ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:31 - 23/09/2019

پارتە عەرەبیەكانی ئیسرائیل پشتیوانی گانتس دەكەن‌

پەیسەر

ئەندامە عەرەبەكانی كنێستی ئیسرائیلی پشتیوانی خۆیان بۆ بینی گانتس دەربڕی بۆ ئەوەی رێگری لەنەتەنیاهۆ بكەن بۆجارێكی تر پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێتەوە.

 كەناڵی بی بی سی بەریتانی بڵاویكردەوە ئەندامە عەرەبەكانی كنێستی ئیسرائیلی پشتیوانی خۆیان بۆ بینی گانتس سەرۆك ئەركانی پێشووی سوپا دەربڕیووە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، ئەوەش دوای ئەوەی لەهەڵبژاردنی گشتیدا پارتی یەكود بەسەرۆكایەتی نەتەنیاهۆ و هاوپەیمانی شین و سپی بەسەرۆكایەتی گانتس ئەنجامی دەنگەكانیان لەیەكەوە نزیك بوو و هیچیان نەیانتوانی زۆرینەی كورسیەكانی كنێست بەدەست بهێنن و هەردووكیان هەوڵ دەدەن هاوپەیمانیەتی دروست بكەن.


 پشتیوانی پارتە عەرەبیەكانی ئیسرائیل یەكەم هەنگاوی لەوشێوەیەیە لەساڵی 1992 وە لەو كاتە بەدواوە عەرەبەكانی ئیسرائیل پشتیوانی هیچ سەرۆك وەزیرانێكیان نەكردووە. لای خۆیەوە سەرۆكی ئیسرائیل داوایكرد حكومەتێك پێكبهێندرێت كە هاوپەیمانیەتی شین و سپی و پارتی یەكود لەخۆ بگرێت.


 مانگی نیسانی رابردوو هەڵبژاردنی گشتی لەئیسرائیل بەرێوەچوو بەڵام هیچ كام لەپارتەكان نەیانتوانی زۆرینە بەدەست بهێنن و گفتوگۆكانی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتیش شكستی هێنا بەهۆیەوە هەڵبژاردنی پێش وەختە بەرێوەچوو.


 لای خۆیەوە ئەیمەن عەودە سەرۆكی لیستی هاوبەشی عەرەبەكان كە توانی 13 كورسی بەدەستبهێنێت لەكۆی 120 كورسی كنێست رایگەیاند كاری لەپێشینەی هاوپەیمانیەتیەكەیان دۆزینەوەی چارەسەرێكە بۆ ئەوەی نەتەنیاهۆ خولێكی تری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەدەست نەهێنێتەوە.