ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:43 - 26/05/2019

داواكارییەكانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە عێراق‌

پەیسەر

وەزیری دەرەوەی ئێران ژمارەیەك داواكاری لەحكومەتی عێراق دەكات و پەیسەرپرێس داواكاریەكانی بڵاودەكاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە، دەستی كەوتووە محمد جەواد زەریف لەسەردانەكەی رۆژی شەممەی بۆ عێراق داوایكردووە بەغداد رێگری نەكات لەمانەوەی بەشێك لەهێزەكانی سوپای پاسداران لەناو خاكی عێراق هەروەها بەغداد پابەندی سزا ئابوریەكانی سەر تاران نەبێت.


داواكاری سێیەمی وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەرپرسانی عێراق، ئەوە بووە كە حكومەتی عێراق بەهەموو توانایەوە كار بۆ دەركردنی هێزی ئەمریكا لەخاكەكەی بكات ئەگەریش نەیتوانی ئەوە هیچ گروپ و حزبێكی سیاسی عێراق هاوكار و پشتیوانی هێزەكانی ئەمریكا نەكات، و داواكاریەكی تری زەریف بانگهێشتكردنی سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق بوو بۆ ئەوەی سەردانی تاران بكەن.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، زەریف بەناوی عەلی خامنەئیی رابەری شۆرشی ئێرانەوە ئەو داواكاریانەی خستۆتە بەردەم بەرپرسانی عێراق  و بەشێك لەسەركردەكانیش هەر لەكۆبونەوەكەدا داواكاریەكانیان بەقورس و موستەحیل وەسف كردووە و راشیانگەیاندووە عێراق تێروانینی تایبەتی خۆی لەسەر كێشەكانی تاران و واشنتۆن هەیە و نایەوێت ببێت بەبەشێك لەو ململانێیە و لەئایندەیەكی نزیكیشدا بۆ گەیاندنی پەیامی بەغداد وەفد رەوانەی تاران و واشنتۆن دەكەن.

رۆژی شەممە محمد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بەسەردانێك گەیشتە بەغداد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆبۆوە.