ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:15 - 08/05/2019

خانووه‌كه‌ی ساجده‌ی ژنی سه‌دام بۆته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی عه‌شایه‌ری‌

پەیسەر پرێس

ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرایده‌كات، له‌ناوچه‌ی ڕزوانییه‌ی به‌غدا خانوویه‌كی ژنی سه‌رۆكی له‌ سێداره‌دراوی عێراق سه‌دام حوسێن بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ نێوان دوو عه‌شیره‌تی گه‌وره‌ به‌رپا بێت، چونكه‌ هه‌ریه‌ك له‌وانه‌ ده‌یانه‌وێت بیكڕن.


عالیه‌ نوسه‌یف ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌دا بڵاویكردۆته‌وه‌" مافیاكانی زه‌ویوزار هێشتا له‌ شه‌ڕكردن له‌سه‌ر فراوانبوونی هه‌ژموونی زه‌وی كڕین به‌رده‌وامن تاوه‌كو باشترین پارچه‌ زه‌وی بكڕن. ئه‌و مرۆڤه‌ چاوچنۆكانه‌ له‌ناو حكومه‌تدان و پێشبڕكێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كامیان بیكڕن."


له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت" له‌ دواهه‌مین زانیاریدا كه‌ پێمان گه‌یشتووه‌ كه‌ مافیاكانی زه‌ویوزار چوونه‌ته‌ ناو مه‌زایده‌یه‌كه‌وه‌، له‌سه‌ر زه‌وییه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی ڕزوانییه‌ی شاری به‌غداوه‌، ئه‌و موڵكه‌ خانوویه‌كی گه‌وره‌یه‌ و ده‌گوترێت یه‌كێك بووه‌ له‌ كۆشكه‌كانی ساجیده‌ خه‌یروڵای ژنی سه‌رۆكی پێشووی عێراق سه‌دام حوسێن و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ڕووباری دیجله‌. ئه‌و مزایده‌یه‌ 300 كه‌س خۆیان بۆ ئاماد كردووه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌ دواتر بۆته‌ هۆی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ له‌ نێوان دوو عه‌شیره‌ت."


عالیه‌ نوسه‌یف ده‌شڵێت" پاشان كه‌سێكی یه‌كێك له‌و عه‌شیره‌تانه‌ په‌لاماری ژووری به‌رێوبه‌ری داوه‌ لێیداوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڕێوبه‌ره‌كه‌ كارێكی نه‌كردووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی مزایده‌كه‌ ئه‌و زه‌وییه‌ بفرۆشرێت. ده‌گوترێت كرێی به‌كرێدانی ساڵانه‌ی یه‌ك دۆنمی  ئه‌و زه‌وییه‌ ته‌نیا یه‌ك ملیۆن دیناره‌. له‌ كۆتایدا مزایده‌كه‌ به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌."


له‌و ڕاپۆرته‌دا هاتووه‌ دوای دوو رۆژ له‌ لایه‌ن پارێزگاری به‌غداوه‌ سه‌رۆكی به‌شی زه‌ویوزاری به‌هۆی سه‌رپێچیكردنی یاسا و بازرگانیكردنی به‌ موڵك و خانووبه‌ره‌وه‌، گواستراوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام سه‌رۆكی ئه‌و به‌شه‌ په‌یوه‌ندیكردووه‌ بۆ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ تاوه‌كو بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆسه‌ر كاره‌كه‌ی. ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ش به‌ڵێنی پێداوه‌ له‌ مانگی ڕه‌مه‌زاندا بڕیاری گواستنه‌وه‌كه‌ی هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌. پارێزگاری به‌غدایش سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت یاسا جێبه‌جێبكرێت به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی وڵات.