ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:29 - 20/10/2019

هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا چیان لێدێت؟‌

پەیسەر

وەزیر بەرگری ئەمریكا رایگەیاند تەواوی هێزەكانیان كە لە خاكی سوریادا جێگری كراون دەگوازنەوە بۆ عێراق.

بەرەبەیانی ئەمرۆ بەكاتی واشنتن مارك ئێسپەر وەزیری بەرگری ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند تەواوی هێزەكانیان لە سوریا دەكشێننەوە و لە عێراق جێگیریان دەكەن.
ئێسپەر لەوەڵامی رۆژنامەنوساندا رایگەیاند: ئەوان تەواوی هێزەكانیان لە سوریا و هەروەها لە عێراق كۆدەكەنەوە و دەیانگوازنەوە بۆ خواروی عێراق

وتیشی ئەو هێزانەی ئەمریكا كە رەوانەی خواروی عێراق دەكرێن رێكدەخرێنەوە و بەردەوام دەبن لە رووبەرووبونەوەی داعش  و هەموو ئەو هێزانەی كە لەناوچەكەدا كاری تیرۆرستی ئەنجام دەدەن

وەزیری بەرگری ئەمریكا وتیشی هێزەكانیان لە عێراق پاڵپشتی هەواڵگری و پاڵپشتی سەربازی و راهێنان بە هێزەكانی سوپای عێراق دەكەن و پشتیوانیان دەبن لە رووبەرووبونەوەی داعش و گروپە تیرۆریستیەكان
ئەو دەڵێ هێزەكانیان نزیكەی هەزار سەربازدەبن لەگەڵ هەموو پێداویستییە سەربازیەكاندا لەماوەی هەفتەیەكدا دەگوازرێنەوە بۆ خاكی عێراق.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو كە تەواوی هێزەكانیان لە باكوری سوریا و تەواوی سوریا بۆ عێراق دەكشێننەوە ناتوانن چیتر لە خاكی سوریا بمێننەوە

ئەو لێدوانەی ترەمپ نیگەرانی و كاردانەوەی ناوخۆی و دەرەكی ئەمریكای لێكەوتەوە و بەشێك لە سیناتۆر و بەرپرسەكانی ئەمریكاش بە كارێكی زۆر هەڵەیان دەزانی