داخۆ ئەمریکا پشت لە کوردانی ڕۆژاڤا دەکات؟

09/10/2019

د.شێركۆ كرمانج

زۆربەمان ئاگاداری تویتەکانی سەرۆکی ئەمریکا، "دۆناڵد ترەمپ"ین، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کە لەوانی پێرێ پشتی لە کورد کردو ڕووی لە تورک کرد، لەوانی دوێنێش ئاوڕێکی لە کورد دایە بەڵام سەرەڕای کۆمەڵێک هەڕەشە لە تورک کەچی هەر پشتی لە تورک نەکرد. لە تویتەکانی پێرێ ترەمپ گوتی کە ئێمە دەمانەوێت کۆتایی بەو شەڕە بێکۆتاییانە بێنین‌و لێدەگەڕێین کوردو تورکیاو ئەوڕوپاو ئێران‌و سوریا ڕوسیا بۆخۆیان پرسەکانیان یەکلابکەنە، ئەمەش وەک پێکردنی گڵۆپی سەوز بۆ داگیرکردنی ڕۆژاڤا لەلایەن تورکیا لێکدرایەوە. لەبەرابەردا، لە تویتەکانی دوێنێ، ترەمپ گوتی ڕاستە ئێمە لە پڕۆسەی کشانەوەین لە سوریا بەڵام بە ھیچ شێوەیەک پشتمان لە کورد نەکردوە، ئەوان گەلێکی تایبەتن و جەنگاوەری بەتوانان. بەھەمانشێوە پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ تورکیا (کە ئەندامێکی ناتۆ و ھاوبەشێکی بازرگانیمانە) زۆر باش بووە. هاوکات گوتیشی کە هەر جۆرە شەڕێکی نەخوازراو یان بەزۆرنەسەپێنراو لەلایەن تورکیاوە دەبێتە مایەی وێرانبوونی ئابوری تورکیا و دراوە (عوملە) لەرزۆکەکەیان. ئێمە کۆمەکی کوردەکان دەدەین لە ڕووی ماددی و چەک‌و تەقەمەنیەوە.

پرسیارێک کە لەسەر زاری زۆر کەسە لەم ڕۆژانە ئەوەیە داخۆ ئەمریکا بەڕاستی پشت لە تورکیا دەکات‌ بەڕووکردنی لە پەیەدەو ڕۆژاڤا یان پشت لە کورد دەکات بە ڕووکردنی لە تورکیا؟ بەواتایەکی دیکە ئەمریکا تورک بە کورد، یان کورد بە تورک، دەگۆڕێتەوە. سادەگۆیەکان بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە یەکسەر هەندێک بەم لاو هەندێکیان بەو لا دەڵێن بەڵێ، ئەدی ئەوە نییە ترەمپ مکوڕە لەسەر کشانەوە لە سوریا، یان دەڵێن ئەوە نیە کۆنگرێسمانەکان پشتیوانی لە ڕۆژاڤاو کورد ڕادەگەیەنن. تێگەیشتن بەمشێوەیە لە سیاسەتی وڵاتان بەگشتی‌و ئەمریکا بەتایبەتی، کە ئێستاکانێ تاکە گەورە زلهێزی دنیایە، ناحاڵیبوونە لە چۆنییەتی سیاسەتکردن‌و سیاسەت داڕشتن لەوەی بە سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتان ناسراوە. 

ئەمریکا نە کورد بە تورک دەگۆڕێتەوەو نە تورک بە کورد. ئەمریکا لەناوچەکە سیاسەت دەکات لەپێناو بەدیهێنانی ستراتیجییەتە گشتییەکانی لەناوچەکە کە لەناوبردنی داعش‌و ڕێگریکردن لە هەڵکشانی ئێران‌و ڕوسیا چەندانێکن لە ستراتیجیەتەکانی ئەمریکا لە دەڤەرەکە. بۆیە کاتێک کە ئەمریکا هێزەکانی سوریای دیموکرات پڕچەک دەکات بۆ دژایەتیکردنی تورکیا ئەم کارە ناکات. ئەمریکا لە گرنگیی پێگەی ستراتیجی تورکیا گەیشتوەو حەزناکات کە تورکیا بخاتە بەرەی ئەوانی دیکە کە لەم قۆناغەو لەم ناوچەیە بەرەی ڕوسیاو ئێرانە، کە بە بەرەی نەیارانی ئەمریکا ناسراون. بۆیە ئەمریکا هیچ کاتێک نایەوێت تورکیا زویربکات بەڵام لەوانەیە لەناچارییا سیاسەتەکانی ئەمریکا ببن بەمایەی ڕەنجان‌و توڕەبوونی تورکیا.

باشە ئەگەر ئەمریکا گرنگیی‌و پێگەی تورکیا درکدەکات‌و نایەوێت زویریبکات ئەوە بۆ نابێتە هۆکاری پشتکردن لە کوردانی ڕۆژاڤا، کە خواستی یەکەمی تورکیایە بۆ درێژەدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئەو دوو وڵاتە؟

لێرە هەوڵدەدەین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە. هۆکاری پشتیوانی ئەمریکییەکان لە ڕۆژاڤا زۆرن، بەڵام دەکرێت لێرە لەسەر گرنگترینیان هەڵوەستە بکەین:

یەکەم، ئەمریکا ساڵانێک پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی بەناو میانڕەوی سوریا کرد، بە جەیشی حوری سوریشەوە، بەڵام دوای خەرجکردنی نزیکەی نیو ملیار دۆلار هەموو هەوڵەکانی بە فیڕۆچوون‌و بەشێکی زۆری لەو چەکانەشی کە بە گروپە میانڕەوەکانی دا گەیشتنە دەست گروپە توندڕەوەکانی وەک داعش‌و جەبهەی نوسرە. بۆیە ئەمریکا بەدوای بەدیلێکدا دەگەڕا، هێزەکانی پەیەدەو سوریای دیموکرات ئەو بەدیلە چاوەڕوانکراوە بوون.

دووەم، هاوکاریکردنی هاوپەیمانان لە بەرگریکردن لە کۆبانی‌و شەڕڤانەکانی پەیەدە‌، کە لەژێر کاریگەریی میدیاو ڕای گشتی ڕۆژئاوا ئەنجامدران، سەرەتایەکی چاکبوو بۆ دروستبوونی پەیوەندییەکی ڕاستەقینە کە توانای شەڕڤانە کوردەکانی لە بەرگریکردن لە خۆو شەڕکردن لەگەڵ داعش نیشاندا. ئەمە لە شەڕەکانی دواتر، بەتایبەتی شەڕی مەنبەج‌و ڕۆژئاوای فورات، زیاتر دەرکەوت. بەکورتییەکەی بۆ ئەمریکییەکان دەرکەوت کە کوردەکان هێزێکن ئەگەر پشتیوانیان  لێبکرێت دەتوانن نەک هەر شەڕی داعش بکەن بەڵکو بەرگریش لە ناوچەکانیان بکەن. ئەزمونی ئەو سەربازە ئەمریکیانەی کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ شەڕڤانەکان هەیانبوو کاریگەریی خۆی هەبوو لە سەرنجڕاکێشانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بۆ شەڕڤانەکان‌و سەرکردەکانیان. 

سێیەم، ڕاستە ئەمریکییەکان نایانەوێت تورکەکان پەراوێزخەن، بەڵام لە قەیرانی سوریا بۆیان دەرکەوت کە تورکەکان لە باشترین حاڵەتدا هاوپەیمانێکی خراپن چونکە ساڵانێک بوو سنورەکانی خۆیان نەک هەر بەڕووی داعش‌و گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان دانەخستبوو بەڵکو لە سنورەکانی تورکیا هاوکاری‌و کارئاسانی پێشکەش بە تیرۆریستەکان دەکرا، بەئاشکرا یان بەدزی. کۆنترۆڵکردنی ئەو سنورانە تەنیا بەپشتیوانیکردن لە پەیەدەو هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکرا کە بەشی هەرە زۆری ئەو سنورانەیان لە ماوەی چەند ساڵێک لە داعش، هاوسنورەکەی تورکیا، پاککردەوە.

چوارەم، ئەمریکییەکان پێویستییان بە هاوکارێک‌و هاوپەیمانێک بوو کە پێویستی بە ئەمریکییەکان بێت، بەڵام توانای ئەنجامدانی شەڕو بەڕێوەبردنی خەڵکیشی هەبێت لەسەر زەوی سوریا. هاوپەیمانێک کە لەبەرئەوەی پێویستی بە یارمەتی ئەوانە هیچ کاتێک لەژێر فەرمانی ئەوان دەرنەچێت. ڕاستیی ئەم خاڵە لەوکاتە زەقتر دەردەکەوێت کە بارودۆخی کوردانی ڕۆژاڤا ڕەچاوبکەین کە لەلایەکەوە تورکیا، لەلایەک پارتی، لەلایەکی دیکە داعش‌و ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە میانڕەو و توندڕەوە تادەگات بەشار ئەسەد دەوردراوە کە بەئاشکراو بەدزی دژایەتی پەیەدەو کوردانی ڕۆژاڤاو و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن. بەکورتی وەک چۆن ئەمریکا کەسی نییە لەسەر زەوی شەڕی بۆ بکات کوردەکانی ڕۆژاڤاش کەسیان نییە کە هانای بۆ ببەن‌و یارمەتیان بدات. لەئاکامدا هەردووکیان بوون بەتەواوکەری یەکدی.

پێنجەم، تورکیا هەر لەسەرەتای قەیرانی سوریاو پێش ئەویش خەونی بە درێژکردنەوەی قوڵایی ستراتیجی خۆی دەدیت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەئاراستەی کەنداوی عەرەبی، هاتنی بۆ ناو سوریا لەم ئامانجەی نزیکدەکردەوە. ئەمریکا ئەم پەلهاوێشتنەی تورکیای پێ باش نییە. ئەمەش کاتێک زەقتر دەردەکەوێت ئەگەر ڕەچاوی ئەوە بکەین کە تورکیا لە ٢٠٠٢ ـەوە حکومەتێکی ئیسلامیی-سوننیی ڕابەرایەتی دەکات‌و لەهەوڵی زیندوکردنەوەی خەونە ئیمپراتۆرییە عوسمانییەکانە لەسەر بنەمای دین‌و مەزهەبی سوننە. پشتیوانیکردن لە ڕۆژاڤا بەشێکە لە ستراتیجیەتی ئەمریکا بۆ لەباربردنی ئەو خەونەی تورکیا.

شەشەم، لە ناوەڕاستی ٢٠١٥ دا پاش ئەوەی ئەمریکا باسی لە چارەسەری سیاسی کرد بۆ کێشەی سوریا، کە هاتنی ڕوسیای بۆ ناو هاوکێشەکانی سوریا بەچڕی بەدوای خۆیدا هێنا، کە دواتر باڵادەستی ئێرانی نەک هەر لە سوریا بەڵکو تەواوی ناوچەکە لێکەوتەوە. ئەمانە هەمووی وای لە ئەمریکا کرد کە پێیوابێت ئەگەر پشتیوانی لە کوردەکان نەکات‌و لەڕێگەی ئەوانەوە بازوی خۆی‌و ناوچەکانی ژێردەستی تاکە هاوپەیمانە ساواکەی بەهێزنەکات ئەوە سوریا لە دواڕۆژێکی نزیکدا بەتەواوی دەکەوێتە ژێر ڕکێفی ڕوسەکان لەلایەک‌و ئێرانییەکان‌و هاوپەیمانەکانی (وەک ئەسەد و حیزبوڵا) لەلایەکی دیکە. بەکورتی‌و بەکوردی ئەمریکا پشتیوانی لەڕۆژاڤاو هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات بۆ بەرگریکردن‌و ڕێگریکردن لە زیاتر تەشەنەکردنی ڕۆڵی ئێران لە سوریاو ڕۆڵی ڕوسیا لە ناوچەکە.

حەوتەم، دوای شڵەژانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئاکامی ئەوەی بە "بەهاری عەرەبی" ناسراوە ئەمریکییەکان بەگشتی‌و ترەمپ بەتایبەتی بەدوای بکەری سەقامگیریکەردا دەگەڕێن لەناوچەکە. کوردانی ڕۆژاڤا سەلماندویانە نەک هەر سەقامگیری ناوچەکانیان دەتوانن ڕابگرن‌و بپارێزن بەڵکو ئەو ناوچانەش کە وەک ناوچەی ناکوردی دانراون تائێستا کێشەیەکی وایان تێدا سەریهەڵنەداوە کە ببێتە مایەی نیگەرانی ئەمریکییەکان. بۆ ئەمریکییەکان پرسی سەقامگیریی پێش دیموکراسی دێت. لەڕاستیشدا هەروایە چونکە توێژینەوەکان‌و ئەزمونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێماندەڵیت کە هەرێم‌و وڵاتە ناسەقامگیرەکان ژینگەیەکی چاکن بۆ بەرهەمهێنانی تیرۆریزم‌و تیرۆریستان. ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییە. بۆیە ئەمریکا پێیوایە کاتێک کە پشتیوانی لە ڕۆژاڤا دەکات پشتیوانی لەو ئەزمونە سەقامگیرە دەکات کە بەخۆی بەرگری لەخۆی دەکات لەدژی سەرهەڵدان‌و تەشەنەی بیری توندوتیژی‌و تیرۆریزم.

هەشتەم، سەرکەوتنی ئەزمونی ڕۆژاڤا لە ڕێزگرتنی فرەیی دینی‌و نەتەوەیی، ئەگەر ڕێژەییش بێت، لەو ناوچانەی کە بەڕێوەیان دەبەن لەگەڵ تەبەنیکردنی سێکولاریزم‌ وەک بنەمایەک بۆ یاسادانان‌و ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان بەدڵنیاییەوە کاریگەرییان هەبووە لە نزیکبوونەوەی کوردو ئەمریکییەکان، بەڵام پێموانییە بێ بوونی ئەو هۆکارانەی لەسەرەوە ئاماژەمانپێکردن پەیوەندییەکان بەو ئاستە دەگەیشتن کە ئێستا پێیگەیشتون.  

ئەم هۆکارانە بەگشتی پێماندەڵێن کە پشتیوانیکردن لە ڕۆژاڤا، پەیەدەو هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەوەندەی پەیوەندی بەیەکگرتنەوەو یەکنەگرتنەوەی بەرژەوەندی‌و ئامانج‌و ستراتیجییەکانی بکەر (actor) ـەکانە ئەوەندە پەیوەندی بە ئەخلاق‌و ئایدیۆلۆجیاوە نییە. 

ئەگەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئایدیۆلۆجیا دامەزرابان هیچ کاتێک هێزێکی چەپڕەوی ژینگەپارێزیی ئینتەرناشناڵیستی وەک پەیەدە لەگەڵ ئەمریکای بازاڕی ئازادو دیموکراسخوازی سەردەمی باراک ئۆباما، یان ئەمریکای ناسیونالیستی ئابوری‌و کۆنزێرڤەتیڤی سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، لێکنزیک نەدەبوونەوە. ئەخلاق‌و مافەکانی مرۆڤ‌و بەها دیموکراسییەکان لێرەو لەوێ قسەیان لەسەر دەکرێت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەشە جارجار کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتێک یان بکەرێک هەبێت، بەڵام بەگشتیی پرس‌و بەهای یەکلاکەرەوە نین، ئەوەی یەکلاکەرەوەیە هاوئامانجی‌و هاوبەرژەوەندی‌و هاوستراتیجییە. بۆیە کوردو کوردستانیان چ لە ڕۆژاڤا چ لە هەر شوێنێکی دنیا بن دەبێت لەو ڕاستییە بگەن‌و لەسەر ئەم بنەمایانە لە پرسی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی دیکەی دنیا نزیکببنەوە.

بەڕەچاوکردنی ئەو خاڵانە دەکرێت بڵێین سەرەڕای ئەو ئاماژانەی کە لە تویتەکانی پێرێی ترەمپ بەدیدەکرێن ئەگەرەکانی پشتکردن لە کوردانی ڕۆژاڤا زۆر کەمە بەڵام ناکرێت بڵێین هەر نیە چونکە لە سیاسەت هەموو شتێک ڕەچاوکراوە.