ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:00 - 06/12/2018

موقتەدا سەدر هەڕەشە دەكات‌

پەیسەر

دوای سووربوونی سەرۆكوەزیرانی عێراق لەسەر نەگۆڕینی كاندیدەكان بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكان، موقتەدا هەڕەشەی خۆپیشاندانی ملیۆنی دەكات.

عادل عەبدولمەهدی بڕیاریدا ناوی هیچ كاندیدێكی پۆستە وزارییەكان كە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردبوو نەگۆڕێت، یەكێك لەو كاندیدانە فاڵح فەیاز بۆ وەزیری ناوخۆی كاندیدكراوە.ناوبراو لەلایەن رەوتی سەدرەوە رەتدەكرێـتەوە.

كاندیدبوونی فاڵح فەیاز یەكێكە لەو گرفتانەی بەردەم پێكهێنانی حكومەت و  تا ئێستا لایەنە شیعەكان نەیانتوانیوە لەسەری رێكبكەون، لەسەریشی ململانێیەكی توند لە نێوان موقتەدا سەدر و بەرەی مالیكی و هادی عامریدا بەڕێوەدەچێت.

لەسەرسووربوونی عادل عەبدولمەهدی بۆ كاندیكردنی فاڵح فەیاز، سەدر شەوی رابردوو لە رێگەی پەیوەندی تەلەفونییەوە، سەرۆك وەزیرانی ئاگاداركردوەتەوە، لە ئەگەری دانانی فالح فەیازدا بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ، ئەوا داوا لە لایەنگرانی دەكات بڕژێنەسەر شەقامەكان و خۆپیشاندانی ملیۆن رێكبخەن.

بەهۆی ئەو ململانێ توندەی نێوان لایەنە شیعەكان  و ململانێی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی وەزارەتی داد تائێستا ئەنجومەنی نوێنەران نەیتوانیوە، كاندیدەكان پەسەند بكات.

پێشتریش سەرۆكوەزیرانی عێراق هۆشیداربوو لە ئەگەری زوو پەسەند نەكردنی كابینەكەی، ئەوا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2019 لە وادەی خۆیدا پەسەند ناكرێت و ئەوەش دەبێتە گرفتێكی گەورە لەبەردەم كارەكانی حكومەتی عێراق.