ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:08 - 22/07/2019

چاویشئۆغڵۆ: ئەمریکا ئێف ٣٥ ڕەوانە نەکات، پێویستییەکانمان لە وڵاتێکی تر بەدەستدەهێنین‌

پەیسەر

مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا و پرسی سیستمی بەرگری دژە موشەکیی ئێس ٤٠٠ و پشتگیرییەکانی ئەمریکا بۆ یەپەگە کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا دژایەتیان بکات، هەڵوێستیان دەبێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "تورکیا سیستمی (ئێس ٤٠٠)ی کڕیوە و ساڵی داهاتوو بە تەواوی کارا دەکرێت. ئەم سیستمە بۆ پاراستنی ئاشتی ناوچەکەیە و (ئێس ٤٠٠) لە سیستمی بەرگری دژە موشەکیی پاتریۆتی ئەمریکی زۆر باشترە. ئێمە داوامان لە هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ کرد سیستمێکی باشمان پێبفرۆشن، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون، ئێمەش بە پێویستمان زانی سیستمی (ئێس ٤٠٠) بکڕین.
چاوشئۆغڵۆ ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا ناردنی فڕۆکەی (ئێف٣٥) بۆ تورکیا ڕاگیراوە. لە سەر ئەو بابەتە گفتوگۆکان لە نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامە. ترەمپ کەسێکە بەڵێنەکانی دەباتە سەر، بەڵام لە ئەمریکا ڕای جیاواز هەیە و تورکیاش چاودێری دۆخەکە دەکات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، واشنتۆن لەلایەک چەک و تەقەمەنی بۆ یەپەگە دەنێرێت و بەرامبەر ڕێکخستنی گیولەنییەکان بێدەنگە. لەلایەکی دیکەشەوە فڕۆکەخانەی ئینجیرلیک لە خزمەتی ئەمریکادایە و هەندێک بەرژەوەندی و بابەتی دیکەی ئەمریکا لە تورکیا هەن. ئەگەر هەنگاوە نەرێنییەکانی ئەمریکا بەرامبەر تورکیا بەردەوام بن، ئەنقەرەش هەنگاوی پێویست دەنێت.
لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ناتۆ چاویشئۆغڵۆ گوتی: "تورکیا لە ناتۆ دەرناکرێت. پەیوەندییەکانمان بەردەوام دەبن، تورکیا لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان بەردەوام دەبێت، بەڵام بەرژەوەندییەکانمان لەکوێ بن، ئێمە لەوێ دەبین".