ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:52 - 20/08/2019

عه‌بدولمه‌هدی بۆ دیاريكردنی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ په‌نا بۆ په‌رله‌مان ده‌بات‌

پەیسەر پرێس

دوای ئه‌وه‌ی سێ كاندیدی وه‌زیری په‌روه‌رده‌، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه‌وه‌ ره‌تكرانه‌وه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ دیاریكردنی كاندید په‌نا بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌بات.

به‌پێ زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، داوای له‌ لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كردووه‌، كاندیدێك بۆ پۆستی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران شكستی هێنا له‌دیاریكردنی كاندیدێك بۆ ئه‌و پۆسته‌.

عادل عه‌بدولمه‌هدى مه‌رجى ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌، ئه‌و كاندیده‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران دیاریده‌كه‌ن، سوننه‌ى خه‌ڵكی موسڵ بێت و ئافره‌ت بێت، له‌ماوه‌ی ١٥ رۆژدا یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.

رۆژی ٢٤-١٢-٢٠١٨ په‌رله‌مانی عێراق، متمانه‌ی به‌ شه‌یما حیالی به‌خشی بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ وه‌زیری په‌روه‌رده‌، به‌ڵام دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی براكه‌ی له‌ناو داعش، رۆژی ٣٠-١٢-٢٠١٨ ئه‌و وه‌زیره‌ ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌.

رۆژی ٢٤-٦-٢٠١٩ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ره‌تیكرده‌وه‌ متمانه‌ بدات به‌ سه‌فانه‌ حوسێن حەمدانی بۆ وه‌زیری په‌روه‌رده‌، كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ ناوه‌كه‌ی ره‌وانه‌كرابوو.

رۆژی ٢٧-٦-٢٠١٩ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ره‌تیكرده‌وه‌ متمانه‌ به‌ زاهده‌ عه‌بدوڵا محه‌مه‌د بدات، بۆ وه‌زیری په‌روه‌رده‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ ناوه‌كه‌ی نێردرابوو.