‎كوردەكانی بەریتانیا هەمان هەڵەی ئەمریكایان كرد

15/12/2019

كوردستان ئەحمەد


‎كاتێك دۆناڵد ترەمپ و هیلاری كلنتن، كاندید بوون بۆ سەرۆكی ئەمریكا، هیچ كەس دۆناڵد ترەمپی نەدەناسی بەتایبەت كورد، بەڵام هیلاری كلنتن زۆر بەباشی دەناسرا، كوردیش ئاگای لە هیلاری هەبوو دورو نزیك، ئەوكاتە دۆناڵد ترەمپ، كەم و زۆر هیچی لەسەر كورد نەدەزانی ،بەڵام هیلاری ئاشنای هەبوو بەكورد بە بۆنەی هاوسەرەكەی بنكلنتۆنەوە.

‎بەشێكی زۆر لە كوردەكانی ئەمریكا، دەنگیان بە هیلاری كلنتن دا وبەشداربوون لەكەمپینەكەی هیلاری، پێیان وابوو ترەمپ بۆ كورد خراپە وهیچ بۆ خەڵكەكەیان ناكات، بەڵام بینیمان كاتێك دۆنالد ترەمپ  بوو بە سەرۆكی ئەمریكا، تەنها لە مانگێكدا ٣٨ جار ناوی كوردی هێنا، ڕەنگە ئەمە لای خەڵك گرنگ نەبێت بەڵام لەڕاستیدا باشترین كارێكە كە ترەمپ بۆ كوردی كردبێت.

‎ڕەوەندی كوردی لە ئەمریكا، هەڵەیەكی گەورەی كرد، لەبەر ئەوەی نەیتوانی لە چوارچێوەی ناوێكی دیاریكراودا،  لە چوارچێوەی گروپێكدا وەك لۆبیەكی بەهێز كۆببێتەوەو بكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ سەرپەرشتاری كەمپینەكەی ترەمپ بۆ ئەوەی كە بوو بەسەرۆك كوردی  لە بەرچاو بێت.

‎واتە ئەگەر لۆبی و ڕەوەندی كوردی لە ئەمریكا یەك دەنگ بوایەو یەك ناوی هەبوایەو لە چوارچێوەی زنجیرەیەك بەڵێندا دەنگیان بە ترەمپ بدایە ، ئەوا بێگومان ڕەوەندی كوردی كارتێكی بەدەستەوە بوو كە دەیتوانی ڕووبكاتە ترەمپ وبەكاری بهێنێت، بۆ هەرپرسێكی گرنگ، وەك ئەوەی كە لە ڕۆژئاوا یاخود لە كەركوك روویدا.

‎هەرچەندە دەنگدەری كورد لە ئەمریكه‌ هێندە نییە كە كاریگەری هەبێت لەسەر ئەنجامەكان، بەڵام هەر سەنگ و قورسایی خۆی هەیە،ئەگەر وەك تیمێك كارەكە ئەنجام بدات، و هەلبژاردنی هیلاری لەلایەن كوردەوە هەڵە بوو، چونكە كوردەكان كاندیدێكی كەوتویان هەڵبژارد.

‎لەسەروو بەندی هەڵبژاردنەكانی بەڕیتانیاشدا، كە چارەنوس سازترین هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە بوو، لە سەدەی ڕابردوودا، كورد هەڵەیەكی زۆر گەورەی كرد، نەیتوانی ڕۆڵێكی زۆر باش ببینێت وخۆی بەبەهێزی نیشانبدات.

‎بەهۆی هاوسۆزییەوە بە جێرمی كۆربی، كورد لەو وڵاتە دەنگی دا بە پارتەكەی كۆربیی، ئەمە تەنها خەڵكە ساددەكە نەبوو كە بەهۆی هاوسۆزیە وە دەنگی دا بە جێرمیی، بەڵكو موسەقەفین و شارەزایانی كورد و مۆستاكانی كورد لە بەریتانیا داوایان لە خەڵكی كورد دەكرد دەنگ بە جێرمی بدەن.

‎ئەمە هەڵەیەكی گەورە بوو بە قەبارەی هەڵەكەی كوردی ئەمریكا، هەموو لایەك دەیزانی كە جێرمی وهیلاری دەدۆڕێت، بەڵام كورد هەرپشتیوانی ئەو دوانەی كرد، ئەمە هەڵە گەورەكەیە كە لە وەتەی هەیە دووبارەی دەكاتەوە، نەدەبوو سۆز زاڵببێت بەسەر كورد داو بڕیاری هەڵە بدات و خەڵكی هەڵە هەڵبژێرێت.

‎پێویست بوو ڕەوەندی كوردی لە ئەمریكاو بەریتانیا سیاسەتی بكردایە، بەشێوەی لۆبیەكی بەهێز و بەیەكدەنگ بە جێرمی و ترەمپیان بوتایە كە ئێمە دەنگ دەدەین بە تۆ بەو مەرجەی ئەگەر بون بەسەرۆكو براوە بوون ئەوا كورد بشگوێ نەخەن وجۆرێك لە پردی پەیوەندی گرنگ دروست بكەن.

‎لەراستیدا لۆبی كوردی لە ئەمریكا و بەریتانیا زۆر لاوازە، كوردی ئەو دوو وڵاتە هێشتر نازانن واشنتن و لەندەن چەندە گرنگە ودەبێت بە بەهێزی مامەلەی لەگەڵ بكەن و بتوانن لۆبیەكی بەهێزیان لەو دوو وڵاتە هەبێت، بۆ ئەوەی سیاسەتێكی باش بكەن و ببنە پشتیوانی بۆ وڵاتەكەی خۆیان.

لەوانەیە زۆر روون نەبێت لەلای خەلكی، كە لۆبی چەندە گرنگە، چونكە لۆبی بەهێز دەتوانێت حوكم بكات وبڕیار بدات، بەڵام كورد نەیتوانییوە لەم پرسەدا بەهێز بێت و بچێتە پێشەوە، بۆنمونە جووەكان خاوەنی لۆبیەكی بەهێزن هەم لە ئەمریكا و هەم لە بەڕێتانیاش، لە راستیدا هێندە كاریگەرییان هەیە ئەگەر لۆبی جوو لە لەندەن و واشنتن پشتیوانی بۆرس جۆنسن ودۆناڵد ترەمپ یان نەكردایە بێگومان هیچكامیان نەدەبوونە سەرۆك.

‎ئێستا كاتی ئەوەیە كوردەكانی ئەمریكا وبەڕیتانیا بەوردیی بڕواننە ئەو پرسە، و كار لەسەر دروستكردنی لۆبیەكی بەهێز بكەن و ڕۆڵ ببینن لەسیاسەت و حوكومڕانی ئەو وڵاتانەدا، چونكە سیاسەتكردن لە واشنتن ولەندەن واتە سیاسەت كردن لە هەولێر و قامشلۆ.