بۆ هەسەدە لەگەڵ ڕژێم پێکهات؟

13/10/2019

د.شێركۆ كرمانج

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کە پێکهاتنی بەناچاریی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ ڕژێمەکەی ئەسەد بە هەنگاوێکی عاقڵانەو چاوەڕوانکراو دەزانم‌و دەبینم بەتایبەتی ئەگەر ئەوە بەبیرخۆمان بێنینەوە کە هاوپەیمانەکەی هەسەدە، ئەمریکا، زۆر بێ ئەخلاقانەو بێ شەرمانەو بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک‌، تەنانەت پاساوێکیش، پشتی لە کوردو ئەزمونەکەی ڕۆژاڤا کرد.

هەر ئەمریکا نەبوو کە پشتی لە کورد کرد بەڵکو تەواوی وڵاتانی ڕۆژائاوش خەمساردیەکی زۆریان پێوەدیاربوو

بێجگە لەم هۆکارەی سەرەوە ڕەنگە کۆمەڵێک هۆکاری دیکە لە پشت ئەم هەنگاوە بن کە ئەمانە هەندێکیانن:
یەکەم، پاراستنی خەڵکی ئەو ناوچانەی لە ئاوارەبوونی یەکجارەکی‌‌و بوون بە فەلەستینی کە تورکیا هێرشی کردۆتە سەریان.
دووەم، نابەرابەربوونی شەڕەکە، تورکیا خاوەن هێزێکی سەربازی گەورەیەو توانای درێژکردنەوەی شەڕی هەیەو ئەمەش نەک هەر کاولبوونی ناوچەکانی ڕۆژاڤای لێدەکەوێتەوە بەڵکو زیانێکی گیانی زۆر بەدوایخۆیدا دەهێنێت هەم لە خەڵکی مەدەنی هەم لە هێزەکانی هەسەدەو هەم لە خەڵکی مەدەنی.
سێیەم، دروستکردنی پشتیوانێکی حازربەدەست لە بەرەکانی شەڕ بەتایبەتی ئەگەر ڕەچاوی ئەوە بکەین کە ئەوە هەر ئەمریکا نەبوو کە پشتی لە کورد کرد بەڵکو تەواوی وڵاتانی ڕۆژائاوش خەمساردیەکی زۆریان پێوەدیاربوو تەنانەت لە ئەنجومەنی ئاسایش نەک نەیانتوانی بڕیارێک دەرکەن بەڵکو نەیانتوانی بەیانێکیش دەرکەن.

ئەمریکا ئەمڕۆش نەبا سبەی هەر دەکشاوەو ئەگەری بە سەربەخۆیی مانەوەی ڕۆژاڤا لە دوورمەودا هەر کەم بو

چوارەم، لەبەر بوونی هێزەکانی ڕوسیا ئەگەری زۆری هەیە کە تورکیا خۆی لە شەڕی هێزەکانی ڕژێمی سوریا بەدوور بگرێت‌و بەمەش ڕۆژاڤا پارێزراو دەبێت.
پێنجەم، ڕاکێشانی ڕوسیا بۆ سەر خەت لەوانەیە جوڵەی نێودەوڵەتیی زیاتری لێبکەوێتەوە بۆ ئیدانەکردنی تورکیاو ڕاگرتنی لەشکرکێشییەکەی تورکیا بەیەکجاری.
شەشەم، ئەمریکا ئەمڕۆش نەبا سبەی هەر دەکشاوەو ئەگەری بە سەربەخۆیی مانەوەی ڕۆژاڤا لە دوورمەودا هەر کەم بوو، بەواتایەکی دیکە ڕۆژاڤا هەر دەبوا لەگەڵ ڕژێم بکەوێتە گفتوگۆ. دیارە چوون بۆ گفتوگۆ لە پێگەیەکی بەهێز باشترە بەڵام هەموومان دەزانین کە ڕووداوەکان مەرج نیە بە ئارەزووی کورد بێت، کە ئەمە دۆخەکەیە ئێستا.
دەکرێت هۆکاریی دیکەش هەبن بەڵام ویستم بۆ بەرچاوڕوونی ئێوە بەخێرایی ئەم خاڵانە بخەمەڕوو.