با كازمیتان لێ نەبێتە عیبرەت

04/08/2020

شوان عه‌بدوڵا

ماوەیەكە یەكێك لە دیارترین سەركردەكانە، ھەنگاوە سەرەتایەكانی وایكردوە ترس و خۆشی بخاتە دڵی بەرپرس و ھاوڵاتیان بەشێوازیك كاردەكات میدیا و شەقامی عێراقی زۆرترین زومی كامێراكانیان رووەو ئاراستەی ئەوە.

 
 لەماوەیەكی كەمدا فرە مینبەری فرە پاڵەوانی كردۆتە یەك مینبەر و ھەموو ئەوانەی بە ژمارەی گەورە دادەنرێن لە تەنیشت ئەوەوە بچوك دەردەكەون، لەكاتێكه‌وه‌ سەڕۆكایەتی حكومەتی وەرگرتووە ئەم وڵاتە بەھۆی دەیان وسەدان كێشەی سیاسی وئابوری وكۆمەڵایەتی ومەزھەبی و تائیفی وتیرۆر دەناڵێنێت وھەریەكێك لەم كێشانە خوێنی ھاوڵاتیانی عێراقی كردۆتە كەرەستەی مانەوەی خۆی، بەڵام دەیەوێت شێوازێك بگرێتەبەر رۆڵ بۆ دامەزراوەكانی حكومەت بگەرێنێتەوە.


ئەگەرچی رێگایەكی پر لە ھەوراز و نشێوی لەبەردەمە بەڵام خاڵی گرینگی كارەكانی لەوەدایە دەیەوێت ھاوڵاتیانی عێراق لەگەڵ دەستەڵات و حكومەت ئاشتبكاتەوە، ئەوەی جێگای سەرنجە مامەڵەیەكی زۆر تەندروستە لەنێوان وڵاتە دژبەیەكەكانی ناو عێراق راگرتنی ھاوسەنگیە لە نێوانیان جەمسەرە خاوەن ھەژموونە جیاوازەكان.

ئەگەرچی خۆی لە دەزگایەكی گەورەی ھەواڵگری ھاتۆتە بەرزترین ناوەندی بریاردان، بەڵام ئەو شێوازەی ئێستا كاری پێدەكات جیاوازیەكی قوڵی فرەرەھەندی دروست دەكات، ئەمەش زادەی دەیان ساڵ ئەزمونی سیاسی و ئەمنیە كەلەپێشتر ئەزمونی كردون، خاڵی بەھێزی ئەوەیە دەزانیت چۆن مامەڵە لەگەڵ شەقام بكات و بەرەو سەقامگیری بەرێت ھەست دەكرێت بەدەستێكی ئاسنی رووبەروی نەیارەكانی دەبێتەوە، ئەمانەش بەلەبەرچاوگرتنی پێگەی ھاوپەیمانەكانی كە جۆرێك لە دڵنیایان بۆدروست كردوە.

لەپەنای ئەمەشدا ھەوڵی بەردەوام دەدرێت بۆ شكستپێھێنان و كوژاندنەوەی ئەستێرەی سەرۆكایەتی ھەربۆیە نەیارەكانی چەند بەبێ دەنگی ھەوڵەكانیان دەدەن ئەویش بەوپەری تواناوە دەیەوێت شورایەكی پۆڵاین لەخەڵك و ھاوپەیمانە زلھێزەكانی دروست بكات وە ئەگەری ئەوەی سەركەوتو دەبێت ئەوەیە ھیچ ترسێك بەھەنگاوەكانیەوە دیارنیە.

ئەبێت كورد و كاربەدەستە حیزبی و حكومرانەكانی باش لەم ھاوكێشەیە بگەن، لەئێستادا ھیوا و ئومێدی ھاوڵاتیان بەم دەسەڵاتە لەوپەری خراپی و دردۆنگیدایە، بەھا نیشتیمانیەكان ئەوەندە كاڵبوونەتەوە كازمی پێش ئەوەی بیركردنەوەی خەڵكی عێراق بەلای خۆیدا بەرێت جۆرێك لە ھاوسۆزی لە كوردستان بۆ پەیدا بووە، ئەمە رەنگە ئیتر بەلای ھاوڵاتیان گرینگ نەبێت قەوارەی ھەرێم و ئابوری سەربەخۆ و داگیركاری خاكەكەی ئەسڵەن ئەمانە ھیچ ئەرزشێكی نەماوە بەھۆی بێ بەڵێنی و شكستھێنان لە ئیدارەدانی حكومەتی ھەرێم، ئەمەش بەھۆی ئەو ھەموو گەندەڵی و خراپەكاریەی دەسەڵات كە لەماوی ئەم سی ساڵە كردویانە.


ھەربۆیە كازمی ئەبێتە عیبرەتێكی خراپ كە خەڵكی زۆر لایان ئاسایی بێت كەسێك بێت حكومیان بكات دڵنیایی بژێوی و ژیانی بكات، ئاخر ئەم ھەموو بەڵێنە بێ كردارەی دەسەڵات و ترس لە چاكسازی و ترس لە سیستەمێكی باشی حكومرانی تورەبوونێكی گەورەی جەماوەری بەدوای خۆیدا ھێناوە كە وا بەئاسانی دانامركێتەوە. پێویستی بە پەلەكردن و دەست بردن بۆ مەلەفە گەورەكانی سەرچاوەی گەندەڵی ھەیە.


ئەوەی كازمی ئێستا دەیكات بەشێكی زۆر بچوكە لەو پرۆژە موتەكاملە گشتگیرەی چەندین ساڵە بزوتنەوەی گۆڕان دەرخستەی كێشەكان و چارەسەری گونجاوی بۆ داناون، بەو مانایەی گۆڕان داوای گێڕانەوەی رۆڵ بۆ دامەزراوە شەرعیەكان و رۆشنكردنی سەرچاوەی داھات و رێگریكرن لە خراپەكاری بەرپرسانی كردوە.


 لەئێستادا شەری كات دەكرێت بەگەرانەوە بۆ بەرنامە چاكسازیەكەی گۆڕان نەوەك قەوارەی ھەرێم و ئابوریەكەی ناكەوێتە بەر ھەرەشەی مایەپوچ بوون، بەڵكو بیركردنەوەكان لەبەر مەرحەمەتی كازمی دەردەچێت و دەچێتەوە سەر ئەو ناوچانەی ھەزاران كوردی لەسەر شەھید بووە ئێستا دیمۆگرافیەكەی دەگۆرێت كەسیش قسەیەكی لەسەرناكات!


ئایا كاتی ئەوە نەھاتووە لە غروری سیاسیتان كەم بكەنەوە حاڵی خەڵك ببین و رۆڵ بدەنە ئەوانەی بە كردار دەیانەوێت كوردستانێكی بەھێزی پڕھەلی كاری یەكسان ھەبێت؟