ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:06 - 11/05/2019

ئامانجی سەردانەكەی عادل عەبدولمەهدی بۆ توركیا‌

پەیسەر پرێس

ناوه‌ڕاستی ئەم مانگە سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی توركیا دەكات و دوو تەوەری سەردانەكەش پەیوەندی بەكوردەوە هەیە.

بڕیارە رۆژی 15ی ئەم مانگە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی توركیا بكات، بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی حكومەتی عێراقەوە دەستی كەوتووە، پرسی ئاڵۆزبوونی پەیوەندیەكانی تاران و واشنتۆن و هێنانی هێز و چەكی پێشكەوتووی ئەمریكی بۆ ناوچەكە تەوەرێكی كۆبونەوەكە دەبێت.

بەپێی زانیارییەكان هەردوولا گفتوگۆ دەربارەی ئەگەر و پێشهاتەكان و هاوكاری و هەمەهەنگی زیاتر دەكەن، تەوەری دووەم تایبەت دەبێت بەمانەوەی سوپای توركیا، بەوپێیەی لەماوەی رابردوودا دوور لەچاوی میدیاكان حكومەتی عێراق بەفەرمی داوای لە توركیا كردووە سوپای وڵاتەكەی لەعێراق بكێشێتەوە.

تەوەری سێیەم پرسی هەناردەی نەوت و غازی هەرێم بۆ توركیا دەبێت، هەروەها كردنەوەی دەروازەیەكی نوێ لەنێوان عێراق و توركیا و پەرەپێدانی پەیوەندی دووقۆڵی و بەشداری پێكردنی كۆمپانیا توركیەكان لەپرۆژەئاوەدانیەكانی عێراق تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە دەبێت.