ڕووخانی ڕۆژئاوا و گرێی متمانە

07/10/2019

بەرهەم لەتیف

ڕۆژئاوا بە پشتیوانیی ئەمریکا نەبووەته‌ بەم ڕۆژئاوایەی ئەمڕۆ، تا بە ڕۆشتنی بڕووخێت. ئەوەی ڕۆژئاوای گەیاند بەم ئاستەی ئێستا بەرخۆدانی هاوبەشی گەلانی ئەو ناوچانە بوون دژ بە زوڵم و تیرۆر،  ئەوە گەلانی ئەو ناوچانەن هەشت ساڵە بە گیان و سەروماڵی خۆیان باج دەدەن نەک ئەمریکا، بۆیە ناکرێت ئەو ئیرادە و بەرخۆدانە نادیدە بگرین و هەموو هیواکان لەسەر ئەمریکا یان هەر هێزێکی دیکەی دەرەکیی هەڵچنین.

یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی کورد بەدرێژایی مێژوو هەڵچنینی مڵۆی هیوای بووە لە دەرەوە، بۆنموونە تەماشای سەرهەڵدانی ئەیلول بکەین، مەلا مستەفابارزانی بە ١٠٠ هەزار پێشمەرگەوە كۆتایی به‌ شۆڕش هێنا، تەنها لەبەر ئەوەی ئێران ئامادەنەبوو پشتیوانیی لێبکات، ڕەنگە ئەمە مشتێک بێت لە خەرواری خیانەتی دەرەکیی لە کورد، کەواتە چۆن دەبێت هێشتا هیوا لەسەر دەرەوە هەڵچنین؟

لەسەر هێڵی ئەو فکرەی کە لەسەری دامەزراوە، ڕۆژئاوا لە هەشت ساڵی تەمەنی شۆڕشی خۆیدا، پشتی بە گەلەکەی بەست نەک هێزی دەرەکیی، گەلەکەی کرد بە هێز و خاوەن ئیرادە و باوەڕیی، ئەمەش بەشێکی بەرچاوی فاکتەری سەرکەوتنەکانی بوو، ئەو هێزە بوو کە ئەمریکا و ڕوسیا و فەرەنسا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپای هاندا بۆ ئەوەی سیاسەت لەگەڵ ڕۆژئاوا بکەن، کەواتە تا نەبیتە خاوەن هێز حسابت بۆ ناکرێت.

ئەمڕۆ ڕۆژئاوا خاوەن هێزە، هێزێک کە بووەتە پاڵەوانی تێکشکاندنی داعش، بۆیە ئیمکانی نییە کە ڕۆڵی ئەم هێزە لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا نادیدە بگیرێت، بەتایبەت لە ناوچەیەکدا کە سوریایە و وێستگەی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

تورکیا لە لاوازییدا هێرش بۆ ڕۆژئاوا ئه‌نجام ده‌دات، دەمێکە سیاسەتەکەی لە سوریا شکستی هێناوە، بەڵام ئەو فشارە زۆرە ناوخۆییەی کە لەسەر ئەردۆغان هەیە، گەیاندوویەتییە ئەو بڕیارەی کە هێرش بکات، هێرش بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانییەتی و کپکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکان، چونکە تورکیا لە چوار ساڵی ڕابردوودا قەبارەیەکی زۆری بودجەی بۆ سوپا و کڕینی چەک و تەقەمەنیی خەرجکردووە و لە بەرامبەریشدا زۆرترین شکستی خواردووە، بەتایبەت لە قەندیلەوە، بۆیە دەبێت هەندێک دەستکەوت بەدەستبهێنێت تا ئەو شکستانەی پێ پڕبکاتەوە.

لێ ڕۆژئاوا پاروویەکی هەروا ئاسان نابێت بۆ تورکیا، لە ڕۆژانی ڕابردووشدا بەرپرسانی ڕۆژئاوا ئەوەیان نەشاردەوە، کە ئەگەر بێتوو تورکیا هێرش بکات، ئەوان ئەو شەڕە بە هەموو سنوورەکانی تورکیادا درێژدەکەنەوە، بێگومان تورکیا تا ماوەیەکی زۆر توانای پاراستنی مەودای ٩١١ کیلۆمتەری نییە، کە لە عەفرینە درێژدەبێتەوە بۆ دێرک، بەوپێیەی لە باشووریشەوە لەبەردەم شەڕێکی سەختدایە بەرامبەر گەریلا.

خاڵی گرنگ لێرەدا، چۆنییەتی ڕوانینە لەو هێرشانە، ئایا ئەمە تەنها هێرشێکە بۆ ڕۆژئاوا و بەس؟ یان لە ڕاستیدا ئەمە هێرشی سڕینەوەی کوردە؟ بێگومان کۆمەڵکوژکردن و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک لە سەردەمی ئیتیحاد و تەرەقیی عوسمانییەوە تا ئەمڕۆی ئەردۆغان، پێمان دەڵێت کە فاشیزمی تورکیی نکۆڵیکەری هەبوونی نەتەوەی کوردە، کەواتە ئەرکی هەموو تاکێکە لەم دۆخەدا خاوەن هەڵوێستبێت، چونکە ئەمە هیچی لە لۆزانێکی دیکە کەمترنییە، جیاوازیی لەگەڵ ڕووخانی کۆماری مهاباد نییە، ئەمە هەمان قۆناغی سەد ساڵی ڕابردووە بەسەر کورد-دا دووبارە دەبێتەوە، بۆیە گرنگە ئەمڕۆ ڕۆژئاوا تەنها نەهێڵین، ئەگەر بێتوو یەکگرتنی کورد بۆ ڕۆژئاوا پێکبێت، مسۆگەر لەم قۆناغە دژوارەشدا سەردەکەوین، هەروەک چۆن کۆبانێ بە یەکگرتنی ناوخۆیی بوو بە سمبولی بەرخۆدان و خۆڕاگریی.