ئاماژەو پەیامەکانی پشتی مووشەک بارانکردنی فرۆکەخانەی ھەولێر

01/10/2020

ئاسۆ عوسمان

ھێرشەکەی دوێ شەوی بەشێک لەگرووپەکانی حەشدی شەعبی بۆسەر فرۆکەخانەی ھەولێر ، چەندین پەیام و ئامانج لەخۆدەگرێت.....!

بەئەمریکاییەکان و ھاوپەیمانانی دەڵێت لەھەرکوێیەکی عێراقدابن دەستی ھێرشی ئێمەتان پێدەگات .

ئەگەر بنکە سەربازیی و دیبلۆماسیەکانیش بگوازرێنەوە بۆ کوردستان لەھێرشەکان بەدوور وپارێزراو نابن .

ئەم گرووپانە کوردستان بەدۆستی ئەمریکاو رۆژئاوادەزانن ئەوپەیامەیان پێداین کەئەگەر ھەرێم لەسەر ئەم ھەڵوێستانە بەردەوام بێت دەبێتە ئامانجی ئەوان .

ھێرشەکانی حەشدی شەعبی، بەبێ دیراسەو ھەرەمەکیانەولەخۆرانەبووە؟ پێشوەختە نەخشەو پیلان و دیراساتی زۆر وردی بۆکراوە، خوێندنەوەکان بەو ئاراستەیەن کە بەشێکی جوڵە سەربازیەکانی حەشدی شەعبی بگوازرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان ھێرشەکانیش لەناوچەدابراوەکەنی کوردستانەوە کەئێستا لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدایە لەرێگای موشەکەوە ئەنجامبدرێن....!

کوردستان وململانێکانی ئێران و ئەمریکا
ھەرێمی کوردستان لەستراتیژو سیاسەتی خۆیدا ھەمیشە ھەوڵی راگرتنی باڵانسی لەنێوان ئێران و ئەمریکادا داوە ،بەراستەو خۆ یان ناراستەوخۆش نەیویستووە ببێتە بەشێک لەوئاگرەی کەلەنێوان ئەمریکاو ئێراندا لەسەر خاکی عێراق ھەڵگیرساوە، ئەم کابینەیەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش سیاسەتی دروستکردنی متمانەو پەیوەندی تۆکمەو ستراتیژی لەگەڵ حکومەتی ناوەند لەئەجندادایە، دەکرێت بەدڵنیاییەوەئەوەبوترێت چ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و چ ھێزە سەرەکیەکان کە لەپارتی و یەکێتی وبزوتنەوەی گۆران پێک دێن لەگەڵ تەواوی حزبەکانی کوردستان ھەمیشە لایەنگری دوور خستنەوەی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش بوون لە شەری بەوەکالەتی ئێران و گرووپەکانی لەگەل ھێزەکانی ئەمریکا.

کاردانەوە و خێراکانی ھەرێم بۆھێرشە موشەکییەکان
کاردانەوە سەرتاییەکان و دەست بەجێ ئاشکرا کردنی شوێنی ھێرشەکان و تەنانەت گرتنی وێنەی ئەو ئۆتۆمبیلەی موشەکەکانی تێدا ئاراستە کراوە ئاماژەی بەھێزی ھەرێمی کوردستانەو دەرخەری ئەو راستیەشە کە حکومەتی ھەرێم لەتوانیدایە وەڵامی زۆر خێراو زانیاری زۆر دروستی ھەبێت لەسەر ئەنجامدەرانی ھێرشەکەو ئەوانەی لەپشتیانەوەن، کەئەوەش بۆرای گشتی کوردستان و جیھانیش بایەخی گەورەی خۆی ھەیە،ھەڵوێستی سیاسی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەجێگای خۆیدابوو ، بەتایبەت خێرا ھاتنە سەرھێڵی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و دەرکردنی بەیان نامەکەی و قسەکردن لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، جوڵەو ھەنگاوێکی ژیرانەو وەڵامدانەوەی خێرای دۆخەکەش بوو .....

حکومەتی ھەرێمی کورستان پێویستە چی بکات
یەکێک لەوھەنگاوانەی کەپێویستە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بیکەن داواکردنی کۆبونەوەی خێرای ھەموو حزبە سیاسیە کاریگەرەکانی کوردستانە و یەکخستنی ھەڵوێستێکی یەکگرتووی کوردستانە لەبەرامبەر ئەم پێشھاتە مەترسیدارە، ھاوکاتیش داواکردن بۆکۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆئەوەی لەرووی یاسای و سیاسیەوە پشتیوانی و پاڵپشتی تەواوی حکومەتبن لەھەنگاو ھەڵگرتن بەئاراستەی پێشھاتەکانی ئەم قەیرانە کەچاوەروانی ئەوەی لێدەکرێت و رووداوی ئەگەری چاوەروان نەکراوی زۆرتر بەدوای خۆیدا بھێنێت ، پەیوەندیگرتن لەگەڵ دامەزراوە فەرمیەکانی حکومەتی فیدراڵی بەتایبەت سەرۆک کۆماری عێراق کەدەکرێت رۆڵی سەرۆک کۆماروپشتیوانی ئەو بۆکوردستان لەم دۆخەدا کاریگەری و قورسای زۆری ھەبێت ،ھەم لەئاستی ناوخۆی عێراق ھەم لەئاستی نێودەو ڵەتیش ....

رۆڵی ئەمریکاو ھاو پەیمانان
یەکێکیتر لەوھەنگاوانە پێویستە بەپەلە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم وتەواوی ھێزەسیاسیەکانی کوردستانە ھەنگاوی بۆھەڵبگرن،داوای ھەڵوێستی ئاشکراو روون لە ئەمریکاو رۆژئاوا بکەن بەئیدانەی ھێرشەکەو پشتیوانی سیاسی و سەربازی و ئابوری کوردستان بکەن، چون لەم پیشھاتانەدا دوو مەترسی رووبەرووی ھەرێمی کوردستان دەبێتەوە

ئەوگرووپانەی حەشدی شەعبی کەبە ھێزی بەرگری نێو حەشد ناسراون راستەو خۆ ھێرش بکەنە سەربەرژەوەندییەکانی کوردستان.

حەشدو ھێزەکانیتری نزیک لەئێران لەرێگای پەرلەمنتارەکانیان و رای گشتی شیعەوە فشار لەکازمی بکەن بۆ برین و راگرتنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان ...

ھەڵوێستی رای گشتی کوردستان
راستیەک ھەیەدەبێت ھەموو خەڵکی کوردستان بیزانێت ...

کەگەندەڵی و کێشە ناو خۆییەکانی کوردستان نابێت ببێتە بەھانە بۆ بێدەنگ بوون یان نەمانی یەکریزی کوردستان لەبەرامبەر پێشھاتە نوێیەکانی ئێستای عێراق و کوردستان، چون ئامانجی بەشێک لەگرووپەکانی حەشدی شەعبی تەنھا ئەوەنیە ھێزەکانی ئەمریکا لەعێراق دەربکرێن، بەڵکو ئەوان لەبنەرەتەوە دژی ھەموو مافێکی خەڵکی کوردستانن و ھەمیشە کورد بە لایەنگری ئیسرائیل و ئەمریکا تۆمەبەتباردەکەن ، بۆیە ئەگەر ھێزەکانی ئەمریکاش لە عێراقدا نەمێنن،ئەم میلیشیایانە ئامانجی دوور مەودایان لەباربردنی ھەموو خەونومافێکی خەڵکی کوردستانە، ئەم ھێزانە لەدوای داعش بەمەترسیدارترن ھێز دائەنرێن کەھیچ بروایەکیان بەمافەکانی مرۆڤ، ئازادی سیاسی ،ئازادی ئاینی ئازادی مافە کەسیەکان، مافەکانی ژنان نیەو ئەو نمونانەشی کە لەعێراق بینیومانن لە تاڵانی و دزی ، دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی داھات ، سەرانەو باج ، تیرۆری کەسەیاتیە سیاسی وئاکادیمیەکان ، تیرۆر کردنی ھەڵسورێنەرانی خوپیشندانەکان، ھێرشکردنە سەر نێردەو باڵوێزە دیبلۆماسیەکانی وڵاتانی جیھان دواین تاوانکاریشیان موشەک بارانکردنی فڕۆکەخانەی ھەولێر بوو .