تەواو کردنی دنیا لە دەستی خەیاڵدایە

07/10/2020

عه‌دنان قادر


بزوێنەری عەقڵ خەیاڵە ، خەیاڵ دایکی زانست و هەموو داهێنانەکانە.
 پڕۆژەکان سەرەتا لە لۆچی منداڵدانی خەیاڵ لە دایک دەبن ، مرۆڤ یەکەمین بوونەوەرە کە خەیاڵ دەکات ، خەیاڵی میتافیزیکی خەیاڵی ماتریاڵی.
خەیاڵ،مرۆڤی عاشق کرد
مرۆڤی کرد بەجەلاد
 قابیل دەستی بەخوێنی هابیلی برای سوور بوو
 خەیاڵ مرۆڤی لەدارستان و شاخ و ئەشکەوتەوە هێنایە خوار بۆنێو دەشت و گوند و شارستانی
خەیاڵ جیاوازی بەرهەمهێنا
 گەوجی کردین
 ئادەمیزادی فێرکرد شتەکان پیرۆزبکات
خەیاڵ وایلێکردین سوژدە بۆ دار و بەرد و مرۆڤ بەرین
 خوێن بڕێژین
 کەلەسەری قوربانیەکان وەکو قەڵای پیرۆزیەکان هەڵبچنین
خەیاڵ فێری ئازایەتی و دەستەمۆ بوون و ترسنۆکی کردین
 خەیاڵ وایلێکرین ناڕازیبین لە دوێنێ
 سبەینێشمان لە ئەمڕۆ نەچێت
خەیاڵ: لەتاریکی ئەشکەوتەوە کردینی بە پەیامبەر، پەیامبەری خودا ، خودایەک تاسۆز و توڕە بوونەکانی لە خەیاڵی ئێمەوە مرۆڤەکان پۆلێن بکات.
 خەیاڵ: دابەشی کردین
هیلاکی کردین پشووی لێبڕین
خەیاڵ بردینی بۆ نێوو کۆڵانەکانی داهێنان
گۆڕینی جینات

گۆڕینی سروشت
 دروست کردنی مرۆڤ کە ڕۆح و سۆزی تیانەبێت
خەیاڵ تفەنگی بەرهەمهێنا
شەمەندەفەر و کارگەی دروست کرد
 خەیاڵ فێری فڕینی کردین
 فڕین بەڕایەڵەی خەیاڵ تا بەکۆلارەی خەونەکانی منداڵیمان بگەینە ئاسمان تا دەست بدەین لە خودا۰
خەیاڵ
زەویمان پێچۆڵدەکات دەمانباتە مەریخ ئۆردوگایەکمان پێ دروستدەکات
خەیاڵ هەموو هەسارەو ئەستێرەکان دەکاتە بەردەباز دەمانگەیەنێتە عەرشی خودا
خەیاڵ کودەتا بەسەر دەستەڵاتی خودادا دەکات
 ئەوکات مرۆڤ لە کوخە بچووکەکەی خۆیەوە گوێی لە خشەی مار و مێروو دەبێت هەموو لۆچێکی گەردوون دەبینێ
 خەیاڵ دەمانباتە بەر کونەڕەشەکەی گەردوون
 لێیەوە هاواردەکەین چیدیکە ئێمە مشکی تاقیگەنین
 لەم قەفەزیی گەردوونەوە تاقیکردنەوەمان لەسەربکەن

خەیاڵ وێرانی کردین

 خودایە توانای بەرپرسیارێتی ئەم هەموو جەنجاڵیەی گەردوون و خەیاڵمان نی یە ،، خودایە سەرمان لە هیچی دەرناچێت ئەم فلیمەمان بۆ بگەیەنەرە کۆتاییی، خودایە دەوەرەوە فوبکە بەنەفخی سووردا ، گەردوون بپێچەوە، کۆتایی بەم گەمە بهێنە۰
خودایە دەوەرەوە زەمەنی مرۆڤایەتی بەسەرچووە ، خەیاڵ بۆگەنی کردوین، لە بۆگەنی خەیاڵی خۆمان هەراسان بووین ، خودایە دەوەرەوە .

بڵێی تۆیش ئێمەت لەبیرچووبێت؟
یان لەم بنی بیری گەردوونەدا ونتکردبێتین؟ خودایە بڵێی تۆش خەیاڵ بکەی؟ یان دروست کراوەکانت خەیاڵت بۆ دروست بکەن، وەک چۆن مرۆڤ بە خەیاڵ شەرابی دروستکرد ، کەچی ئستا شەراب خەیاڵ بۆ مرۆڤ دروست دەکات.
خەیاڵ ۰۰۰ خەیاڵ۰۰۰

دواجار وێران کردنی دنیا لەدەستی خەیاڵدایە