ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:59 - 17/11/2019

ئەمڕۆ جیهان لە ئێرانییە ناڕازییەکان بێ خەبەر بوو‌

پەیسەر

دوێنێ دەنگی ناڕازی خەڵکی ئێران دەبیسترا.. ئەمڕۆ تەنیا دەنگی دەسەڵاتدارانی.
رۆژی یەکشەممە جیهان چاوەڕوانی رووداوەکانی دووەم رۆژی خۆپیشاندانەکانی ئێرانی دەکرد کە ئاخۆ بە کوێ گەیشتووە؟ بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران هەرزوو ئەو رێگایەیان بڕی کە رووداوەکانی ناوخۆی وڵاتی بە هەموو دنیا دەگەیاند ئەویش هێڵی ئینتەرنێتە.
هەرچەندە باس لەوە دەکرێ کە رۆژی یەکشەممە لە شارە گەورەکانی کرماشان، تەورێز و شیراز خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەردەوام بووە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەک نییە وردەکاری رووداوەکانی ئەو شارانە پشتڕاست بکاتەوە.

ئینتەرنێت ببڕن و رەحم بە کەس مەکەن

سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە، وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی ئێران رایگەیاند: بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، هێڵی ئینتەرنێت لە سەرتاسەری ئێران تا کاتێکی نادیار دەبڕدرێ. هاوکات لەگەڵ ئەو ئیجرائاتە، لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئێران، بەشێوەیەکی چڕ هێزە ئەمنی و سەربازیی و ئیستخباراتییەکان بڵاوکراونەتەوەو رێگە بە هیچ گردبوونەوەیەک نادەن.

وەزیری ناوخۆی ئێران عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی، لەلێدوانێکدا هەڕەشەی لە خۆپیشاندەران کردو رایگەیاند: "با چیتر لەسەر شەقامەکاندا نەمێننەوە، ئەگینا هێزە ئەمنییەکان رەحم بە هیچ ئاژاوەچییەک ناکەن و بە توندی بەرپەرچیان دەدەنەوە".
بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەو بارودۆخەی لە تەواوی ئێران هاتووەتە ئاراوە، هەریەکە لە پەرلەمان و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، کۆبوونەوەی بەپەلە و نهێنییان کردووە. بەڵام کەمترین زانیاری لەسەر ناوەڕۆکی قسەو بڕیارەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بڵاو نەکراوەتەوە.

رۆژهەڵاتی کوردستان تەنراوە

لە یەکەم رۆژی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، زۆرترین کوژراو و بریندار لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە کە بەگوێرەی سەرچاوە ناڕەسمییەکان نزیکەی ٤١ کەس کوژراون و ٥٠ کەسیش برینداربوون.
بەگوێرەی هەندێ سەرچاوە لەناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی یەکشەممە هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی زۆر چڕ بەناوشار و بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاوکراونەتەوەو رێگە بە کۆبوونەوەی هیچ کەس و گروپێک نادەن.
هەروەها باس لە دەستگیرکردنی دەیان کەس دەکرێ لەلایەن ئیتڵاعات و دەزگا ئەمنییەکانەوە، بەڵام تائێستا ئاماری ورد و سەلمێنراو لەمبارەیەوە لە بەردەستدا نییە.