کۆڕۆنا ڤایرۆس: دیموکراسی یان دیکتاتۆری

12/03/2020

دكتۆر شێركۆ كرمانج

لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆڕۆنا ڤایرۆس ماوەیەکە کەم بوار ماوە لە پەیوەند بەم پرسە قسەی لەسەر نەکرابێت، هەر لە تەندروستی بگرە تا دەگاتە ئابووری‌و دارایی‌و بازرگانی‌. لەوانەیە پەیوەندی نێوان دیموکراسی‌و تەشەنەی ڤایرۆسەکە یەکێک لەو بوارانەبێت کە قسەو باسی چڕوپڕی لەسەر نەکراوە.
لەم بابەتە هەوڵدەدەم پێداگری لەسەر ئەوە بکەم کە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا سیستەمە دیکتاتۆرییەکان لە هەر فۆرمێکدابن باشترن لە سیستەمە دیموکراسییەکان بە هەموو فۆرمەکانییەوە.  
لەم پەیوەندەدا سەرەتا حەزدەکەم ئەوە بڵێم کە بۆ پرسی ماف‌و ئازادییەکانی مرۆڤ بەگشتیی کۆدەنگییەک هەیە کە سیستەمە دیموکراسییەکان زۆر سەرکەوتووترن‌و چاکتر مافەکان فەراهەم‌و ئازادییەکان بەرجەستە دەکەن بەراورد بە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان کە بەگشتیی ڕێگرن لەپێش مافەکان‌و ئازادییەکان پێشێل دەکەن.
سەرەڕای ئەمە، بۆ ئیدارەدانی دەوڵەت‌و کۆمەڵگەو بەڕێوەبردنی ئابووری‌و بازرگانی گفتوگۆی زۆر هەیەو ڕای جیاواز هەیە. ئەگەر تاوەکو چەند ساڵێک پێش ئێستا بەگشتیی هەر سیستەمە دیموکراسییەکان بەباشتر زانرابن ئەوە ماوەیەکە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی بەرچاو‌و قەبەبوونی ئابوری‌و پیشەسازیی‌و بازرگانی وڵاتی چین‌و گەیشتنی ئەو وڵاتە بە پلەی دووەم لە قەوارەی ئابوریی لە دوای ئەمریکا لە جیهاندا، ئەوە پێداچوونەوە بەو ڕایە کراوەو دەکرێت.
هەندێک کەس پێییانوایە کە بۆ گەشەی ئابووری‌و ئیدارەدانی مەرج نییە ئابووری ئازاد (وەک ئەمریکا) سەرکەوتووتربێ لە ئابوری کۆنتڕۆڵکراو لەلایەن دەوڵەتەوە (وەک چین).
بەهەرحاڵ، لەم بابەتە نامەوێت قسە لەسەر ئەو پرسانە بکەم بەڵکو دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ئەو ئارگیومێنتەی لەسەرەتا وروژاندم‌ کە سیستەمە دیموکراسییەکانم بە خراپتر لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان دانا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، یان هەر کارەساتێکی لەم چەشنە. لێرەدا بەکورتی هۆکارەکانی باشتربوونی سیستەمە دیکتاتۆرییەکان دەخەمەڕوو.
یەکەم، لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان دەسەڵاتەکان لە دەست کەسێک یان چەند کەسێک کۆکراونەتەوەو ئەمەش پڕۆسەی بڕیاردان ئاسانترو خێراتر دەکات. لەبەرابەردا، لە سیستەمە دیموکراسییەکان دەسەڵاتەکان ئاسۆیی دابەشن (حکومەت، پەرلەمان، دادگا)، هاوکات، شاقوڵی شۆڕبوونەتەوە بۆ ناو یەکە ئیدارییەکان‌و هەر یەکەیەک جۆرێک لەسەربەخۆیی‌و سەروەریی خۆی هەیە. ئەمانەش پرسی بڕیاردان ئێجگار پڕ لە دڵەڕاوکێ‌و خاو دەکەنەوە.
دووەم، دیکتاتۆرەکان زۆر گوێ بە کاریگەرییە لاوەکییەکانی بڕیارەکانیان نادەن. بۆ نموونە بیر لەوە ناکرێتەوە، یان گوێ بەوە نادرێت داخۆ کێ ڕازییەو کێ ناڕازییە. بێجگە لەمە، هەر دەنگی ناڕازی لەو جۆرە سیستەمانە کەمەو خەڵک بڕیارو ڕێنماییەکان وەک خۆی بێ بیرکردنەوە جێبەجێ دەکەن.
بەپێچەوانەوە لە سیستەمە دیموکراتییەکان، بیر لە وردودرشت دەکرێتەوە. بیر لەوە دەکرێتەوە داخۆ بڕیاری داخستنی قوتابخانەو زانکۆکان کێ‌و کێ لێی زەرەرمەند دەبێت؟ داخۆ کاریگەریی لەسەر ئابووری چ دەبێت؟ بڕی باجی کۆکراوە ئەم مانگە یان ئەم ساڵە چی لێدێت‌و چەند کەم دەکات؟ کێ ‌و چۆن قەرەبووی زەرەرلێکەوتووان بکرێتەوە؟ ئەمانەو سەدان پرسیاری دیکەی لاوەکی کە هەندێکیان نەک هەر گرنگ نین بەڵکو بێ مانان. ئەمەش پرسی بڕیاردان هێندەی دیکە قورس‌و سەخت‌و درێژ دەکاتەوە.
سێیەم، سیستەمە دیکتاتۆرییەکان زۆر ئاسانترو چاکتر دەتوانن خەڵک هەڵسوڕێن‌و وەگەڕخەن (مۆبەلایزبکەن) کە خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پرسگەلی وەک ڤایرۆس. بۆ بەگژاچوونەوەی ئافات‌و کارەسات‌و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دەوڵەت‌و کۆمەڵگە دەبێت لەسەر هەر دوو ئاستی ماکر‌و مایکرۆ، واتە شۆڕکردنەوەی کار بۆ ئاستی جادەو کۆڵان‌و ماڵەکان، کاربکەن. بۆ ئەمەش سیستەمە دیکتاتۆرەکان سەرکەوتوترن. لە بەرابەردا لە سیستەمە دیموکراسییەکان لە دژی هەر بڕیارێکی لەو چەشنە دەیان دەنگ‌ لە میدیاکان قیت دەبنەوەو ڕەخنەی ئەوە دەگرن‌و دەڵێن ئەی حکومەت بۆ بەخۆی ئەم کارە ناکات بۆ دەبێت خەڵک ئەرکی کارەکانی حکومەت بگرێتە ئەستۆ. یان ئەوەتا دەڵێن دەسەڵات  پێوەرو هەنگاوی توندڕەوانەی (دراکۆنیانی) وەک دەسەڵاتە ئۆتۆریتەرەکان گرتۆتە بەرو ئەم ئازادیانەی لەم قۆناغە لەدەستی دەدەین لەوانەیە بۆ هەمیشە لەدەستی بدەین.
چوارەم، لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان بڕیارو کردارو هەڵسوکەوتەکانی دەسەڵات بەسیاسیی ناکرێن‌و بۆ وەرگرتنی دەستکەوتی سیاسی بەکارنایەن. دیارە ئەمە لە ئاکامی پێگەییوی‌ (نزوجی) کۆمەڵگەو سیستەمەکە نیە بەڵکو لە ئاکامی نەبوونی یان کپکراویی هێزو دەنگە ناڕازی‌و ئۆپۆزسیۆنەکانە. بەپێچەوانەوە، لە سیستەمە دیموکراسییەکان هێزو دەنگە ئۆپۆزسیۆنەکان بە زەڕەبین دەڕواننە بڕیارو کردارو ڕەفتارەکانی دەسەڵات‌و کەموکورتییەکانی دەخەنەڕو و هەراوهۆسەی وای لێ دروست دەکەن کە هێشتا بڕیارەکە نەدراوە شکستی پێدێنن یان بڕیارەکە دراوەو خەڵکی لەدژی وەگەڕ دەخەن. لە کاتی بڵاوبوونەوەی پرسگەلی وەک تەشەنەی ڤایرۆس ئۆپۆزسیۆنەکان هەندێکجار لە دیدو چوارچێوەی پرسی ئاسایشی تەندروستی‌و خەمی گشتییەوە پرسەکە نابینن بەڵکو لەخەمی بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکن لەدژی دەسەڵات.
دیارە لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە کە هەمیشە ئۆپۆزسیۆن بەم شێوازە کاردەکات، یان هەبوونی ئۆپۆزسیۆن خراپە، بەڵکو مەبەستی من لێرە ئەوەیە کە هەبوونی ئۆپۆزسیۆن لە سیستەمە دیموکراتییەکان پڕۆسەی بڕیاردان‌ خاو دەکاتەوەو هەندێکجار بەلاڕێدا دەبات چونکە دەسەڵات هەندێک شت ناکات نەک لەبەر خراپی یان باشی بەڵکو لەترسی لەدەستدانی دەسەڵات.
بەگشتیی، کۆبوونەوەی دەسەڵات‌ لە سیستەمە دیکتاتۆرەکان‌و توانایان بۆ وەگەڕخستنی خەڵک‌و سەپاندنی بڕیارو یاساو ڕێنماییەکان‌ بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوانەو گوێنەدان بە کاریگەرییە لاوەکییەکان‌و نەبوونی ترس لە ئۆپۆزسیۆن، هەمووی بەسەریەکەوە، دەبنە هۆکاری ئەوەی کە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان ئاسانترو باشترو کاریگەرترو خێراتر بەگژ پرسگەلی کێشەئامێزی وەک تەشەنەی ڤایرۆس‌و ئافات‌و کارەساتەکان ببنەوە.
ماوەیەکە کەیسی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئیتاڵیا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا‌و ئوسترالیا هەیە. چەند حەفتەیەکی پێچوو تا ئیتاڵیا توانی بڕیاری کەرەنتینەکردنی هاوڵاتیان لە ماڵەکانی خۆیدا دا. هۆڵەنداو ئەڵمانیاو ئوسترالیا هێشتا نەیانتوانیوە بڕیاری داخستنی قوتابخانە سەرەتایی‌و ئامادەییەکان بدەن. ئەمەش وادەکات کە تا ئەوکاتەی بڕیارەکە دەدرێت کار لە کار بترازێ‌و ڤایرۆسەکە بەتەواوی تەشەنە بکات.
کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی توشبووان‌و زیادبوونی ژمارەی چاکبووەوان لە چین، سەرەڕای ئەوەی کە بێشکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوو، پشتڕاستی ئەو ئارگیۆمێنتەی سەرەوە دەکەنەوە کە جەختی لە گونجاوتربوونی سیستەمە دیکاتۆرییەکان کرد لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆس.
هاوکات، بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسەکە لە ئیتاڵیاو وڵاتانی دیکەی ئەوووپا بەهەمانشێوە پشتڕاستی ئەو ڕاستییە دەکەنەوە کە سیستەمە دیموکراتییەکان توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەیان لە چین کە سیستەمێکی ئۆتۆریتاریی/دیکتاتۆرییە زۆر کەمترە.