ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:11 - 06/08/2019

حەشدی شەعبی چەكە قورسەكان رادەستی سوپا ناكاتەوە‌

پەیسەر

حەشدی شەعبی چەكە قورسەكان رادەستی سوپای عێراق ناكاتەوە و حەشاری داون، ئەو چەكانەشی لە ساتەوەختی شەڕی دژی رێكخراوی تیرۆرستی داعش وەریان گرتووە.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، چەكدارانی حەشدی شەعبی ئەو چەكە قورسانەیان رادەستی سوپای عێراق نەكردۆتەوە كە پێشتر بۆ شەڕی دژی رێكخراوی تیرۆرستی داعش وەریان گرتووە و تەنانەت لەچەند شوێنێك حەشدی شەعبی بارەگاكانی بە بەتاڵی رادەستی سوپا كردۆتەوە.

بەپێی زانیارییەكان، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هۆشداری داوەتە سەركردەكانی حەشدی شەعبی و داوای لێكردوون چەكەكانیان رادەست بكەنەوە بەپێچەوانەوە بەرپرسیار دەبن، هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆشی راسپاردووە رێگری لە لەحەشاردانی چەكی حەشدی شەعبی بكەن و بارەگاكانیشیان پێ چۆڵ بكەن و رادەستی سوپایان بكەن.
رۆژی 4ی تەموزی ئەم ساڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بڕیارێكی دیوانی 10 خاڵیدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و تێكەڵكردنیان بە هێزەچەكدارەكانی عێراقی دەركرد.