رۆشنبیری کوردی و کردنەوەی مارکێت

10/05/2019

ئیسماعیل مەحمودی

دەمێکە بیرمەندان، رۆشنبیران و مامۆستایان زانکۆکانی  کوردستان رۆڵی گەڕیدە دەگێڕن  بەردەوام خەرێکی هێنان و هاوردەکردنی شتی سەیر و سەمەرە لە وڵاتانی رۆژئاوایی و تەنانەت وڵاتانی درواسێن و پێدەچیت دەیانەوێت خەڵک تووشی شۆک و سەرسوڕمان بکەن و وەک ئەوەی مارکێتیەکی گەورەیان کردبێتەوە بەردەوام خەرێکی  نواندن و پیشاندانی  چەمکی نوێ و  بیرمەندی نوێ و تیۆری نوێ و فەلسەفەی نوێ و هەروەها جاربەجاریش سەرقاڵی تاقیکردنەوە و داسەپاندنی ئەو تیۆرە نوێیانەن لە سەر کۆمەڵگەی کوردی.

 لەم مارکێتە قەرەباڵەغەی رۆشنبیرانی کوردی لە مۆدێرنەوە بۆ پۆست مۆدێرن و لە هێگل و مارکس و هایدەگەر و نیچەوە بۆ ژیژەک و بدیوو و مورادی فەرهاد پوور پیشان دەدرێت و هەموو شتێک دەس دەکەوێت. فەزای رۆشنبیری و تەنانەت ئاکادێمیکی کوردی بوەتە بازارێک بۆ مەزات و نیشاندان و نواندنی کالای فەرهەنگی و سیاسی و تیۆری رۆژئاوایی کە کەمترین پەیوەندیان بە کەش و هەوای سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی کوردوە هەیە. لە ئیستەدا ئەتوانین بڵێین ئەرک وکارکرد و کارتایبەتی  زۆربەی رۆشنبیران و نووسەران و هەوەها بەشێکی بەرچاوی مامۆستایانی زانکۆ بوەتە لە بەرکردنی نێوی فەیلەسووفان و بیرمەندانی رۆژئاوایی و هەروەها هاوردەکردنی بەردەوامی چەمک و تیۆری نوێ و خوێندنەوەی و تاقیکرنەوەی کۆمەڵگەی کوردی بە پێ ئەو  چەمک و تیۆرە رۆژئاواییانە و بێ ئەوەی  کەمترین ڕەچاوی واقێعی مێژوویی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بکرێت. پێدەچێت زۆرتر رۆڵی گەڕیدە دەگێرن و لە باتی چاکسازی و رێفورم و چاک کردنی فەزای گەشتی، بیر فرۆشتنی نێوی فەیلەسووف و بیرمەندی رۆژئاوایی و گێڕانەوەی سەقەتیان بۆ خەڵکی ئاسایین.

مەکتەبی نوێ مێژووگەرایی بڕوای بە مێژوومەندی تیۆر هەیە.واتە لە روانگەی ئەم مەکتەبەوە  هەر دیاردە و چەمکێک خاوەن مێژووی تایبەتی خۆیەتی و پێشینەیەکی فەرهەنگی و سیاسی لە پشت سەرهەڵدانی ئەو دیاردە و چەمکێکدا هەیە. لەم روانگەیەوە  دەکرێت بڵیین بەرهەمی  تیۆری فەرهەنگی و سیاسی هەر کۆمەڵگەیەک تایبەتە بە کەش و هەوای فەرهەنگی و مێژوویی ئەو کۆمەڵگەیە و  بە واتایەک  هەر تیۆرێک دەرکەوتەی مێژوویی و فەرهەنگی ئەو کۆمەڵگەیە کە لەوێدا ئەو تیۆرییە لە دایک بووە بۆیە ناکرێت تووشی ئەو هەڵەیە ببێن کە بە ئاسانی و ساکاری دەکرێت لە کۆمەڵگەیەکی دیکەدا وەک خۆی دابەزێنین. بۆ وێنە ئازادی. فەزای گشتی، مۆدێرنیتە، پۆست مۆدێرنیتە، پرۆتیستانیزم، رۆشنگەری و دیمۆکراسی بەرهەمی مێژوویی و فەرهەنگی کۆمەڵگەی رۆژئاوایین و دابەزاندنیان لە شوێن و وڵاتانی دیکە بەو ساکاریە کە رۆشنبیرانی ئێمە بیری لێ دەکەنەوە ئەگەری نییە. 

جیا لەوەی دیاردە و چەمکی وەک دیمۆکراسی و ئازادی پەیوەستن بە بوونی دەوڵەت. لێرەوە ئیدعای رۆشنبیرانی ئیمە بۆ دابزاندنی یەک شەوەی ئەم دیاردە مێژوومەندانەی رۆژئاوا  لە رێگەی  لاسایی کردنەوە و نووسینی چەند یادداشت و وتار و کتێبی کەم بایەخ و وەرگێران و لە بەرکردنی چەندین نێوی بیرمەند، زۆرتر لە شیعر و خەون دەچێت تا واقێعییەت. هەڵبەت ئەمە بە مانای ئەوە نییە هەوڵ  بۆ بە دیمۆکراسی و تازەکردنەوە و چاکسازی کۆمەڵگەی کوردی بێ ماناییە و نابێت بیری لێ بکرێتەوە بەڵکۆ بەو ماناییە کە پێویستە وریا و شارەزا بین پرسی بە دیمۆکراسی کردن و مۆدێرنکردن مێژوومەندن و بۆیە پێویست بە ڕەچاوکردن و خوێندنەوەی کۆمەڵگەی کوردی لە لایەکەوە و لە لایەکەی دیکەوە بیرکردنەوە لە یەکەی دەوڵەت- نەتەوەیە دەکرێت و  لێرەوە پرسیارەکە ئەوەیە لە نەبوونی دەوڵەت لە لایەکەوە و بە پەرواێزخستنی دەق و هەناوی کۆمەڵگەی کوردی لە لاییەکی دیکەوە دەکرێت لە ریگەی لە بەرکردنی هەندێ تیۆری رۆژئاوایی و نێوهێنانی چەندین بیرمەند و فەیلەسووفی رۆژئاوایی لە لایان چەند کەسی بە نێو رۆشنبیرەوە ئیدعای بە مۆدێرنکردن و بە دیمۆکراسی کردنی کۆمەڵگەی کوردی و یان باس لە رۆشنگەری کوردی بکرێت؟

بە لە بەرچاوگرتنی ئەو قسانەی سەرەوە دەکرێت بڵێین بە کارهێنانی تیۆری تایبەت بۆ کۆمەڵگەی رۆژئاوایی و سەپاندیان لە سەر کۆمەڵگەی کوردی تا رادەیەکی زۆر کیشەسازە و دەبێت هۆی شپرزەیی بۆیە لە باتی دووپاتکردنەوەی تیۆر و چەمکی رۆژئاوایی و سەپاندن و تاقیکردنەوەی لە سەر کۆمەڵگەی کوردی کە بە پێ مەکتەبی نوێ مێژووگەرایی دەبێتە هۆی ملكه‌چی فەرهەنگی و ئامرازی هێژمونی باشتر و زانستی تر ئەوەیە بە کەڵک وەرگرتن لە مێتۆدولۆژی رۆژئاوایی لە رێگەی خوێندنەوەی دەق و هەناوی کۆمەڵگەی کوردیەوە بیر لە تیۆردانانی خۆماڵی بکرێتەوە و لە باتی تەماشاکردنی کۆمەڵگە لە دەرەوە و بە یارمەتی تیۆری رۆژئاوایی لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردییەوە لە گەڵ کۆمەڵگا و دەقەکوردییەکان  گفت و گۆ و باسکردن ساز بکرێت و ئەولەویەت بە تیۆردانان لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردییەوە بدرێت و ئیتر واز لە رۆڵی گەڕیدە و کردنەوەی ماکیتی نێوی بیرمەندان بهێنێت.