پاراستنی ھێڵی سێیەم چۆن؟

24/06/2019

بەرهەم لەتیف

ئۆجالان کاتێک لە پەیامەکەی ٢١ی حوزەیراندا بە ھەدەپەی وت «ھێڵی سێیەم بپارێزە» پێی نەوتن دەست بە کڵاوەکەی خۆتانەوە بگرن و بێ لایەن بن، ھەدەپە ھاوپەیمانییەکی لەگەڵ جەھەپە ھەیە، ستراتیژی ھەدەپە تێکشکاندنی ئاکەپەیە، ئۆجالان جەختی لە پاراستنی ھێڵی سێیەم کردەوە بەو مانایەی کە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانییەکەدا ھێڵی خۆت بپارێزە، بەڵام دەست لە ھەوڵەکانت بۆ تێکشکاندنی فاشیزمی ئاکەپە-مەھەپە ھەڵمەگرە، سەرەنجامیش تێکشکاندنی فاشیزمە کە ئاکەپە ناچار بە دانووستان دەکات.

ئێستا بۆ جاری دووەم ستراتیژی هەدەپە سەرکەوت، ئاکەپە شکستی ھێنا، ئەمجارە تۆپەکە دەکەوێتە گۆڕەپانی جەھەپەوە، ڕاستییەک ھەیە کە ئەگەر نەڵێین سیاسەتی ئاکەپە و جەھەپە یەکە، ئەوا جیاوازییەکی ئەوتۆشیان نییە، بەڵام لێرەدا خاڵێک ھەیە کە دەتوانێت ھاوسەنگییەکان بگۆڕێت، ئەویش ھێزی کوردە، کورد بۆ جاری دووەم وانەیەکی بە ئاکەپە و جەھەپەش دا، بە ئاکەپەی وت ئەوەی بەسەرتھات دەرەنجامی سیاسەتی سەرکووتکاریی و نکۆڵیکردن بوو لە کورد، بە جەھەپەشی وت ئەگەر تۆش شوێنپێی ئاکەپە ھەڵبگریتەوە، ئەوا بە ھەمان چارەنووسی ئاکەپە دەچیت..

ئاکەپە چیتر ناتوانێت بەو سیاسەتەی ئێستای بەردەوامبێت، ئەم دۆڕانەی ئەستەنبووڵ سەرەتای تێکچوونێکی گەورەتری ئاکەپە دەبێت، لێرەوە سەردەمی دانووستان دیێتەوە ئاراوە، وەک ئۆجالانیش لەم دوو پەیامەی کۆتاییدا ناوی لێ ناوە «دانووستانی دیموکراتی»، دانووستانێک کە جۆرێک لە چارەسەریی بەدوای خۆیدا بھێنێت، ھەڵبەت ئەمەش دوور نییە، چونکە کورد خاوەن ھێزی فشارە، دەتوانێت ھاوسەنگییەکان بگۆڕێت، تەنانەت توانای کێبڕکێی دەسەڵاتی ھەیە، بۆیە ھەرکەس بییەوێت شوێن پێی خۆی لە حکومڕانیی تورکیادا قاییم بکات، پێویستی بە پشتیوانیی کوردە، ئەم پشتیوانییەش دوای ھاتنە ئارای چارەسەرییەکی دیموکراتی دەبێت بۆ پرسی کورد، کە تێیدا مافەکانی کورد مسۆگەربکرێت.

سیاسەت بە ترس و سازش ناکرێت، سیاسەت پێش ھەموو شتێک ئیرادەی دەوێت، ئیرادەیەکی ئازاد کە پشتی بە گەل قاییم بێت، سیاسەت نەفەسدرێژیی دەوێت نەک ھەستی تۆڵەکردنەوە، سیاسەت دەبێت دیموکراتی بێت، بێگومان ئەو سیاسەتەیە کە دواجار سەرکەوتن مسۆگەر دەکات