ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

09:48 - 11/05/2020

چەكدارە سورییەكانی سەر بەتوركیا لەژێر فشاردان‌

پەیسەر

سەرچاوە رۆژنامەوانیەكان باس لەو دەكەن توركیا فشاری خستۆتە سەر گرووپە چەكدارەكانی خۆی لەناوخۆی سوریا بۆ ئەوەی ئامادەكاریی بكەن بۆ رۆشتن بەرەو لیبیاو ئەگەر ئەو كارەش نەكەن دۆسیەی رەوشتییان بڵاو دەكەنەوە.

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوری –المرصد السوری- رامی عەبدولرەحمان بە رۆژنامەی الشرق الاوسطی گوتووە: ئەو چەكدارە توركیانە كاتێك دەگەنە لیبیا لەوە تێدەگەن كە ئەو پەیمانەی پێیان دراوە سەبارەت بە مووچەی زۆر بنەمایەكی نیەو ڕاستیان نەكردووە لەگەڵیان بۆیە بیر لە گەڕانەوە دەكەن، هەر ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش كردووە زۆربەی ئەو كەسانە لەوێ گیریان خواردووە باس لەوە دەكەن توركیا دۆسیەی ئەخلاقی و شتی تری بۆ دروستكردوون و هەڕەشەی ئەوەیان لێدەكات ئەگەر بگەڕینەوە بڵاوی دەكەنەوە.

سەرچاوە رۆژنامەوانیەكان باس لەوە دەكەن كە گروپە چەكدارەكانی (احرار الشرقیة، جیش الاسلام، فیلق الرحمن، فیلق الشام، لواء المعتصم، فرقة سلطان مراد، لواء صقور الشمال و سلێمان شا) ئەو گروپانەن كە لەسوریاوە بۆ جێبەجێكردنی ئەجێنداكانی توركیا چوونەتە لیبیا.

بە پێی وتەی بەڕێوەبەرەكەی ڕوانگەی سووری ئەو چەكدارانەی كە دەچنە سوریا مانگانە پەیمانی 2 هەزار دۆلاریان پێدەدرێت، ژمارەیان نزیكەی 6 هەزار چەكدارە، بەڵام كاتێك دەگەنە ئەوێ بە هیچ شێوەیەك ئەو بڕە پارەیان پێنادرێت، عەبدولرەحمان باسی لەوەش كردووە زۆرینەی چەكدارەكان لە ئاوارەكانی جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتەن، ئاوارەكانی ناوەڕاستی وڵات، ریفی دیمەشق و عەفرین و ئیدلیب و ریفی حەڵەب ، زۆرینەی ئەو كەسانە بارودۆخی بژێوییان زۆر خراپەو بەهۆی ئاوارەییانەوە زۆرینەی شتەكانیان لەدەست داوە، هەربۆیە توركیاش ئەو هەلەی قۆستوەتەوەو دەیاننێرێت بۆ لیبیا، بەشێك لەوانەش ئەوە بە هەل دەزانن لەوێوە كە هەنگاوێك لە ئەوروپاوە نزیكە بەڕێگەی قاچاخ بگەنە ئەوروپا.

بە پێی ڕاپۆرتیكی شرق الاوسط دوێنی ئێوارە توركیا بە فەرمی سوپای نیشتیمانی لیبیای ئاگادار كردووەتەوە كە بەرژەوەندییەكانی توركیا نەخاتە مەترسییەوە. بەپێچەوانەوە كاردانەوەی توندی دەبێت. ئەوە لە كاتێكدایە كە حكومەتی لیبیا بێدەنگی هەڵبژاردووە لەبەرامبەر تیرۆری دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەی لیوا عەبدولقادر تەهامی-  كە لە دۆخێكی تەم و مژاویدا گیانی لەدەست داوەو ئەوانەی كە شایەتحاڵی ڕووداوەكە بوون ڕایانگەیاندووە كە میلشیا چەكدارەكانی سەربە حكومەت گەمارۆی ماڵەكەیان داوەو دواتر دەستگیریان كردووەو  پاشان كوژراوە، دەنگۆكان لەبارەی كوژرانی ئەو بەرپرسە ئەمنیەوە باس لەوە دەكەن ناوبراو بێزار بووە لە دۆخی ناهەمواری لیبیاو ویستوویەتی بەرەو ئەوروپا هەڵبێت، بەڵام مەرگ ڕێگەی نەداو تیرۆر كرا.

لەدوای بەهاری عەرەبی و كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی موعەمەر قەزافی لە 2011 تا ئێستا ئەو وڵاتە ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوەو هێزی میلشیا دەسەڵاتیان لە حكومەت زۆرترەو توركیاش بە مەبەستی دوستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵات و زیندوو كردنەوەی فراوانخوازییەكانی سەردەمی دەسەڵاتی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی دەیەوێت رۆڵی هەبێت لە لیبیا و باری ناهەمواری سووریای قۆستوەتەوە تا چەكدارەكان بە هێزی مووچەی باش ڕەوانەی ئەو وڵاتە بكات، ئەوانەشی كە دەچن و دەیانەوێت بگەرینەوە هەڕەشەیان لێدەكات بە ئاشكرا كردنی دۆسیەی ئەخلاقییان و لەژێر ئەو فشارەدا درێژە بە كارەكانی خۆی دەدات لە لیبیا.