا دروست نابێت کە رەنگە خەڵک متمانەیان بەوان نەبێت، بەڵکو هەمیشە پێیانوایە و بانگەشەی ئەوە دەکەن ساختەکاری کراوە، دامەزراوەکانی حکومەت گەندەڵن و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیان دەستکاری کردووە، ئەگەر کەسیش گومانی لە دیموکراتی بوونی دامەزراوەکانی حکومەت و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان نەبێت، ئەوا بەوحاڵەشەوە پاساو دەهێننەوە کە بێت و نەبێت دەسەڵاتدارە گەندەڵەکان رێگەیەیەکیان دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی خیانەت لە دەنگەکانی خەڵک بکەن.
حەوت  بۆچوونی کورت سەبارەت بە پۆپۆلیزم
یەکەم: پۆپۆلیزم هەڕەشەیەکی بەردەوامە بۆ سەر ئەو سیستمە سیاسییانەی کە تیایاندا لەڕێی هەڵبژاردنەوە دەستاودەستی دەسەڵات دەکرێت، بەردەوام ئەگەری ئەوە هەیە کەسێک سەرهەڵبدات کە خۆی بە نوێنەری هەموو خەڵک دابنێت و بە ناوی خەڵکەوە  دژایەتی دەسەڵات و حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنیش بکات، پێیانوایە تەنیا ئەوان نوێنەرایەتی خواست و داواکارییەکانی خەڵک دەکەن. 
دووەم: هەر کەسێک رەخنە لە دەسەڵات بکرێت پۆپۆلیست نییە، بەڵکو ئەوانە پۆپۆلیستن کە تەنیا خۆیان بە نوێنەری خەڵک دادەنێن و دژایەتی هەموو هێزەکانی دیکە دەکەن 
سێیەم: پۆپۆلیستەکان بەردەوام خۆیان بە داکۆکیکاری سەرسەختی بەرژەوەندی گشتی دادەنێن.
چوارەم: پۆپۆلیستەکان زۆرجار داوای هەڵبژاردن و ریفراندۆم دەکەن بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە لەگەڵ ئەوەدان خەڵک لە دروستکردنی بڕیاری سیاسیدا بەشداربن، بەڵکو ئەوان تەنیا مەبەستیانە خەڵک بۆچوونەکانی سەرکردە پۆپۆلیستەکەیان پشتڕاست بکەنەوە.
پێنجەم: پۆپۆلیستەکان کاتێک بە دەسەڵات دەگەن، دەست بەسەر دامەزراوەکانی حکومەتدا دەگرن، لەڕێی پارەوە خەڵک دەکڕن، خۆیان کە هەموو خەڵکیان پێ گەندەڵە، گەندەڵی گەورە دەکەن، کۆمەڵگای مەدەنی لاواز دەکەن، رەخنەگران سەرکوت دەکەن و هەر کەس رەخنەیان لێ بگرێت بە شێوازی جۆراوجۆر تۆمەتباریان دەکەن، هەوڵ دەدەن بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا دەستکاری دەستور بکەن.
شەشەم: پۆپۆلیستەکان مەترسییەکی جدین بۆ سەر دیموکراسی، ئەمە بەو واتایە نییە کە نابێت گفتوگۆ و دیالۆگیان لەگەڵدا بکرێت، دەبێت لایەنە سیاسییەکانی دیکە ئەو کێشانەی پۆپۆلیستەکان باسی دەکەن بە جدی وەریبگرن بەڵام نابێت ئەو شێوازە چارەسەرییەی کە پۆپۆلیستەکان باسی دەکەن پەیڕەو بکرێت.
حەوتەم: پێچەوانەی ئەوەی بانگەشەی دەکەن دیاردەی پۆپۆلیزم خەڵک لەگەڵ سیاسەتدا ئاشت ناکاتەوە و نابێتە هۆی زیادبوونی بەشداری خەڵک لە بڕیاری سیاسییدا، بەڵام گەشەسەندنی دیاردەی پۆپۆلیزم سەلمێنەری ئەوەیە هەندێک چینی کۆمەڵگا هەیە کە حیزبەکانی دیکە نەیانتوانیوە نوێنەرایەتی خواست و ئیرادەیان بکەن، بۆیە ئەو بەشە لە کۆمەڵگا لە هیزەکانی دیکە بێزاربوون و پشتگیری هێزێکی پۆپۆلیستی دەکەن.