ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:56 - 08/05/2019

سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر پرێس

سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەم هەفتەیەدا دووجار پەیوەندی  تەلەفۆنی  لەنێوانیاندا هەبووە و شەوی رابردووش لەگەڵی كۆبۆتەوە.

نوسینگەی رۆژنامەوانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا كە پێشنیوەرۆی ئەمرۆ بڵاویكردەوە و  رایگەیاندووە، رۆژانی شەممە و دووشەممەی رابردوو پەیوەندی تەلەفۆنی لەنێوانیاندا هەبووە، سەبارەت بەكۆبونەوەكەی شەوی رابردووی نێوانیشیان، نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە عادل عەبدولمەهدی جەختی لەسەرئەوەكردۆتەوە كە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوپەیمانێكی ستراتیژی عێراقە و عێراقیش بەردەوام دەبێت لەسیاسەتی هاوسەنگی كە پردی دۆستایەتی و هاوكاری لەگەڵ هەموو دۆستەكان و دراوسێكان لەناویشیاندا ئێرانی دراوسێ دروست دەكات، هەروەها جەختی لە خواستی عێراق بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتووەكان و تەواوی وڵاتانی دراوسێ و هاورێ جیاوازەكان كردۆتەوە.

بەیاننامەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە كە بەرێز پۆمپیۆ خۆشحاڵی خۆی بەهەوڵەكانی حكومەتی عێراق پیشانداوە بۆ ئەو رۆڵەی دەیگێرێت بۆ سەپاندنی ئاسایش و راكێشانی وەبەرهێنان و شارەزایانی بیانی و لەناویشیاندا پەیوەندی تایبەت لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا، دەستخۆشی لەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران كرد بەپێشكەشكردنی هاوكاری بۆ رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبێل ی ئەمریكی دەربارەی پرۆژەی باشور.