کۆمەڵێک وەهم

11/10/2019

د.شێركۆ كرمانج

 لەپەیوەند بەوەی ئێستاو لەماوەی چەند ساڵی ڕابردو لە ڕۆژاڤا دەگوزەراو دەگوزەرێت کۆمەڵێک گۆتەو تێگەیشتن دروستبوون کە من پێموایە لە وەهم زیاتر هیچی دیکە نین.

دەوڵەتی تورک هیچ پەیوەندی بە بوون یان نەبوونی پەیوەندی نێوان پەیەدەو پەکەکەوە نیە بەڵکو پەیوەندی بە جەوهەری دەوڵەتی تورکەوە هەیە

وەهمی یەکەم، پەیەدەو قەسەدە خۆیان لە پەکەکە دوورنەخستەوە بۆیە تورکیا هێرش دەکاتە سەر ڕۆژاڤا. هێرشی دەوڵەتی تورک هیچ پەیوەندی بە بوون یان نەبوونی پەیوەندی نێوان پەیەدەو پەکەکەوە نیە بەڵکو پەیوەندی بە جەوهەری دەوڵەتی تورکەوە هەیە کە تا ئێستاش لە تارمایی پەیمانی سیڤەر ڕزگاری نەبووە، واتە ترسی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستانی هەموو شەوێك خەوی تورکەکان دەزڕێنێت. دەوڵەتی تورک لەسەر تواندنەوەو قڕکردنی فرەیی لە تورکیا دامەزراوە، ئەوان پێیانوایە کە هەر بوونێکی کورد لەناوەوەی تورکیا یان لە دەرەوەی تورکیا یان ئەوەتا ڕێگرە لەپێش ئەو دەوڵەتە یەک نەتەوەو یەک ئاڵاو یەک ناسنامەیەی کە دەیانەوێت دروستی بکەن یان هەڵوەشێنەرەوەی ئەو پڕۆژەیەیانە، جا لایەنی کوردی پەیەدە یان پەکەکە بێت، پارتی یان یەکێتیی بێت، یەکگرتوو یان کۆمەڵ بێت، لایەنی تورکیش مەهەپەیی بێت یان جەهەپەیی، ئیسلامیی بێت یان لیبرالیی. دیارە ئەمە تێگەیشتنێکی جەوهەرگەرایی نیە، بەو مانایەی ئەمە هەر وایەو هەر وا دەمێنێتەوە بەڵکو ئەمە خستنەڕووی واقعێکە کە دەکرێت بگۆڕێت بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە لایەنی کوردی باس لە پێکەوژیان‌و یەکسانی‌و فرەیی دەکات لایەنی تورکیی هیچ شتێک لەخۆی نیشاننادا کە گۆڕینی یان گۆڕانی ئەو تێگەیشتنەی لێدەرکەوێت، نە لە ئێستاداو نە لە ئاسۆشدا شتێک بەو ئاراستەیە بەدی دەکرێت.

حەفت سەد ساڵ ئەزمونیان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان هەیە ئەوەندە گەمژە نین وەک ڕیالیستەکان گوتیان لەسەر بنەمای نیازو دەرکەوت تەماشای ئەوی دیکە بکەن 

وەهمی دووەم، پەیەدەو قەسەدە سیاسەتێکی حەکیمانەیان لەگەڵ تورکیا نەگرتەبەرو ترسەکانی تورکیایان نەڕەواندەوە. دەوڵەتی تورک، یان تورکەکان، حەفت سەد ساڵ ئەزمونیان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان هەیە ئەوەندە گەمژە نین وەک ڕیالیستەکان گوتیان لەسەر بنەمای نیازو دەرکەوت تەماشای ئەوی دیکە بکەن بەڵکو ئەوان دوورمەوداو ستراتیجیانە لە پرسەکان نزیکدەبنەوەو پێیانوایە کە بوونی هەر ئەزمونێکی، کیانێکی، کوردی خەتەرە لەسەر ئەوان‌، بۆیە بە هەموو شێوەیەک نەک هەر دژایەتی دەکەن لە هەر دەرفەتێک دەگەڕێن کە بنبڕی بکەن. ئەوان چەند ساڵێکە ئەو نیازەیان بەرابەر بە ڕۆژاڤا هەبوو، سەرەتا لەڕێی داعشەوە ویستیان لەناوی ببەن، کە ئەوە نەکرا ئینجا دەرفەتی ئەوەیان قۆستۆتەوە کە تەواوی دنیا لە ئاڵوزیدا دەژی. ترەمپ سەقاڵە بە لەسەرکار لابردنی، بۆریس جۆنسن خەریکی دەرهێنانی بەریتانیایە لە ئەوروپا. دنیاش لە دڵەڕاوکێی شەڕن لە کەنداو... هتد. تورک ئەمڕۆ ئەو بارودۆخە شڵەژاوییەی دنیایان قۆستۆتەوە بۆ لەناوبردنی ئەزمونی ڕۆژاڤا.

وەهمی سێیەم، کورد لە ڕۆژاڤا داوای جیابوونەوە دەکات بۆیە ئەمریکا پشتی لێکرد. پشتیوانیکردنی ئەمریکا نە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بووە وەک هەندێک لە کوردو هەندێک لە تورکەکان ئیدیعای بۆ دەکەن، نە بۆ دژایەتی تورکیاش بووە، بەڵکو ڕێکەوتێک بوو کە بەرژەوەندییەکانی کوردو ئەمریکای لە ئانوساتێکی مێژوویی لە دژایەتیکردنی دوژمنێکی هاوبەش، داعش، گرێدا بەیەکەوە. بە نەمانی دوژمنە هاوبەشەکە هاوپەیمانییەکە کەوتە ژێر پرسیارەوە، ناڵێم نەماوە.

پشتیوانیکردنی ئەمریکا نە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بووە وەک هەندێک لە کوردو هەندێک لە تورکەکان ئیدیعای بۆ دەکەن، نە بۆ دژایەتی تورکیاش بووە

وەهمی چوارەم، کوردستانیان لە ڕۆژاڤا نابوایە پشت بە ئەمریکا ببەستن. پشبەستنی کورد بە ئەمریکا بژاردەیەک نەبوو کە کوردستانیان بڕیاریان لەسەر دابێت بەڵکو بژاردەیەکی سەپاو بوو. کوردستانیان لە رۆژاڤا لەوکاتانەدا لە لایەن ئەمریکاوە یارمەتیدران کە مەگەر گەمژەبیت ئەگینا ئەو یارمەتییە ڕەتناکەیتەوە. ئەوانەی وا دەڵێن لەبیریان چووە کە ئەمریکا لەکاتێکدا بە هانای کوردستانیانەوە هات کە ٢٠٪ ی کۆبانێ‌ لە دەست شەڕڤانان بوو و نزیکەی ٩٠٪ ی هەموو ئەو ناوچانەی ئێستا لەدەست شەڕڤانانە لەدەست داعش بوو. تەواوی ئەو ٨٠٪ ی کۆبانێ‌و تەواوی ٩٠٪ ـەکەی ڕۆژهەڵاتی فورات کە ئێستا لەدەست شەڕڤانانی قەسەدەیە بەیارمەتی ئەمریکییەکان ڕزگارکراوە. جا کەسێک ئەوە بە هەڵە تێبگات ئەوە هەڵە تێگەیشتوە.