ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:46 - 06/12/2020

ئێران و ڤەنزوێلا؛ لە بازرگانی نەوتەوە بۆ ئاڵتون‌

پەیسەر

ئێران و ڤەنزوێلا، دوو وڵاتی دابڕێنراون لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە. هەردووکیان ڕووبەڕووی نارەزایەتی ناوخوی و قەیرانی دارایی کەمەرشکێن بوونەتەوە. سەرەڕای دورییەکی زۆر لە نێوانیاندا، بە نهێنی و ئاشکرا پەیوەندییە بازرگانییەکانیان بەردەوامی هەیە. 

پێگەی هەواڵی بلومبێرگ لەسەرچاوەیەکی زانیارییەوە ڕایگەیاند، 10 نەوت گوێزەرەوەی ئێرانی  هەڵگری بەرهەمەکانی نەوت بەرەو ڤەنزوێلا بەڕێکەوتوون
ئێران مانگی نیسانی ئەمساڵدا، گوێزەرەوەیەکی بەنزین و مادەی کیمیایی کە توانای گواستنەوەی ملیۆن و نیوێک بەرمیلی هەبوو دابە ڤەنزوێلا، بەڵام دووەمین گوێزەرەوەی سوتەمەنی ئێرانی بە هەڵگرتنی زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل، لەلایەن ئەمریکاوە ڕاگیرا. ئەگەرچی تاران باسیلەوەدەکرد ئەم گوێزەرەی پێشتر فرۆشتووە و هیچ پەیوەندیەکەی بەوەوە نەماوە.

لەم چەند مانگەی پێشوودا، ئێران دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی سەرو سوکی ڕادەستی ڤەنزوێلا کرد

ئێران یارمەتی ڤەنزوێلا دەدات لە هەناردەکردنی نەوتدا
سەرچاوەیەکی زانیاری کە نەویستبوو ناوی ئاشکرا بکرێت بە بلومبێرگی ڕاگەیاند، نەوت گوێزەرەوە ئێرانییەکان لەکاتی گەڕانەوەیان لە ڤەنزوێلاوە، نەوتی ئەم وڵاتە باردەکەن، تاوەکو یارمەتی ڤەنزوێلا بدەن لە هەناردەکردنی نەوتدا.

هەناردەکردنی نەوتی قورسی ڤەنزوێلا لەلایەن نەوت هەلڵگرە ئێرانییەکانەوە لە کاتێکدایە فرۆشتنی نەوتی ئێران ڕووبەڕووی سزای توندی ئەمریکا بووەتەوە.
حکومەتەکەی نیکۆلاس مادۆرۆ، ڕووبەڕووی نارەزایەتی ناوخۆی و قەیرانی دارای بووەتەوە، زۆر پێویستی بە یارمەتی ئێران هەیە، چونکە ڕوسیا و چین وەک دوو وڵاتی لایەنگری ڤەنزوێلا نایانەوێت بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بۆسەر ئەم وڵاتە یارمەتی بدەن.

لەمکاتەدا ئێران تاکە وڵاتە بەئاشکرا یارمەتی هەناردەکردنی سوتەمەنی ڤەنزوێلا دەدات.

ئێران؛ پاڵاوگەکانی ڤەنزوێلا چاکدەکاتەوە
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە بلومبێرگی راگەیاندوە،  ئێران بەڵێنی داوە یارمەتی ڤەنزوێلا بدات لە چاککردنەوە و بنایتنانەوەی پاڵاوگەی گاردون. سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات دوو ساڵ پێش ئێستە کۆمۆپانیاییەکی چینی بەنیازبووە ئەمکارە بکات، بەڵام پەشیمانبوویەوە.

لەمساڵدا ئێران بۆ چاککردنەوەی دوو پاڵاوگەی یارمەتی ڤەنزوێلای داوە، بەڵام یەکێک لەم پاڵاوگانە ماوەیەک دوای کارکردنی دووبارە لەکارکەوتەوە. زۆرێک لە پاڵاوگەکانی ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە دروستکراون و چاککردنەوەیان بەبێ بوونی یەدەگی ڕۆژئاوای ئاسان نییە.

بازرگانی ئاڵتون و ئامێرەکان لەنێوان ئێران و ڤەنزوێلا
سەرچاوەکانی هەواڵ لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ڕایانگەیاند، فڕۆکەیەکی کۆمپانیای ماهانی ئێرانی، دوای گواستنەوەی ئامێرو کەلووپەلی پێویست بۆ نوێکردنەوەی دامەزراوەی پاڵاوگەکانی ڤەنزوێلا،  9 تەن ئالتون "بەبەڕی 500 ملیۆن دۆلار"ی بۆ ئێران گواستووەتەوە. بە گوێرەی سەرچاوەکان، هەرچەندە ماهان لە لیستی سزاکانی ئەمریکادایە ، بەڵام لەماوەی هەفەتەیەکدا چەندین گەشتی بۆ ڤەنزوێلا کردووە.

ئەمریکا؛ دێوەزمەکەی ئێران و ڤەنزوێلا
هەردوو وڵات لە ژێر رەحمەتی سزاکانی ئەمریکادان و بەهۆی ئەم سزایانەشەوە تارادەیەکی زۆر دابڕێنراون لە مامەڵەکردنیان لەلایەن وڵاتانی دیکەوە.

هەناردەکردنی نەوتی ئێران، پێش دەرچوونی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمەیەکە، ڕۆژانە دەگەشتە 2 ملیۆن 500 هەزار بەرمیل، بەڵام دوای دەرچوون لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئەم وڵاتە راستە نەگوشتۆتە سفر ، بەڵام بە تەواوی کەمیکردووە.

لە حوزەیرانی ئەمسالدا، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەڕێکەوتنی چەند گوێزەرەوەیەکی بەزنینی ئێرانی بۆ ڤەنزوێلا،  بەرپرسانی حکومەتەکەی دۆنالد ترەمپ ڕایانگەیاند، ئەمە شکاندنی سزاکانی سەر ئەم دوو وڵاتەیە و ئەمریکا کەشتی جەنگی دەنێرێتە دەریای کارایب بۆ ڕێگریکرن لەمکارە.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەەی ئێران، لەوکاتەدا نامەیەکی نارد بۆ سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان و تێیدا هۆشداریدا لە ڕیگریکردن لە بازرگانی نێوان ئێران و ڤەنزوێلا لەلایەن ئەمریکاوە و بە "هەنگاوێکی نایاسایی و جۆرێک لە چەتەگەری دەریای" لەقەڵەمیدا.