ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:40 - 20/12/2018

پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و دەنگ بەهیچ وەزیرێك نادرێت‌

پەیسەر

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبێتەوە سێ وەزیر لە كۆبونەوەی پێشوو متمانەی پەرلەمانیان بەدەست هێنا سوێند دەخۆن و دەنگیش بەهیچ وەزیرێكی نوێ نادرێت.

بریارە كاتژمێر یەكی پاش نیوەرۆی ئەمرۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆببێتەوە و لەكارنامەی كۆبونەوەكەشدا هاتووە وەزیرانی خوێندنی باڵا و رۆشنبیری و پلاندانان كە لەكۆبونەوەی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران متمانەیان پێدرا سوێندی یاسای دەخۆن، بەپێی زانیارییەكانیش لە كۆبونەوەكەدا دەنگ بەهیچ وەزیرێكی نوێش نادرێت.

سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی نوێنەران بە پەیسەرپرێسی راگەیاند: درەنگانی شەوی رابردوو كاندیدێكی نوێ بۆ پۆستی وەزیری پەروەردە لەلایەن هاوپەیمانیەتی وەتەنیەوە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بۆ ئەوەی ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت، كە لە كۆبونەوەی پێشوو لەلایەن پەرلەمانتارانەوە رەتكرایەوە، و هیچ كاندیدێكیش بۆ پۆستی وەزیری كۆچ رەوانە نەكراوە كە لەكۆبونەوەی پێشوو رەتكرایەوە.

تائێستاش عادل عەبدولمەهدی ئامادەنیە كاندیدی پۆستی وەزارەتەكانی داد و بەرگری و ناوخۆ بگۆڕێت كە ناكۆكیان لەسەرە، لەبارەی هۆكاری نەگۆڕینی ناوی وەزیرەكان بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەر كەوتوە، سەرۆك وەزیران نایەوێت ناوی هیچ كاندیدێك بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكان بێ‌ هۆ بگۆڕێت و دەیەوێت ئەو كاندیدانەی كە ئەو دیاریكردووە بچێتە ناو كارنامەی حكومەتەوە لە ئەگەری نەهێنانی دەنگی پێویست و نەبوونی متمانەی پەرلەمانتار ئەوجا ناوی كاندیدێكی دیكە بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكە رەوانەی پەرلەمان دەكاتەوە.