ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:38 - 31/07/2019

بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى كه‌وته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌‌

پەیسەر پرێس

بڕیاره‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌چه‌كداره‌كانی عێراق، ده‌رباره‌ی حه‌شدی شه‌عبی چووه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی رۆژی یەکی ته‌مووز، عادل عه‌بدولمه‌هدی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌چه‌كداره‌كانی عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كی ١٠خاڵیدا بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و داخستنی باره‌گاكانیان و تێكه‌ڵكردنیان له‌گه‌ڵ سوپای عێراق ده‌ركرد، به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌ر شه‌وی رابردوو، بڕیاره‌كه‌ چووەته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، زۆرینه‌ی باره‌گاكانی حه‌شدی شه‌عبی راده‌ستی سوپا كراون و ئاڵای حه‌شدی شه‌عبی هێندراوه‌ته‌ خواره‌وه‌ ئاڵای عێراق به‌رزكراوه‌ته‌وه‌، بڕیاریشه‌ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له‌ته‌واوی ناوچه‌كانی عێراق بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێبكرێت.

بڕیاره‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، له‌سه‌ر داوای ئه‌مریكا بووه‌ بۆئه‌وه‌ی هه‌موو هێزه‌كانی عێراق له‌ژێر فه‌رمانده‌ی سه‌رۆك وه‌زیراندا بێت، و كۆتایی به‌هه‌ژموونی ئێران به‌سه‌ر هێزی حه‌شدی شه‌عبی بهێندرێت.

بڕیاره‌كه‌ی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان، پشتیوانی ره‌وتی سه‌در و چه‌ند كوتله‌یه‌كى دیكه‌ و دژایه‌تی چه‌ند لایه‌نێكیش، له‌وانه‌ش حزبوڵای عێراق و بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با و عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌قی لێكه‌وته‌وه‌.