کۆرۆنا و پیسبوونی ژینگە و داڕوخانی ئابوری

24/06/2020

دكتۆر سیروان حەسەن

ململانی سیاسی و ئابوری دەمێکە بووە بە ئامانجی سەرەکی زلھێزەکانی دونیا بەتایبەتی لەنێوان ئەمریکا و روسیا و چین و وڵاتە گەورەکانی ئەوروپا بۆ دەربڕینی ھێز و کۆنترۆل کردنی ئابوری و حوکمرانیکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتی وە چەندین بەرکەوتە و دەرئەنجامی نەرێنی لە ئاستی دنیادا بەدواوە بوو.


لەگەڵ دەرکەوتنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی سالی ٢٠١٩ بە شێوەیەکی کتوپڕ و گوماناوی و بە پەلە بڵاوبونەوەی لە ھەموو وڵاتاندا بارودۆخەکەی بە تەواوی گۆڕی و مەترسیەکی گەورەی دروست کرد لە سەر ژیانی مرۆڤایەتی.


 پەتاکە خۆی جۆرێکی پیسبوونی ژینگەیی کوشندەیە لە جۆری پیسبوونی ژینگەی بایۆلۆجی و زیانی زۆرە و ھەزاران قوربانی لێدەکەوێتەوە بەڵام لە بەرامبەردا دوای پەیڕەوکردنی رێکارەکانی خۆپاراستن و کەرەنتینەکردن و قەدەغەکردنی ھاتوچۆو کەمکردنەوەی چالاکیە ئابوریەکان لەزۆربەی وڵاتانی جیھان.


ئەم ھەنگاوە ھۆکارێک بوو بۆ پاککردنەوەی ژینگەی زەوی کە بەپێی دواین راپۆرتە زانستیەکان دەرکەوت کە ژینگەی ئاووھەوای زەوی لەماوەی چوار مانگی رابردوودا لە ٣٠٪‏ - ٤٠٪‏ پاک بووەتەوە بە بەراورد لە گەڵ سالانی پێشوودا ئەویش بەھۆی کەمبوونەوەی دەرھاوێشتنی گازە کوشندەکان و کەم بوونەوەی ھۆکارەکانی پیس بوونی ژینگە لە ئەنجامی کەمکردنەوەی بەکارھێنانی کارگە پشەسازیەکان و ئۆتۆمبیل و سەرچاوە پیسکەرەکانی ژینگە.


ئەم پەتایە کاریگەریی گەورەی ھەبوو لەسەر کەمکردنەوەی جموجوڵی پیشەسازیی و داروخانی ئابوری زۆر لەولاتانی جیھان وە نزمبوونەوەی نرخی نەوتیش تا گەیشتە خوار ٢٥ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک بە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنی نێوان روسیا و سعودیە لە کۆتای سالی ٢٠١٩ کێشەکەی قورستر و ئاڵۆزترکرد بەجۆرێک کە لە ئێستادا ئەگەرەکانی ئاڵۆزتربوونی کێشەکانی هێناوەتە ئاراوە و ترسێکی گەورەی لە سەر داھاتووی ئابوری جیھان دروست کردووە.


ئەگەر ئەم بارودخە بۆ ماوەیەکی تر بەردەوام بێت ئەوا ئابوری ئەو وڵاتانەی (بە عێراق و ھەرێمی کوردستانیشەوە) کە پشت بە بەرھەمی نەوت دەبەستن ڕوو لە داھاتویەکی ترسناکی نادیار دەکات وە ئاراستەی حوکمڕانی و جەمسەرە ئابوریەکانی جیھان دەگۆرێت.


بەڵام دوای رێکەوتنی وڵاتانی کۆمەڵەی ئۆپیک لەگەڵ روسیا لەسەر کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت لە بەرامبەریشدا ولاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بریاردیدا لە ٢٠٪‏ بەرھەمھێنانی نەوتی کەم بکاتەوە  ئەمەش ھیوایەکی تر دەبەخشی بە داھاتووی ئابوری جیھانی.


عیراق سالانێکی زۆرە گیرۆدەی دەستی حکومەتە دکتاتۆرەکان و جەنگە یەک لەدوای یەکەکان و شەڕی تیرۆرستان نەبوونی حکومەتی جێگیر و دەست تێوەردانی دەرەکیە کە دۆخی سیاسی و ئابوری بە تەواوی شلەژاندوە و لێرەوە پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر ژیرانە و حەکیمانە مامەلە لە گەڵ ئەم بارودۆخە ھەستیارە بکات و تێیپەڕێنێت لەبەرئەوەی لە ئێستادا دۆخی سیاسی و ئابوری ئیقلیمی و نێودەولەتی بۆ ھەرێمی کوردستان لە بار نیە وە کاتی ئەوە ھاتووە کە بە جدی کار بۆ ئەوە بکرێت کە کوردستان شوێنی خۆی لە نەخشەی سیاسی و ئابوری جیھان بکاتەوەو ڕۆلی ھەرێمی و نێودەولەتی خۆی بگێرێت وە سوود لە پێگە جوگرافیەکەی وەربگرێت کە لە ڕووی جێۆپۆلەتیک و ستراتیجیەوە ھەروەھا سوود لە مێژووی چەند ولاتێکی بچوکی ناوچەکە وەکو قەتەر و ئیمارات وەربگرێت کە لە ماوەیەکی کەمدا توانیان شوێنی خۆیان لە نەخشەی سیاسی و ئابوریێ جیھاندا بکەنەوە.