ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:24 - 05/10/2019

قه‌یرانی خۆراك له‌ به‌غدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌‌

پەیسەر پرێس

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری عێراق بەبڕیاری قەدەغەكردنی هاتووچۆ خەڵكی زیاتر تووڕە كرد، ئەوەش دوای بەرێوەچوونی چەند خۆپیشاندانێك لەبەغدای پایتەخت‌و شارو شارۆچكەكانی تری عێراق.

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكان، بەهۆی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ، قەیرانی دەستكەوتنی ماددە خۆراكییەكان لەگەرەكەكانی بەغدای پایتەخت سەریهەڵداوە، ئەوەش خەڵكی زیاتر تووڕە كردووە.

هەر بەپێی سەرچاوەكان بەهۆی ئەو بڕیارەوە جگە لەبەرزبوونەوەی نرخی ماددە خۆراكییەكان، خەڵكیش لەترسی زیاتر ئاڵۆزبوونی رەوشەكە پەنایان بردووەتە بەر هەڵگرتنی ئەو ماددە خۆراكییانە، ژمارەیەكی زۆریش ئۆتۆمبیل لەویستگەكانی سووتەمەنی وەستاون‌و بۆ وەرگرتنی بەنزین‌و گازو بوتڵی غازی ماڵانیش نرخەكەی  بەشێوەیەكی چاوەرواننەكراو بەرزبوونەتەوە.

ئێستا دۆخی شارو شارۆچكەكانی عێراق بەشێوەیەك خراپ بووە، چاودێران هۆشداری دەدەن لەزیادبوونی توورەیی خەڵك لەبڕیارەكانی حكومەت و خراپتربوونی زیاتری دۆخەكە تەقینەوەی توڕەیی خەڵكی.

هەفتەی رابردوو عادل عەبدولمەهدی قەدەغەی هاتووچۆی لە بەغدا راگەیاند، بەڵام دوای زیادبوونی تووڕەیی بڕیاریدا لەسەعات پێنجی ئەمڕۆ شەممە قەدەغەكردنەكە هەڵبگیرێت.

بەگوێرەی راگەیەنراوێكی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان فەرمانی كردووە لەسەعات پێنجی رۆژی شەممەوە قەدەغەی هاتووچۆ هەڵبگیرێت، بۆ ئەوەی خەڵكی بتوانن پێداویستی رۆژانەیان دەست بخەن.

لەرۆژی سێ‌ شەممەی رابردووەوە خۆپیشاندانەكانی عێراق چڕبووەتەوەو سەرچاوە نافەرمییەكان باس لەوە دەكەن، بەهۆی گرژی خۆپیشاندانەكانەوە ٦٥ كەس كوژراون‌و هەزاران كەسیش برینداربوون.

هاوكات فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەكانە لەبەغدا لەدوا راگەیەنراودا جەختیكردەوە، كە ئێستا دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە و باسی لەوەش كرد، فەرمانیان نییە بۆ بەكارهێنانی چەك لەدژی خۆپیشاندەران.

گرژیی‌و بەردەوامی خۆپیشاندانەكان بەشێوەیەك بوو، زۆرینەی سەركردە سیاسییەكانی عێراق بەیاننامەیان دەركردو لەو چوارچێوەیە رۆژی هەینی موقتەدا سەدری ڕێبەری رەوتی سەدر داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی عێراقی كرد و رایگەیاند، دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت.

هاوكات رێكخراوی یەكگرتووەكان داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق كرد بەشێوەیەكی خێرا و شەفاف لێكۆڵینەوە لەكوژرانی ژمارەیەك خۆپیشاندەر بكات، كە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكان بوونەتە قوربانی.