قەرزاری توركیایە

28/10/2020

عه‌دنان قادر

هەڵبژاردنی ئەم بابەتە ، بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەی وەڵامی ئەو پرسیارانەیە ، کە چارەنووسیان توناو تون و نارۆشنە ، پرسیارەکان تینوی چەندین وەڵامی جۆراو جۆرن ، کە بوونەتە وێردی سەر زاری تاک بەتاکی خانەوادەی ئەم نیشتمانە ، کە ئاریشەی کۆمەڵایەتی تیایدا ، وەک لیمفە گرێی شێرپەنجەیە ، کەلە گەندەڵی دا خۆی نمایشەکات ، بڕستی لێ بڕیوین>

گرفت ( قەیران) ی ئابووری و پێنە دانی مووچەی فەرمانبەران ، سڕ کردنی بازار ، وەرنەچەرخانی ئابووریە ، واتە پێنەدانی پارە لە حکومەتەوە بۆ فەرمانبەران ، لە فەرمانبەرانەوە بۆ بازاڕ و لە بازاڕەوە بۆ حکومەت .

ئەمەیش مانای وەستانی ژیانە، سەرەڕای ژیان کوژی هاوڵاتیان ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە بەژێر باری قەرزێکی دەیان ملیار دۆلاری تورکیاوە ، کە ئەمەیش گەوهەری پرسیارەکەمانە .

حکومەتی هەرێم ، لەم کاتەدا ژمارەی دانیشتوانی پێنج ملیۆن کەس تێپەڕناکات ، پێگەی جیۆگرافیای ڕامیاری خاکەکەی ، چوار ڕیانی بازرگانی نێودەوڵەتی یە ، بۆ ئاڵوگۆڕ کردنی شتوومەک ، لە یەدەکی نەوت و غازی ژێر زەوی دا لە ڕیزی وڵاتە یەکەمەکاندایە ، خاکێکی کشتوکاڵی بەبڕشتوو ، سروشتێکی چوار وەرزە و نیشتمانێکی دەوڵەمەند بە ئاوی سازگاری هەیە .

هەرکەسێک ڕێزەیەک هۆشی ڕامیاری و ێابووری لە مێشکدا هەبێت باوەڕ ناکات ئەم وڵاتە بەم هەموو سەروەت و گەنجینەیەوە ، هاوڵاتیەکانی بەم جۆرەی ئێستا هەژاربن ، قەرزێکی دەیان ملیار دۆلاریشیان بە سەردا کەڵەکە بووبێت .

مەگەر خاوەن سەرکردەیەکی نەبەکامی بێ دەرکی خۆپەرست بن.

 

دێینە سەر گەوهەری پرسیارەکە ، پێنەدانی مووچەی فەرمانبەران و هەرەسە قەرزی دەیان ملیار دۆلارەکەی تورکیا لەسەر شانی میللەت .

هیچ شتێک لە خۆیەوە هەڵناتۆقێت ، ئەگەر ڕیشەیەکی مێژووی نەبووبێت ، ئێمەیش دەمانەوێ شا دەمارە هەستیارەکەی مێژووی ئەم قەرزە بدۆزینەوە ، تا وەڵامێکی گونجاوی ئەو پرسیارە مان چنگ کەوێت ، کە بۆچی مێژووی باشووری کوردستان چارەش کراوە ، بۆچی حکومەتی هەرێم ، هێندە موفلیسە بەرامبەر بە هاوڵاتیەکانی ، قەرزی دەیان ملیار دۆلاری تورکیایشی بە سەرداکەوتووە.

باشوری کوردستان ، یان ولایەتی موسڵ ، لە دوای کۆتایی جەنگی یەکەمی گێتی (1918/11/11) کەبریتانیا و فرنسا و هاوپەیمانەکانی تیای براوە دەرچوون ، بە پەیمانی سایکس و بیکۆ ، کە دوو سەرکردەی بریتانی و فەرەنسی بوون ، نەخشەی تیکە تیکە کردنی خاکی ئیمبراتۆرێتی عوسمانیان داڕشت .

وڵاتی عێراق لەو تیکە تیکەیەدا دروست بوو .
مەلیک فەیسەڵ کوڕی حسینی کوڕی عەلی شەریفی مەکە ، کرایە پادشا تێیدا .
مەلیک فەیسەڵ لەخانەوادەی هاشمیەکانی قورەیشە ، لە نەوەی ئال سعودی وەهابی یە ، کە دەستیان گرت بەسەر حیجازدا ، باوکی مەلیک فەیسەڵ بەڵێنی واژۆکرد بۆ بریتانیا ، کە پشتیوانی سەرخستنی پڕۆژەکەی بکات ، ئەویش دروست کردنی دەوڵەتێکی یەهوودی بوو لەسەر خاکی فەلەستین ، بریتانیایش لە پاداشتی ئەم هەڵوێستە ، خۆی و کوڕەکانی کردە مەلیک.

ساڵی ١٩١٩ بریتانیا مەلیک فەیسەڵی ناردە سوریا بۆ مەلیکی ، بەڵام فەڕنسا سوریای بە پشکی خۆی دەزانی هەرزوو تەرای کرد ، بریتانیا فەیسەڵی هێنا بۆعێراق لە( ١٩٢١/٨/٢٣ ) ئاهەنگی تاج لەسەر دانانی بۆ ڕێکخست ، کەسایەتی هەموو شارەکانی عێراق لە ئاهەنگەکە بەشداربوون ، تەنها کەسایەتی کەرکوک و سلیمانی نەبێت ، چونکا خۆیان بە بەشێک لە عێراق نەدەزانی. سەربەخۆ خۆیان نیشانەدا .

ئەو دەمە شێخ مەحمودی حەفید (١٨٨٢ / ١٩٥٦ ز ) نا ئومێد بوو لە هەڵسوکەوتی ئینگلیز دڵنیا بوو لەوەی نایانەوێت ولایەتی موسڵ سەربەخۆبێت ، ناچار ڕوی ڕامیاری وەر چەرخان بەرەو ترکیا ، لەو کاتەدا مستەفا کەمال ( ١٨٨٢ /١٩٣٨ )ز ئوزدەمیر پاشای ناردبووە ڕەواندز بۆ هەماهەنگی و ڕێکەوتن لەتەک شێخ مەحمودا
بەپێی بەڵگە نامەیەکی نهێنی قونسوڵی سۆڤیەت لە ورمێ بە ژمارە ( ٧٣ ) ی ڕۆژی ( ٢٨ /١٠ /١٩٢٣ ) ترکیا پەیمانی ئۆتۆنۆمی داوەتە کوردەکان ، سنورەکەیشی لە شەمزینانەوە دەست پێدەکات تا سنوری کێوە سوور (جەبل حەمرین) درێژ دەبێتەوە بەکەناری دیجلەدا بۆ سوشێن . هاوکات مستەفا کەمال ، سەلیم بەگی کەرکوکی بەبێ هەڵبژاردن کردە ئەندامی ئەنجومەنی ئەنقەرە ، وەک نوێنەری کەرکوک .

ئینگلیز بەم پەیوەندیەی نێوان شێخ مەحمود و مستەفا کەمالی زانی ، هەرزو نوێنەری نارد بۆلای شێخ محمود کەبچێتە کەرکوک بیکەنە مەلیک ، بەڵام شێخ بەپیلانی زانی و نەچوو ، ئینگلیزەکان لە شێخ مەحمود نائومێد یوون ، پەیوەندیان کرد بەکوردەکانی باکوورەوە ، هاوکاریان بوو ، تا شەڕ لەدژی مستەفا کەمال بەرپابکەن ، ئازادیان لێ بەر تەسک نەکاتەوە ، بەیمانی سیڤەر جێبەجێ بکات ، ( بنەڕەتی کارەکەی بریتانیا بۆ ئەوە بوو مستەفا کەمال نەیپەرژێتە سەر ولایەتی موسڵ ) .

(ولایەتی موسل ، لە ڕێکەوتن نامەی سایکس و بیکۆ ، پشکی فەرەنسا بوو ، بەڵام بەریتانیا بەفشار گرتیە لای خۆی ، ئێستایش فەرەنسا وا نیشاندەدات کە گزی ڕاامیاری لێکراوە ، سۆزی بۆ ولایەتی موسڵ هەیە ، لە هەموو گۆرانکاریەکی ناوچەکە هاتووەتە سەر هێڵ ، دوا لێدوانی ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرنسا ، ووتی ئێمە هەرێمێکی بەهێزو عێراقێکی یەکگرتوو مانەوێت ، نەیوت عێراقێکی بەهێزی یەک پارچە ) .

مستەفا کەمال بەردەوام هەوڵی دەدا ، ڕێکەوتن نامەی سیڤەر پوچ کاتەوە ، چونکا گەنجە ایتحادیەکان گوشاریان لەسەری چڕ کردبوو ، کەپێویستە کورد و هەموو کەمە نەتەوایەتیەکانی دیکەی نێو ترکیا لە بۆتەی نەتەوەی تورکدا بتوێنێتەوە ، تا تورکیایەکی بەهێز دروست ببێت ، ئەمکارەیش پەیمان نامەی سیڤەر دەستی گرتبوون ،
کۆنگرەی لۆزان لەسویسرا ڕێکخرا مستەفاکەمال سێ کوردی ناردە نێو کۆنگرە ( عسمەت ئەنینۆ ، عارف محەمەد برزنجی ، زوڵف بەگزادە ) لە کۆنگرە ڕایانگەیاند ئێمەو تورک براین ، بەڵام ئینگلیزەکان پیان وتن کورد ئاری نەژادە ، برای تورک نی یە ، پەیمان نامەی لۆزان خاڵەکانی سیڤەری پوچ کردەوە ، ولایەتی موسڵ ی دابە عێراق ، بەڵام مستەفا کەمال بەهیچ شێوەیەک سازشی لەسەر ولایەتی موسل نەدەکرد ، (چەندە کوردەکان سکاڵایان لەپەیمانی لۆزان بوو زێردەستەی کردن ، تورکەکان دووهێندە سکاڵایان بوو ، ولایەتی موسڵ ی لە چنگ دەرهێنان ).

ساڵی ١٩٢٤ بریتانیا و تورکیا لە ئەستەمبوڵ دەستیان کردبەگفتوگۆ سەبارەت بە کێشەی ولایەتی موسڵ ، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو .
بریتانیا بە ناچاری لە ( ٦ / ٨ / ١٩٢٤ ) پەنای بردە بەر کۆمەڵەی گەلان تا کێشەی ولایەتی موسڵ بخاتە بەرنامەی کارەکانیەوە ، لەولایشەوە ئاگری شۆڕشی شێخ سەعیدی پیرانی جۆشەدا ، لە دژی مستەفا کەمال .

کۆمەڵەی گەلان کۆمسیۆنێکی سێ کەسیان پێکهێنا ، سەردانی شارەکانی موسڵ و بەغداد و ئەنقەرەیان کرد ، یاداشتێکی نەوەد لاپەڕەیان گەڵاڵە کرد . ڕایان گەیاند دانیشتوانی ولایەتی موسڵ لە هەشت بەش پێنج بەشی کوردە ، کورد نە عەرەبن نە تورکن ، دەبێت داخوازیەکانیان ڕەچاوبکرێت ، بەڵام کۆنگرەی برۆکسل کەلە پێتەختی بەلجیکا بوو ، دوایش بەهێڵی برۆکسل ناسێنرا ، لەژێر فشاری بریتانیا بە بڕیاری ژمارە (٧٧) ڕۆژی ( ١٩٢٥/١٢/١٦ ) ولایەتی موسڵ لکێنرا بە عێراقەوە . سنوری نێودەوڵەتی نێوان ترکیا و عێراق دیاری کرا .

مستەفا کەمال بەناچاری و لەژێر فشارێکی زۆر هێڵی برۆکسلی قبوڵ کرد ، بەڵام ڕێکەوتن لەتەک بریتانیا ، کەڕێژەی لە( 10% ) داهاتی نەوتی موسڵ بۆ ماوەی بیست و پێنج ساڵ و ، پێنج سەد هەزار پاوەنیش وەک قەرەبوو بدرێتە ترکیا .

مستەفا کەمال هەمیشە ولایەتی موسڵی وەک خاکێکی داگیرکراو ناو دەبرد ، کوردکانیشی بەهۆکاری ئەم داگیرکاریە دەزانی ، هەربۆیە زۆر فاشیانە مامەڵەی لەتەک کوردەکاندا دەکرد ، پڕۆژەی قرکردن و تورکاندنی بەجێهێنا ، گەنجە تورکە اتحادیەکان ، دەیان ووت ، نەوتی موسڵ و عەقڵی تورک یەکبگرن ، یابانێکی دیکە لە ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست دروستەبێ ، بەڵام ئەمە خەونی تورکە ، ساڵانە کە بوجەی تورکیا هەژمارە کرێت ، بەشە بوجەی ولایەتی موسڵیش جیا دەکرێتەوە ، لە نەخشەی میساقی میللی ، ولایەتی موسڵ بەشێکە لەخاکی تورکیا.

تورکیا چەندین ڕێکەوتن نامەی لەتەک عێراق واژۆ کردوە لە دژی کوردەکان ، (١٩٢٦/٦/٥ ) عێراق و ترکیا ، بەسەرپەرشتی بریتانیا ڕێکەوتنی ئەنقەرە یان واژۆکرد ، کە خاڵی سەرەکی ڕێکەوتن نامەکە ، بریتی یە لە کردنەوەی سنوورەکان و چوونە قوڵایی خاکی یەک ترەوە بۆ لێدانی کوردەکان . وە تێچووی ئەم لەشکر کێشیەیش لە ئەستۆی عێراقە .

ساڵی ١٩٨٢ ڕێکەوتن نامەکە نوێ کرایەو واژۆکرا بەچەند خاڵێکی نوێ ، لەشکری هەردوو وڵات بە قوڵایی ١٧ کیلۆمەتر دەتوانن بچنە نێو خاکی یەکدی بۆ لەنێو بردنی بزوتنەوە کوردیەکان هاوکاری یەکبن ، تێچوی لەشکرکێشی لەسەر بوجەی عێراق دەبێت .

دوای پرۆسەی ئازادی عێراق ، ساڵی ( ٢٠٠٧ ) عێراق وترکیا ، بەسەرپەرشتی ئەمریکا کۆبوونەوە ، ڕێکەوتن نامەکانی پێشوتریان نوێکردەوە و خاڵێکی دیکەیان بۆ زیاد کرد ، ئەگەر عێراق لێک ترازا و پارچە پارچەبوو ، کوردەکان هەوڵی جیابوونەوە و سەربەخۆییاندا تورکیا مافی خۆیەتی ولایەتی موسڵ بگەڕێنێتەوە سەر خاکی تورکیا ،
ئەگەر ئاوڕێک بۆ ڕابردوو بدەینەوە، دەبینی تورکیا چۆن لەحەشارکەدا بووە بۆ ولایەتی موسڵ و لەشکرکێشی کردووەتە سەر ، هەرلە کودەتاکانی .

بکر سدقی ١٩٣٧ ،ڕشیدعالی گەیلانی. ١٩٤٠ ، عەبدلکریم قاسم ١٩٥٨ ، عبدلسلام عارف ١٩٦٣ ، بەعسیەکان ١٩٦٨ ، ڕاپەڕینی ١٩٩١ ، پرۆسەی ڕوخانی خیزبی بەعس ٢٠٠٣ .
ئێستا دەوڵەتی تورکیا ، بە درێژایی چل کیلۆمەتر و بەقوڵایی زیاتر لە حەڤدە کیلۆمەتر ، لە ناو خاکی عێراق جێگیرە و بنکەو بارەگای سەرەکی هەیە ، لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی ، هەموو جومگە هەستیارەکانی باشووری کوردستانی گرتووە ، تێتچوی لەشکرکێشیەکەیشی لە ئەستۆی عێراقە ، یان دەبێت عێراق یەک پارچە بێت و کوردەکان دەسەڵاتیان نەبێت ، یان بەپێی رێکەوتن نامەکان تورکیا مافی دەس وەردانی لە ولایەتی موسڵ هەیە.

دروستە ئێستا زەمینەو زەمان گۆڕاوە ، ڕامیاری نێودەوڵەتی چەرخانێکی داوە بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیەکانی کورد، بەڵام سەرکردایەتی کورد نەیتوانیوە لە هاوکێشەی ڕامیاری وڵاتانی خاوەن هێزی گێتی و ناوچەکە ، خۆی بگونجێنێت و پێگەی قایمکات.

کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٠ بڕیاری دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی دا ،کاک مەسعود و مام جەلال بە پێکەنین و نەشئەوە چەرخەی قفڵی بۆری بیرە نەوتەکانیان چەرخان . نەوتیان لە ڕێگەی تورکیاوە بەگرێبەستێکی پەنجا ساڵی ، ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان کرد ، ئاشتی هەورامی ڕایگەیاند ڕۆژانە نزیکە (٥٠٠ ) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێنین و لە ئایندەیەکی نزکدا دەیگەیەنینە ملوێنێک بەرمیل ، سەدان ملوێن مەتر سێجا غازی سروشتیش هەیە ، هاوکات کاک نێچیرڤان سەرۆکی حکومەتی ئەوکات جەزبە گرتی ، ئابووری سەربەخۆی کوردستانی ڕاگەیاند.

بەڵام چ ئابووری یەکی سەربەخۆ ، هەموو وارەکەی کردە گیرفانی تورکیا ، میللەتیش برسی و بێ مووچە مایەوە.

ئەگەر پێشوتر یەکێتی و پارتی شەڕی بریکار ( وەکالەت) یان بۆ ئێران و تورکیا کردبێت ، ئەوا ئێستا شەڕ وحکومڕانی بریکاری دەکەن ، هەروەک پێشینەی میر نشینەکان ، لە پێناو مانەوە و شکۆی دەستەڵاتیان ئەمانیش دەبێت باج و سەرانە بدەن بەسوڵتان.

هەرزوو ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکان ، بە هەناسە سواری یەوە لەپەڕلەمان ڕایگەیاند ، ئەگەر ڕۆژانە یەک ملوێن بەرمیل نەوت دەربهێنرێ ، هەر بەرمیلێکی بفرۆشرێت بە سەد دۆلار بەشی مووچەناکات .

پارەی نەوت ناچێتە خەزێنەی حکومەت ، بەڵکوو لە بانکەکانی تورکیایە ،بەپێی ئاماری تورکیا نەوتی هەرێم بەڕێژەی لە 40% پێداویستی ناوخۆی تورکیا پڕدەکاتەوە ، ئەوەیشی دەفڕۆشرێت پارەکەی لە ( 25%) بۆ کۆمپانیا کانە، وە ( 75%) کەیشی لە بانکی تورکیا هەڵدەگیرێ بە ئاڕەزووی خۆی مامەڵەی پێوەدەکات ، تێچوی لەشکر کێشیەکانی لێدەدات ، وەک دەڵێن ( نەوتی کوردی بە ساروخی تورکی ) . گرێ بەستێکی پەنجا ساڵەی بەهەرێم واژۆکردوە ٫ بەم نەفەسە کاری بۆدەکات ،کەی کەشی بۆ ڕەخسا هەرێم قوت بدات ( ئەردۆغان پڕۆژە ستراتیژیەکەی ساڵی ٢٠٢٣ یەکلایی دەکاتەوە ،کە ئەوەی کەمال ئەتاتورک پێی نەکرا ئەم دەیەوێت تەواوی یکات ئەویش وەرگرتنەوەی ولایەتی موسڵ و حەلەبە ، چاوەڕوانی کاتین بزانین ئەوەی مستەفا کەمال کۆیکردەوە ئەردۆغان ئەیشێوێنێ یان زیادی دەکات ).

لێرەوە دەگەینە ئەو باوەڕەی کە حکومەتی هەرێم نابێت نمایشێکی جوان بکات ، تاپارچەکانی دیکەی کوردستان بێزی لێبکەنەوە ، سڵ لە ئازادی و خۆبەڕێوە بردن بکەن.
ئەمە حاڵی حکومەتەکەمانە ، کە ڕامیاری یەکی ئابووری ڕوونی نی یە ، کاتێک نەوت دەفرۆشێت بە تورکیا پارەی پێنادات ، بەڵام سەرانی هەردوو بنەماڵە لە پێناو مانەوەیان لە دەستەڵات ، بەردەوام پاساوی نابەجێ دەهێننەوە ، بۆری نەوتەکەمان فرۆشتوە ، کرێمان زۆر لەسەر دەکەوی ، بە هەرزان دەی فرۆشین ، مشتەریمان نی یە .

لەکاتی ئێستادا ئۆپیک ڕێگەی فرۆشتنی چوارسەد هەزار بەرمیل نەوتی بە هەرێم داوە سەدان هەزار مەتر سێجا غازی سروشتی دەفرۆشێت ، بەڵام پارەی ئەمانە دیارنی یە ، جەنابی کاک نێچیرڤان لە 2015 ڕایگەیاند ئێمە دەوڵەت نین ، تا وڵاتان قەرزمان بدەنێ ، کاتێکیش کابینەی حکومەتەکەی بەجێهێشت ، دەیان ملیار دۆلار قەرزی تورکیای خستە ئەستۆی کابینەکەی مەسروری ئامۆزای ئەمش بێ کۆمێنت وەریگرت و بڕی قەرزەکەی زیادکرد ، لە کاتێکدا دەسەڵات و ڕامیاری تورکی بەخوێنی سەری کورد تینوە ، ئابووری دا تەپیوە ، ئیتر چۆن قەرز دەدات بە هەرێمی کوردستان ، ئەگەر باج و سەرانەی مانەوە لە دەسەڵاتدا نەبێت.

هەرێم لە دوو ڕیانێکدایە یان دەبێت باج وسەرانەی خۆبەرێوبەری لەسایەی یەکێتی و پارتی بدات بەتورکیا ، یان دەبێت بچێتەوە ژ ێر سایەی حکومەتی مەرکەزی عێراق.

سوود مەند بووم لەم پەرتوکانە.
»ئەفراسیاو هەورامی ،کورد لە ئەرشیفی سۆڤیەت چ٢٠٠٦
» دیار غەریب ،خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژوو ,چ ٢٠٢٠
»دیدارعوسمان ، ڕۆڵی کورد لە کۆماری تورکیا، چ ٢٠١٣
» ابرهیم خلیل ،مێژووی ئێران و تورکیا , چ ٢٠١١