بەهای دیناری عێراقی بۆ دابەزی ؟

22/12/2020

دڵشاد موانی

لە جەنگی جیهانی یەکەمدا بەریتانیەکان ڕوپێی هیندیان وەک پارەی فەڕمی لە عێراق ناساند، لە ساڵی ١٩٣٢ دیناری عێراقی شوێنی ڕوپێی هیندی گرتەوە، کە ئەوکات ١ دیناری عێراقی بەرامبەر ١١ ڕوپێی هیندی بوو، بەهای پاوەنی بەریتانی کرابووە پێوەر بۆ گۆڕینی پارەی عێراقی لە ڕوپێوە بۆ دینار.

پاش فرۆشتنی نەوتی عێراق ئیتر پێوەری ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی بووبە دۆلاری ئەمریکی و لە ساڵی ١٩٥٦ تەنها ١ دیناری عێراقی بەرامبەر ٢.٨ دۆلاری ئەمریکی ئاڵوگۆڕی دراوی پێوە ئەکرا،

لە دوای داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراق و هەڵگیرسانی ئاگری جەنگی خلیج، ئیتر چاپی دیناری سویسری ڕاگیرا و حکومەتی عێراق خۆی پەنای بردە بەر چاپکردنی دراوێکی خۆماڵی, ئەمەش بووبە هۆی لە دەستدانی بەهای دیناری عراقی بە شێوەیەکی زۆر خراپ.


لەساڵی ٢٠٠٣ چاپی نوێی دیناری عێراقی جێگەی دراوی سەردەمی ڕژێمی سەدامی گرتەوە، هەرچەندە لەسەرەتا بەهای ئەم چاپە نوێیەی دیناری عێراقی نزم بوو، بەڵام دواجار بە بەهای ی١،١٨٢ بەرامبەر ١ دۆلاری ئەمریکی مامەڵەی پێوە ئەکرا.

سروشتی ئاڵوگۆڕە دراویەکان وایە کە هەمیشە بە جوتە مامەڵەی پێوە ئەکرێت، بۆیە بەهای یەکێک لەو دراوانە کاریگەری ئەکاتە سەر دیاریکردنی بەهای ئەویتر، یان ئەگەر باشتر بڵێین ئەبێت بۆ هەر ئاڵوگۆڕیەک لە دراودا پێوستە بزانین ئایا بە چەند یەکەی دروای وڵاتی (س) ئەتوانیت یەک یەکەی دروای وڵاتی (ص) بکڕین؟

یان بە پێچەوانەوە، ئیتر ئەم دیاریکردنی بەهای دراوەیە کە کاریگەری لەسەر کۆی چالاکیە ئابووریەکان دروست ئەکات لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، وەهەروەها دامەزراوە ئابووریەکانیش هەر لەسەر دیاریکردنی بەهای دراوی وڵاتان ئەتوانن ئاسۆی ئۆقرەی ئابووری بەدی بکەن و سەرمایەداری لە بوارە جیاوازەکانی ژیان بکەن.
بۆ ئەوەی بە باشی مامەڵە لەگەڵ بەهای دراوی هەر وڵاتێکدا بەکەین، پێویستە سەرەتا ئەوە بزانین کە ئایا ئەو وڵاتە ڕۆژانە بە چی شێوازێک نرخی دراوی خۆی دیاری ئەکات.

شێوازی Free Float:
ئەم شێوازە لە دیاریکردنی بەهای دروا، بۆ ئەو وڵاتانەیە کە بەشێوەی ئازاد لە بازاڕی دراوی نێودەوڵەتی یان بۆرسەی دراوی جیهانی ڕۆژانە بەهۆی خواست و داواکاری لە زنجیری ئیمدادی نێودەوڵەتی بەهاکەیان دیاری ئەکرێت، بۆ نمونە وەک دۆلاری ئەمریکی، یەنی یابانی و پاوەنی بەریتانی، ئەم جۆرە دراوانە لە فۆرێکسی جیهان هەموو ڕۆژیک بێجگە لە ڕۆژانی شەممە و یەک شەممە چەندین جار لە ڕێگەی دەڵاڵە نێودەوڵەتیەکانەوە بەهاکەیان نوێ ئەکرێتەوە، بۆیە دیاریکردنی بەهای ئەم دراوانە بەتەواوی لەدەست دەوڵەتی خاوەن دراودا نیە، بەڵکو خواستی ڕۆژانەی بازاڕ بەهاکانیان دیاری ئەکات بۆ گۆڕینەوە و مامەڵە پێکردن، هەرچەندە بەدڵنیایەوە سیاسەتی نەختینەی دەوڵەت و گۆڕانکاریە ئابووری و ڕامیاریەکانیش لە جیهاندا کاریگەری لەسەر بەرز ونزمی ئەم دراوانە دروست ئەکەن.

شێوازی Fix Float
ئەم شێوازە لە ئاڵوگۆڕی دروا، ئەو وڵاتانە ئەگرێتەوە کە دەوڵەت مافی ئەوەی هەیە کە بەشێوەیەکی نزم و جێگیر بەهای دراوەکەی بەرامبەر هەر دراوێکی تری جیهان دیاری بکات، یوانی سینی و ڕوپی هیندی لە نمونەی ئەو دراوانەن کە دەوڵەت لە ڕێگەی بەنکی ناوەندیەوە بە هۆی هەلومەرجی تایبەتی ئابووری نێوخۆی وڵات وەک زۆربوونی دەستی کاری ناوخۆیی وهەناردەی بەرهەمە پیشەسازیەکان بۆ دەرەوەی وڵات، پەنا بۆ جێگیر کردنی بەهای دراوی وڵات ئەدەن لە ئاستێکی نزمدا، ئەمجۆرە لە سیاسیەتی نەختینەی وڵاتی سین و هیندستان بو بەهۆی ئەوەی کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان بیر لە ستراتیجی Relocation یان گواستنەوەی شوێنی وەبەرهێنانی خۆیان بکەنەوە، چونکە رێژەی باج و تێچووی کارخانە و هەرزانی دەستی کاری سین و هیندستانەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە لە بیست ساڵی ڕابردودا دەیان کۆمپانیای وەک (BMW) ومارسیدیس و ئەپڵ و مایکرۆسۆفت.... هتد، کارخانەکانی خۆیان لە ئەمریکا و ئەوروپاوە گواستەوە بۆ سین و هیندستان، ئێستا دەستی کاری سین و هیندستان سودمەندی یەکەمن لە سەرمایەی ئەو دامەزراوە جیهانیانەدا، هەر بەهۆی دابەزینی بەهای دراوی سینی و هیندیەوە ئیستا کرێکارانی ئەو دوو وڵاتە بە شێوەیەکی هارمۆنی لەگەڵ شەپۆلی ئابووری جیهاندا مەلە ئەکەن.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەهای دراوەکەی مەرکەزیە و لە بۆرسە جیهانیەکاندا بونی نیە هەتا بەهاکەی لەڕێگەی فۆرێکسی جیهانیەوە دیاری بکرێت، بۆیە لە ئێستادا عێراق بە هەمان شێوەی سین وهیندستان ئەیەوێت سیاسەتی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی پەیڕەو بکات، بەڵام عێراق بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ ناوخۆی وڵات ئەم کارە ناکات، بەڵکو بۆ شاردنەوەی شکستی ئیدارەدانی خۆی بەهای دیناری عێراقی دائەبەزێنێت، لە کاتکدا حکومەتی عێراق ناتوانێت بەهۆی فرۆشتنی ئەو نەوتە زۆرەی کەهەیەتی بوجەی وڵات بۆساڵی ٢٠٢١ دابین بکات، وەهەروەها سەرکەوتوو نە بووە لە بەدەستهێنانی قەرزی نێودەوڵەتی، ئێستا ئەیەوێت بەهۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقیەوە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی کورتهێنانی مالی خۆی پەردەپۆش بکات، چونکە بەهای نەوتەکەی کە بە پێی سیستەمی پیترۆدۆلار ئەیفرۆشێت ناگاتە ئاستی بوجەی پێویستی وڵات، بۆیە لە بەرمبەردا لەسەر حیسابی ژیان و گوزەرانی خەڵک بەهای دراوی وڵات بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دادەبەزێنێ.

بەنکی مەرکەزی عێراق دابەزینی بەهای دیناری عێراق تەنها وەک ئازار شکێنێکی کاتی بەکار ئەهێنێ، ئەگینا هەتا گەندەڵی لە عێراقدا بمێنێ ناتوانێت بودجەی پێویست دەستەبەر بکات ئەگەر بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکیش بگەیەننە ٢٠٠ هەزار دیناری عێراقی.

لە کاتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش ئەگەر کۆڕانکاری ئەرێنی لە شێوازی بەڕێوەبردنی عێراق نەکرێت، ئەوا بۆ ساڵی ٢٠٢٢ دیسان کورتهێنانی مالی لە بوجەی عێراق هەر بەردەوام ئەبێت، ئەو کاتەش تەنها چەکی دەستیان زیاتر دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی ئەبێت، ئەویش دووبارە ئەبێتە بارگرانی بۆ سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک.