جیاوازییه‌كانی كۆرۆنا تازه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كۆنه‌كه‌ چیه‌؟

23/02/2021

د.زانا دزەیی

ئایا ئەم زنجیرە (شریتە نوێیە) جیاوازیی چییە لەگەڵ زنجیرە کۆنەکە؟

ئایا کوشندەترە؟

ئایا نیشانەکانی جیاوازترن؟

ڤایرەسەکە ھەر ھەمان ڤایرەسە کە دەبێتە ھۆی نەخۆشیی کۆڤید-١٩؟

ڕاستە دەڵێن لە منداڵان و گەنجان بەربڵاوترە؟

ئایا ئەو ڤاکسینانەی ئێستا بەردەستن دەتوانن ھەمان کاریگەرییان لەسەر ئەم زنجیرە نوێیە ھەبێت؟

ئایا چۆن خۆمان لە زنجیرە نوێیەکە بپارێزین؟

وەڵامەکان:

جیاوازیی تەنھا لە گۆڕانی شریتەکەیەتی و بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە مانەوەی خۆی بکات پێش ئەوەی بەرەو نەمان بچێت، واتا ھەمان ڤایرەسی ساڕس-کۆڤ٢ ە کە دەبێتە ھۆی نەخۆشیی کۆڤید-١٩، شتێکمان نییە بەناوی کۆڤید٢٠!

کوشندە تر نییە، تا ئێستا بەشێکی کەمی زانیارییەکان بەردەستن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتیی، لە شریتە کۆنەکە کوشندەتر نییە، ئەوەی باس دەکرێت کە شریتە نوێیەکە توانای بڵاو بوونەوەی زیاتر و خێراترە لە شریتە کۆنەکە.

نیشانەکانی بە شێوەیەکی گشتیی ھەمان نیشانەی شریتە کۆنەکەیە، بەڵام ھەندێ زانیاری لە ئەوروپا باسی ئەوە دەکەن کە سکچوون و ڕشانەوە لە شریتە نوێیەکە زیاترە، ئەمما بە شێوەیەکی گشتیی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ھەمان نیشانەی کۆنەکەیە.

بەڵێ ڤایرەسەکە ھەر ھەمان ڤایرەسی ساڕس-کۆڤ٢ ە کە دەبێتە ھۆی نەخۆشیی کۆڤید١٩ و ھەمان ھۆکاری گواستنەوەی ھەیە.

بەڵێ لە منداڵان و گەنجان بەربڵاوترە تا ئەوساتەی زانیارییەکان وا نیشان دەدەن، بە ڕێژەیەکی کەم لەوانەیە منداڵ نەخۆشییەکە بە تووندی بگرێت.

ڤاکسینەکان بۆ شریتە نوێیەکەی بەڕیتانیا کاریگەریی ھەمان شریتە کۆنەکەیان ھەیە، بەڵام بۆ شریتە نوێیکەی ئەفریقا، تا ئێستا زانیاریی تەواو بەردەست نییە.

ڕێکارەکانی خۆپارێزیی ھەمان ڕێکارەکانی شریتە کۆنەکەیە، دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتیی، ماسک بەستن و دەست شتن بە ئاو و سابوون لە کاتی پێویستدا.

 

تێبینیی: دەشێ ئەم زانیارییانە لە داھاتوودا گۆڕانکارییان بەسەربێت، تا ئێستا ئەوەی بەردەستە ئەوەندەی لەبارەوە زاندراوە. خودا ھەموو لایەک بپارێزێت و کوردستانمان پارێزراو بێت.

 

پزیشکی پسپۆڕی ھەناو