ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:49 - 26/11/2018

كێشەی فرۆشتنی پۆستە وەزارییەكانی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی‌

پەیسەر

چاوەكان لەسەر كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە كە بڕیارە عادل عبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كاندید بۆ ئەو هەشت پۆستە وزاریە پێشكەش بكات كە بەتاڵن، هەروەها گفتوگۆ لەسەر پۆستەكان درێژەی هەیە، بەتایبەتیش پۆستی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ كە دوو كوتلەی گەورە بەرابەریەتی موقتەدا سەدر و هادی عامری ناكۆكیان لەسەری هەیە.

 

هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح : هیچ لایەنێكی ناو هاوپەیمانیەتی بینا هەرەشەی كشانەوەی نەكردووە

ناكۆكی لەنێوان كوتلەكان لەسەر ناوی  وەزیرەكانە، بەتایبەتیش ناوخۆ و بەرگری، ناكۆكییەكانیش گەیشتۆتە ئاستێك كە كوتلەیەك هەرەشەی  كشانەوە لە هاوپەیمانیەتیەكی سەرەكی دەكات، كوتلەكەی بەرامبەریشی هەڕەشەی جێهێشتنی دانیشتنەكەی پەرلەمان دەكات ئەگەربێتو كاندیدەكەی دەنگی پێنەدرێت.

لەبارەی كێشەكانەوە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح  لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند: هیچ لایەنێكی ناو هاوپەیمانیەتی بینا هەرەشەی كشانەوەی نەكردووە.

 هادی عامری دەشڵێت:  هیچ لێدوانێكم لەو بارەیەوە نەداوە، ئەوەی لە هەندێك دەزگای راگەیاندن بڵاوكراوەتەوە دوورە لە راستیەوە  و بەشێكە لەكاری تێكدەرانە و ڕووبەڕووی دادگایان دەكەینەوە.

لای خۆیەوە عەلی البدری ئەندامی رەوتی حیكمە رایگەیاند: عادل عبدولمەهدی ناوی كاندیدەكانی بۆ هەشت پۆستە وەزاریە بەتاڵەكان پێشكەش دەكات ئەوەش لەپێناوی كۆتایی هێنان بە بە ناكۆكیە سیاسیەكان.

ئاماژەی بەوەشكرد بەپێی زانیاریەكان زۆرینەی ئەو كاندیدانەی دەنگی پێویستی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەست نەهێناوە  گۆڕدراون بە كاندیدی تر، گوتیشی: عادل عبدولمەهدی نیازی نیە دەنگدان بۆ وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ دوابخات و سبەینێ ناوەكانیان دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران.

فایەق  شێخ عەلی ده‌ڵێ تەنها چوار وەزارەت لە كابینەكەی عادل عبدولمەهدی رزگاریان بووە لە كڕین و فرۆشتن

هاوكات پرسی ئابرووچوونی كڕین و فرۆشتنی پۆستە وزاریەكان بەردەوامە ئەوەش لە چوارچێوەی گفتوگۆكانی پێكهێنان و تەواوكردنی كابینەی حكومەت بەتایبەتیش دوای ئەوەی كە هەفتەی رابردوو موقتەدا سەدر كوتلەیەكی سوننەی بەوە تۆمەتباركرد كە هەوڵیداوە لەرێككەوتنی ژێر بەژێر پۆستێك بكرێت، بەڵام ئەو لایەنەی ئاشكرا نەكرد.

لای خۆیەوە فایەق  شێخ عەلی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: تەنها چوار وەزارەت لە كابینەكەی عادل عبدولمەهدی رزگاریان بووە لە كڕین و فرۆشتن.

گوتیشی: پرسی رێككەوتنی ژێر بەژێری كڕین و فرۆشتنی پۆستەكان هەموو لایەكی گرتۆتەوە شیعە و سوننە و عەرەب و كورد، ئەو بنەمایەش لە ساڵی 2003 وە لە عێراق كاری پێدەكرێت.

هەروەها دەڵێ‌: تەنها چوار وەزارەت كڕین و فرۆشتنیان پێوەنەكراوە لەكابینەكەی عادل عبدولمەهدی ، بەڵكو سەرۆك وەزیران بەخواستی خۆی دیاناون و ئەویش خەڵكانی بەتوانای بۆ دەستنیشان كردوون.