ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:19 - 06/12/2018

هەوڵێك هەیە بۆ بانگهێشتكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پەرلەمان‌

پەیسەر

ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی بەرهە ساڵح بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت ، پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێت، ئەوان لەپشت ئەو هەوڵەوە نین.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەر پرێس لەسەرچاوەیەكی تایبەتە وە دەستی كەوتووە،  هەوڵێك هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆك كۆمار لەسەر  پرسی دامەزراندنی كوڕی ژمارەیەك بەرپرسی یەكێتی وەك راوێژكار لەسەرۆكایەتی كۆمار  و خەرجییەكان لەگەشتەكانی بۆ دەرەوەی وڵات.

 رۆژی 4ی ئەم مانگەش سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند: زۆربەی خەرجیەكانی سەرۆك كۆمار لەدەرەوەی وڵات لەسەر ئەركی وڵاتی خانەخوێ بووە، بەڵام سەرۆكایەتی كۆمار باسی دامەزراندنی كورە بەرپرسەكانی یەكێتی نەكردووە.

هەمان رۆژ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: 13 هەزار دۆسیەی گەندەڵی لەبەردەم دەستەی دەستپاكیدایە، ناشزاندرێت دامەزراندنەكانی سەرۆكایەتی كۆمار و گەشتەكانی بەرهەم ساڵح بۆ دەرەوەی وڵات بەشێكە لەو دۆسیانە یان نا.

لای خۆیەوە نەهرۆ رەواندوزی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە پەیسەر پرێسی راگەیاند: گروپێكی ڤایبەری پەرلەمانتارانی عێراق هەیە، لەو گروپەدا ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران دامەزراندنەكانی سەرۆك كۆمار و خەرجیەكانیان بڵاوكردۆتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو دۆسیەیە نەگەیشتۆتە ئاستی جوڵاندن.
گوتیشی: فراكسیۆنی پارتی نابێتە بەشێك لە بانگهێشتكردنی بەرهەم ساڵح یان سەندنەوەی متمانە لێی.

ئەو پەرلەمانتارەی  پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ، كە بارزانی لەسەردانەكەیدا بۆ بەغداد بەهیچ شێوەیەك داوای سەندنەوەی متمانەی لەبەرهەم ساڵح نەكردووە.