ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:13 - 21/08/2019

ئێران هێز له‌سنووره‌كانی كۆده‌كاته‌وه‌‌

پەیسەر پرێس

كۆماری ئیسلامی ئێران هێزێكی سه‌ربازی زۆری له‌سنووره‌كانی كۆكردووه‌ته‌وه‌، له‌دواى راگه‌یاندنى رێككه‌وتنى ئه‌مریكا و توركیا، بۆ درووستكردنى ناوچه‌ى ئارام له‌ رۆژئاواى كوردستان.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، ئێران دژی رێككه‌وتنی توركیا و ئه‌مریكایه‌ بۆ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌سوریا و پێی وایه‌، له‌لایه‌ك ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌بێ ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی سوریا نایاساییه‌ و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ترسی له‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ بكرێته‌ شوێنی كۆكردنه‌وه‌ی چه‌كداره‌ ئیسلامیه‌ توندڕه‌وه‌كان، دواتر پاڵپشتییان بكرێت بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر خاكی ئێران، بۆیه‌ هێزێكی سه‌ربازی زۆری له‌سنووره‌كان كۆكردووه‌ته‌وه‌ و چاودێری دۆخه‌كه‌ ده‌كات.

توركیا به‌ ئامانجى دژایه‌تی په‌كه‌كه‌ و عێراقیش به‌ ئامانجى دژایه‌تی داعش، پشتیوانی پرۆژه‌كه‌یان كردووه‌، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كان تاران هۆشداری داوه‌ته‌ به‌غداد كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ پلانی ئیسرائیله‌ و بۆ دژایه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌بێت.

چه‌ند رۆژى  رابردوو، دوای چه‌ندین دانوستان و گفتوگۆ توركیا و ئه‌مریكا له‌سه‌ر دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام رێككه‌وتن، له‌ناو خاكی رۆژئاوای كوردستانه‌ به‌ڵام هێشتا ناكۆكی له‌سه‌ر قوڵایی ئه‌و ناوچه‌ ئارامه‌ هه‌یه‌ بڕیاریشه‌ هێزی هاوبه‌شی ئه‌مریكا وتوركیا به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ڕێوه‌به‌رن.