ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:05 - 16/05/2019

عێراق ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ نێوه‌ندگیری عێراق و ئه‌مریكا ده‌خاته‌ڕوو‌

پەیسەر پرێس

حكومه‌تی عێراق ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی خستۆته‌ به‌رده‌م ئه‌مریكا و ئێران، بۆئه‌وه‌ی نێوه‌ندگیری له‌نێوانیان بكات بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، حكومه‌تی عێراق ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی خستۆته‌ به‌رده‌م ئه‌مریكا و ئێران بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان نێوانیان له‌رێگه‌ی دانوستانه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق له‌ژێر راسپارده‌ی عه‌لی سیستانی، گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان بووه‌.

پێشتر عه‌لی سیستانی، نامه‌یه‌كی بۆ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی عێراق ناردووه‌ و داوای لێكردوون، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌بنه‌ به‌شێك له‌ململانێی ئه‌مریكا و ئێران.

سیستانی له‌نامه‌كه‌یدا بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی رایگه‌یاندووه‌، رێگه‌مه‌ده‌ن خاكی عێراق بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێران به‌كاربهێندرێت و رێگه‌ش مه‌ده‌ن له‌عێراق هێرش بكرێته‌ سه‌ر سوپای ئه‌مریكا و ئه‌وانه‌شی خواستی شه‌ڕیان دژی ئه‌مریكا هه‌یه‌، ده‌توانن عێراق جیبهێڵن و له‌شوێنێكی تره‌وه‌ به‌رگری له‌ ئامانجه‌كانیان بكه‌ن.

ئه‌مریكا له‌ عێراق رێوشوێنى توندى گرتووه‌ته‌به‌ر، هێزه‌كانى له‌ چه‌ند بنكه‌یه‌ك كۆ كردووه‌ته‌وه‌و حكومه‌تى عێراقیشى ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌بێت پاسه‌وانیى بنكه‌كان بكات.