گەڕانەوە بۆ زایۆن

07/02/2021

دڵشاد موانی

زایۆن، بەرزاییەکە لە نزیک مزگەوتی ٱلْأَقْصَىٰی لە شاری (القدس) کە جولەکە و مسیحیەکان پێی ئەڵێن شاری ( ئورشەلیم) .


ناوی زایۆن ١٦٢ جارلە تەستەمێنتی کۆن و نوێ واتە (تەورات) و(ئینجل)دا هاتووە، لۆکەیشنی شاخی سەهیۆن (زایۆن) ڕێک کەوتۆتە دەرەوەی پاشماوەی کۆشکی فەرمانڕەوایی پێغەمبەر داود کە جولەکەکان پێی ئەڵێن دیواری پیرۆزی مەلیک داود، ٢٠٠٠ ساڵە لە پەنای ئەو دیوارەدا جولەکە تەورات ئەخوێنێتەوە و لە کاتی پاڕانەوەدا بەدەم گریانەوە ماچی ئەکەن و دەست ئەهێنن بە بەردە گەورەکانیدا.


ڕاستە کە زایۆنیزم وەک بزوتنەوەیەکی ئایدۆلۆژی نەتەوەیی و نیمچە دینی لەسەردەستی سیۆدۆر هیرتز لەساڵی١٨٩٧ دامەزرا بۆ گەڕانەوەی یەهودییە پەرش و بڵاوەکانی جیهان لە پێناو دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆیان، بەڵام لە بنەڕەتدا بیری گەڕانەوەی جولەکە، لە لایەن توندڕەوە مەسیحیەکانەوە سەری هەڵدا لە ئەورووپا، مەسیحیەکانی وڵاتە ئەورووپیەکان درێغیان نەکردوە بۆ دەرپەڕاندنی جولەکەی وڵاتانی خۆیان و گەڕانەوەیان بۆ ئەو شوێنەی لێی هاتوون، ئەوان جولەکەیان وەک بکوژی عیسا وێنا ئەکرد، ڕق لێبوونەوەی جولەکە کە پێی ئەوترێت (ئەنتی سمیت) هەروەک ئیسلامۆفۆبیای ئیستا بەرامبەرموسڵمانان لەسەرتاسەری ئەورووپادا بوو بە کلتوور، مەسیحیەکان هەموو جارێک بە ڕق و توانجەوە بە جولەکەی وڵاتانی خۆیان ئەووت بگەڕێنەوە بۆ شاری داود و شاخی زایۆن لە ئورشەلیم، لەهەندێک وڵات ڕقی زۆریان بۆ جولەکە گەشتۆتە ئاستی دروستکردنی کوشتارگەی بەکۆمەڵ وەک (هۆڵۆکۆست) کە لە جەنگی دووەمی جیهانی و ساڵی ١٩٤١ لەسەردەستی نازیەکانی ئەڵمانیا لە ژێر فەرمانی هیتلەر ڕویدا، بۆیە پێش ئەوەی جولەکە عەقڵیان بە دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی و دینی بشکێت بۆ خۆیان، مەسیحیەکان فکری زایۆنیزم و گەڕانەوەی جولەکەیان بۆ سەرخاکی کۆنی خۆیان لە خەیاڵدانی جولەکەکاندا چەکەرە پێکرد.


هیرتز لە ڕقی قوڵی مەسیحیەکانی جیهان بەرامبەر جولەکە بە باشی تێگەشتبوو، ئەیزانی کە مەسیحیەکان بوونی جولەکە وەک ئەهریمەنێکی ڕەش لە بیرو باوەڕی خۆیاندا وێنا ئەکەن، بۆیە زیرەکانە توانی پێشنیارە دوژمنکاریەکانی مەسیحیەکان وەک دەرفەتێک بۆ گەڕاندنەوەی جولەکەکانی جیهان بۆ(زێدی) کۆنی خۆیان بقۆزێتەوە.
هێرتز بە پلانی زایۆنیزمی ئەورووپیەکان ڕازی بوو، بەڵام بەومەرجەی ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی جولەکەی وڵاتەکانیان بکەن بۆ فەلەستین.


حیکمەت و زیرەکی سەرکردە لەوەدایە کە چۆن دەرفەتی سەرکەوتن وگۆڕانکاری لە هەڵوێستی دوژمنەکانی وەردەگرێ، کاتێک کە شیعەی عێراق چەندین ساڵە موچەی خەڵکی کوردستان نانێرێت، ئەوە بە ناڕاستەخۆ بەکورد ئەڵێن بڕۆن بەرۆکمان بەر بدەن، هەتا کەی کورد ناتوانیت ئەم هەڵوێستەی عەرەبی عێراق بکات بە سەرەتای خاڵی وەرچەخاندن و دوورکەوتنەی یەکجاری باشوری کوردستان لە حکومەتی عێراق.


لەماوەی پەنجا ساڵدا زۆرێک لە جولەکەکانی جیهان بەسەرکەوتوویی خۆیان گەیاندە خاکی فەلەستین، تەنها دوای ٧ ساڵ لە هۆڵۆکۆست، لە ١٤ی مانگی ٥ی ساڵی ١٩٤٨ (دەڤید بین گورین) بێ ئەوەی هیچ پێشینەیەکی سیاسی و حکومڕانی هەبوبێت، تەنها بەرپرسی نوسینگەی هاوردەکردنی جولەکەکانی دەرەوە بوو بۆ ناوخۆی فەلەستین، بەڵام توانی بە ئاسانی بڕیاری سەربەخۆیی دەوڵەتی ئیسرائیلی ڕابگەیەنێت، هەمان ڕۆژ (هاری ترۆمان)یش سەرۆکی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای ئەوکات ڕاستەوخۆ دانی نا بە دەوڵەتی سەربەخۆی ئیسرائیلدا.


گەڕانەوەی زایۆنیەکان بۆ فەلەستین جیاوازە لە هەر گەڕانەوەیەکی تر بۆ زێدی کۆن یان بۆ نیشتیمان، چونکە زەمەنی نەمانی دەسەڵاتی مەلیکایەتی جولەکە لە فەلەستین پێش ٢٠٠٠ ساڵ کۆتایی هاتبوو، لە مێژ بوو ئەوان لە کایەی حکومڕانی و دەوڵەتداری دورکەوتبوونەوە، ئەمە وەک بەشێک لە توراسی ئاینی بۆیان مابوویەوە، وەکو ئاردی بن دڕک هەر قەبیلەیەکیان کەوتبوونە شوێنێکی ئەم جیهانە، ئێستاش جولەکە ئۆرسۆدۆکسەکان دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیلی وەک سەرپێچی لە ئاینی جولەکە تەماشا ئەکەن، ئەڵێن لە ڕوانگەی دەقەکانی تەوراتەوە ئێمە دروست کردنی دەوڵەتمان لەسەر حەرام کراوە تا ڕۆژی دوایی، بۆیە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرایل هەروا کارێکی ئاسان نەبوو، ئەو زەمەنەی زایۆنیزمەکان دەوڵەتیان تێدا ڕاگەیاند گۆڕانکاری زۆر لە نەخشەی بایۆگرافی ناوچەکەدا دروست بوو بوو، ئەگەر بە پاڵنەری ئایدۆلۆژیای زایۆنیزمی جیهانی نەبوایە زەحمەت بووهەروا بە ئاسانی لەهەر جێگایەک بیانەوێ بیکەن بە نیشتیمانێکی نوێ بۆ خۆیان.

لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەبوو کە ئەو سەرزەمینەی جولەکە بە گوێرەی بەڵگەنامە مێژویەکان خاوەنداریەکەی بۆ خۆیان ئەگەڕاندەوە، بەپێی عورف و یاسای نوێ موڵکی خەڵکی تر بوون، خەڵکێک کە نەژاد و دینیان جیاوازە، خەڵکێک کە خوێنیان ڕشتووە لە پێناو دەرپەڕاندنی خودی ئەو مەسیحیە خاچ پەرستانەی کە جولەکەکانیان لە وڵاتانی خۆیان شاربەدەر کردو گەڕاندنیانەوە بۆ فەلەستین، لەکاتێکدا هەتا ئەو جولەکانەش کە دانیشتوانی ڕەسەنی فەلەستین بوون تەنها ڕۆژیک شان بەشانی موسڵمانان هەوڵیان نەداوە بۆ پاراستنی قودس یان ئورشەلیمەکەی خۆیان لەدەست کاولکاری خاچ پەرستان، ئەمە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە جولەکە هەرگیز بەتەمای دروستکردنی دەوڵەت نەبووە، بگرە بە پێچەوانەوە لە لای جولەکە فەندامیتاڵیزمەکان دروسکردنی دەوڵەت بەناوی ئیسرایلەوە سەرپێچیە و دەرچونە لە سنوری دەقەکانی تەورات.


لە سەرەتای زەمەنی بێ ئاگایی عەرەبدا، زایۆنیزمەکان دەستیان کرد بە کڕینی زەوی و زارێکی زۆر لە فەلەستینیەکان بۆ دروستکردنی خانووی نوێ و یەکەی نیشتەجێکردنی جولەکە هێنراوەکان.


دوای ئەوەی کە عەرەب کەمیک بە هۆشی خۆی هاتەوە، زانیان کە چی هەڵەیەکی گەورەیان کردوە، ئیتر دەستیان کرد بە گریان و شین و شەپۆڕ بەسەر خاکە لەدەست چووەکانیاندا، بەڵام تازە کار لەکار ترازاوە، خۆ سەڵاحەدینی کوردیش نەماوە تا جارێکی تر زەویە داگیرکراوەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە، مەعلووم نیە هەتا کەی خۆیان ونەوەکانیان ئەبێت لەگەڵ دەبابەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلدا شەڕە بەرد بکەن؟


لێرەوەیە کە داگیرکردن و دابڕینی سنور و توندوو تیژی لە نێوان زایۆنیەکان و فەلەستینیەکاندا ئەچێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، ئەمریکا چەندین جار هەوڵی ناوبژیوانی داوە لە نێوان هەردوولادا، لە زەمەنی یاسر عەرەفاتی سەرۆکی بزوتنەوەی فەتحدا، ئەمریکا پێشنیاریکرد بۆ دروستکرنی دوو دەوڵەتی جیا بۆ عەرەب و جولەکە لەسەر خاکی فەلەستین، زایۆنیزمەکان بەو پێشنیارەی ئەمریکا ڕازی بوون، بەڵام عەرەبەکان قبووڵیان نەکرد، چونکە ئامادە نەبوون ئیقرار لەسەر شەرعیەتی دەوڵەتی ئیسرائیل بکەن، عەرەبەکان ئەم ڕستە بەناوبانگەیان کردبوو بە بە شیعاری مقاوەمەتی خۆیان، ئەویش ( یان هەمووی یان هیچ)بوو، واتا یان ئەبیت هەموو خاکی فەلەستین بگەڕێنینەوە بۆ خۆیان و زایۆنیزمەکان بەتەواوی دەربکەن یان هیچی ترمان ناوێت، ئێستا وا خەریکە تەواوی خاکی فەلەستین لەدەست ئەدەن و هیچیان بۆ نەماوەتەوە.


دوای ئەوەی هەندێک لە وڵاتە عەرەبیەکان پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، دۆناڵد ترامپیش لە دوای دەست بەکار بوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ هەوڵدانی بۆ سەرخستنی ڕێکەوتنی سەدە، واژوویشی کرد لەسەرگواستنەوەی پایتەختی ئیسرائیل لە تەلئەبیبەوە بۆ ئورشەلیم و قودسی موسڵمانان.
بە پایتەختکردنی شاری ئورشەلیم کە شاخی (زایۆن) لە ناوەندی ئەو شارەدایە، ئامانجی سەرەکی و قۆناغی کۆتایی بەدیهێنانی پلانی ئایدۆلۆژیای زایۆنیزمە، کە ١٢٤ ساڵ پێش ئێستا سیۆدۆر هیرتز نەخشەی بۆ کێشاوە.